ئۆزگور ئۆزەل: ڕوون و ڕاشکاوبن، وەرنە پەرلەمان

سەرۆکی گشتیی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل ڕایگەیاند لە پرسی کورددا پرۆسەیەکی "بێ‌ناو" هەیە، گوتی: "ڕوون و ڕاشکاوبن. وەرنە پەرلەمان، پرسەکە بهێننە پەرلەمان، پەرلەمان بخەنەکار".

 

سەرۆکی گشتیی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل لە پەرلەمان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی، دەربارەی بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ قسەی کرد.

ئۆزەل لەبارەی پرسی کورد و پرۆسەکەوە گوتی: "لە پرسی کورددا پرۆسەیەکی نوێ هەیە. دەترسن ناوێکی بۆ دابنێن... پڕۆسەیەک ئەنجام دەدەن کە ئەوەی دەیانەوێت بیکەن دەیشارنەوە. پێمان دەڵێن؛ 'شتێک ڕوودەدات، پشتگیری لێبکەن.' ئێمە دەڵێین؛ 'ڕوون و ڕاشکاوبن. وەرنە پەرلەمان، بیهێننە پەرلەمان، پەرلەمان بخەنەکار. با نوێنەرانی گەل ڕۆڵ بگێڕن'. ڕاگەیەندرا کە کۆبوونەوەیەک لە نێوان وەزارەتی داد و دەم پارتی بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوە یاساییەکان ئەنجام دەدرێت. بێگومان نابێت تەنها لەسەر شانی شاندەکە و وەزارەتەکان بێت. بەڵام ئەگەر ئەم کۆبوونەوەیە زەمینەیەک بۆ پەرلەمان بڕەخسێنێت، با ئەنجام بدرێت. کاتێک دەڵێین هەمواری یاسایی، پەرلەمان، یاسا'، پێمان دەڵێن 'بۆچی ناڵێن تورکیایەکی بێ تیرۆر'؟. کاتێک دەڵێین پرسی کورد بە ڕێگەیەکی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت. پێمان دەڵێن 'پرسی کورد نییە، تەنها پرسی تیرۆر هەیە'. ئەو کەسانەی وەها دەڵێن، پاش ئەوەی ناچاربوون، ئێستە هێدی هێدی باسی هەمواری یاسایی و گۆڕینی یاساکان دەکەن".

ئۆزەل ڕایگەیاند، جددین لەسەر هەڵوێستەکانیان بۆ وەستاندنی فرمێسکی دایکانی کورد و تورک و نەهێشتنی خوێنڕێژی.