حکومەتی دانیمارک بەشێوەیەکی ئاشکرا پشتگیری لە پرۆسەکە دەکات

فەی_کورد هەڵوێستی دەربارەی هەڵوێستی حکومەتی دانیمارک بەرامبەر بانگەوازی مێژوویی ڕێبەر ئاپۆ و دوایین پێشهاتەکانەوە پرسیاری کرد و بەم جۆرە وەڵامدرایەوە: "دانیمارک و یەکێتیی ئەوروپا بە ئاشکرا پشتگیری لە پرۆسەکە دەکات".

بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ

وتەبێژی فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی کوردی دانیمارک (فەی_کورد) شۆڕش بیلیجان، نامەیەکی کراوەی بۆ سەرۆک وەزیرانی دانیمارک میتە فریدریکسن و وەزیری دەرەوە لارس لوکە ڕاسموسن نارد. شۆڕش بیلیجان لە نامەکەدا پرسیاری کردووە دەربارەی هەڵوێستی فەرمی حکومەت دەربارەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ.

لە نامەکەدا تیشکخراوەتە سەر بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و ڕەخساندنی بناغەی دیموکراتیک و سیاسی لەلایەن تورکیاوە، هەروەها ئاماژەکراوە بە پەکەکە پاش ١ ی ئادار ئاگربەستی ڕاگەیاند، بەمەش هیوای کۆتایی‌هاتنی شەڕی ٤٠ ساڵە کە دەیان هەزار مرۆڤ تێیدا گیانیان لەدەستدا، دەرکەوت.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، هەرچەند کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هەڵوێستێکی ئەرێنی بەرامبەر ئەم پێشهاتانە نیشان داوە، بەڵام حکومەتی دانیمارک تا ئێستە بەئاشکرا وەڵامی ئەم پێشهاتانەی نەداوەتەوە، لەکاتێکدا دانیمارک هەردەم پشتگیری کردووە لە پرۆسەکانی ئاشتی و دیموکراسی، وە ئەم دوو پرسیارە لە حکومەت کراوە:

١- حکومەتی دانیمارک بۆ ناساندن و پشتگیری لەم پرۆسەی ئاشتییە لە تورکیا، چ هەنگاوێک دەنێت؟

٢- بۆ ئەوەی ماف و ئاسایشی کوردان ببێتە بەشیکی سەرەکی لە پێشکەوتنی دیموکراسی لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چ دەکرێت؟ دیدگای دانیمارک لەم ڕووەوە، چیە؟

هەروەها داوا لە دانیمارک کراوە، ئەم پرۆسەیە قبووڵ بکات و بۆ پشتگیری لە پێشکەوتنی ئاشتی و دیموکراسی لە تورکیا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاوبنێت.

سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە وەڵامێکی هاوبەشیان دایەوە

وەزارەتی دەرەوەی دانیمارک لەسەر ناوی سەرۆک وەزیر و وەزارەتی دەرەوە وەڵامی نامەکەی داوەتەوە و دەڵێت: "وەزارەتی دەرەوەی دانیمارک لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی تورکیا دەکات، بەشێوەیەکی ئەرێنی پێشوازی دەکات لە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک. تورکیا دەبێت ئەرکە نێونەتەوەییەکانی وەک بەجێهێنانی مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا جێبەجێ بکات، لەوانەش پەیوەست بە مامەڵەکردنی بەرامبەر گەلی کورد.

چاوەڕێ دەکرێت هەردوولا بەباشی دەرفەتە هەڵبسەنگێنن و هەنگاوی گونجاو بنێن بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی و دیموکراتیک. دانیمارک و یەکێتی ئەوروپا بە ئاشکرا پشتگیری لە پرۆسەکە دەکەن".