لە شاری بۆلۆنیای ئیتاڵیا لە ٢٧ ی ئادار بڕیاردرا بە بەخشینی ڕەگەزنامەی فەخری بە ڕێبەر ئاپۆ، ڕەگەزنامە فەخرییەکە بە بە مەراسیمێکی تایبەت ڕادەستی برازاکەی و پەرلەمانتاری دەم پارتی عومەر ئۆجالان کرا.
مەراسیمەکە لە کۆشکی ئاکورسیۆی هەرێمی ئیمیلیا_ڕۆمانیای بۆلۆنیای پایتەخت بەڕێوەچوو. جێگری سەرۆکی شارەوانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانی بۆلۆنیا و چەندین بەرپرسی ئیتاڵی و ڕێکخراوە کوردییەکان بەشداری مەراسیمەکە بوون.
ڕاگەیاندنی ئیتاڵی ڕووماڵێکی بەهێزی مەراسیمەکەی کرد. عومەر ئۆجالان پێش مەراسیمەکە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
بە ناوی ئەنجوومەنی شارەکەوە، ماریا کاترینا مانسا قسەی کرد و کورتەیەکی لە ژیانی ڕێبەر ئاپۆ باسکرد، ئاماژەی بەوە کرد، ڕێبەری ملیۆنان کەس لە گۆشەگیریدایە و ڕاوەستەی کرد لەسەر وردبوونەوە فەلسەفی و سیاسییەکان و تێکۆشانی ٢٥ ساڵەی ڕێبەر ئاپۆ لە گۆشەگیریدا.
'بەخشینی ڕەگەزنامەی فەخری، خاوەندارییە لە بانگەوازەکە'
مانسا ڕایگەیاند بەخشینی ڕەگەزنامەی فەخری بە ڕێبەر ئاپۆ سیمبولیک نییە، بەڵکو خاوەندارییە لە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ. گوتی: "ئاشتی تەنها گرێدراوی شەڕ نییە، بەڵکو گرێدراوی دادپەروەری و ئازادیی هەمووانیشە".
"عەبدوڵا ئۆجالان هەموو کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر دەکات"
جێگری سەرۆکی شارەوانی بۆلۆنیا، ئیمیلی کلانسی ڕایگەیاند سیستەمی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر بناغەی دیموکراسی و ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنان دامەزراوە و ئیلهامبەخشە بۆ هەمووان. جەختی کردەوە، ڕێبەر ئاپۆ بە فەلسەفەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، نەوەک هەر لە کوردستان، لە هەموو جیهان کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر دەکات.
لە درێژەدا گوتی: "فیکری عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان، هیوای ئایندەیە".
لەکۆتایی قسەکانی سوپاسی شارەوانی شارەکەی کرد و ڕایگەیاند خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ واتای وەستاندنی ستەمە.
'داوای پشتگیری بۆ ئاشتی دەکەین'
پاشان عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند دەبێت ئیتاڵیا پشتگیری لە مافەکانی مرۆڤ و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد لە تورکیا بکات، دەبێت ئیتاڵیا و ئەوروپا پشتگیری لە تێکۆشانی گەلی کورد بکەن، گوتی: "بۆیە پێویستمان بە ئاشتییە، بۆیە داوا لە ئیتاڵیا و کۆمەڵگەی ئەوروپا دەکەین، پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی بکەن".
پاشان "ڕەگەزنامەی فەخری" بۆ ڕێبەر ئاپۆ ڕادەستی عومەر ئۆجالان کرا.
چی بوو؟
لەسەر پێشنیاری جێگری سەرۆکی شارەوانی بۆلۆنیا ئیمیلی کلانسی و سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانی مەدەنی دیتیۆن بیگاج، ئەنجوومەنی شاری بۆلۆنیا لە ٢٧ ی ئادار بڕیاریدا "ڕەگەزنامەی فەخری" ببەخشێتە ڕێبەر ئاپۆ.
زیاتر لە ٢٠ شار ڕەگەزنامەیان بەخشی بە ڕێبەر ئاپۆ
تا ئێستە لە ئیتاڵیا زیاتر لە ٢٠ شارەوانی ڕەگەزنامەی فەخرییان بەخشیووە بە ڕێبەر ئاپۆ. ئەنجوومەنی شارەوانی گۆسێنزا بە "خەڵاتی ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ" کە ٤ی نیسانی ٢٠٠٤ بەخشی بە ڕێبەر ئاپۆ، دەرگای ئەم خەڵاتانەی کردەوە. شارەکانی وەک پالێرمۆ و ناپۆلی و پالاگونیا و ڕیجیۆ ئیمیلیا و ڕیاجی و مارتانۆ و پینیرۆلۆ و کاستێل دێ گویدیس و کاستێل بۆتاچیو و بیرجیتۆ و چینکوفروندی و فۆسالتۆ، مافی ڕەگەزنامەیان بەخشی بە ڕێبەر ئاپۆ.