کۆردیناتۆر و ڕێکخەری سامەر (SAMER)، یوکسەل گەنچ پەیوەست بە پرۆسەکە ئاماژەی بەوەدا سەرچاوەی هەموو گومانەکانی گەل بەرەنجامی هەڵوێستەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتدارییە و گوتی: "لەو باوەڕەدام گەر دەوڵەت بەشێوەیەکی بەرپرسیارێتیانە بجوڵێتەوە، ئەوا پرۆسەکە بەشێوەیەکی بەهێز پێشدەکەوێت."
ناوەندی بەدواداچوونی مەیدانی سیاسی- کۆمەڵایەتی (SAMER) لە نێوان ٢٢ و ٢٦ی ئاداری ٢٠٢٥دا لە ١٦شاری باکووری کوردستان پەیوەست بەو پرۆسەیەیی لە دوای بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەسیپێکردووە لێکۆڵینەوەی بەفراوانی مەیدانی کردووە. لەوبارەیەوە کۆردیناتۆری سامەر، یوکسەل گەنچ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و گوتی: "هەڵبەتە بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان ئاسوودەی و هیوایی لە نێو کۆمەڵگەدا درووستکردووە، زۆربەی لایەنەکانیش بە ئەرێنییەوە پێشوازی لە پرۆسەکە دەکەن."
'گومان و نیگەرانی کۆمەڵگە لە ئارادان'
یوکسەل گەنچ ئاماژەی بەوەدا تەنها خواست و بانگەوازی بەس نییە بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە و جەختیکردەوە لەوەی پێویستە دەسەڵات هەنگاوی ڕوونی کۆنکرێتی بنێت، گەنچ دەسنیشانی کرد هەنگاونەنانی دەسەڵاتداری بووە بەهۆکاری ئەوەی لە نێو کۆمەڵگەدا گومان و نیگەرانی بێتەئاراوە و گوتی: "لە لێکۆڵینەوەکانماندا ٦٠٪ی خەڵکی بە ئەرێنییەوە لە بانگەوازییەکەی بەڕێز ئۆجالان دەڕوانن، بەڵام بەشێکی زۆریش بە گومانن لە پرۆسەکە و گومانەکانیش بەرمەبنای هەنگاونەنانی دەسەڵاتدارییە. گەل بە هیوایە، بەڵام گومان و نیگەرانیشیان هەیە."
لێبووردنی گشتی، زمانی ئاشتیانە و مافی هیوا
یوکسەل گەنچ ئاشکرای کرد کۆمەڵگە هەندێک خواستی بنەڕەی هەیە کە مافی هیوا سەرەکیترینیانە و گوتی: "دەرکردنی لێبووردنی گشتی، بەکارهێنانی زمانی ئاشتیانەی داهێنەرانە، هەڵبەتە مافی هیوایش خواستی کۆمەڵگەیە و بەڕێز ئۆجالانیش ڕاستەوخۆ لە نێو ئەم پرۆسەیەدا جێگەدەگرێ و سودمەند دەبێت لە مافی هیوا. ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆش گرەنتی یاسایی پرۆسەکەیە."
'نەتەوەپەرستی ئاستەنگی پێش چارەسەرییە'
یوکسەل گەنچ دەستنیشانی کرد زۆرینەی خواستەکانی کۆمەڵگە ڕوو لە دەسەڵاتدارییە و گوتی: "هیچ کاتێک چارەسەری بە هەوڵدانی یەکلایەنەوە نایەتەئاراوە، لە ڕاستییدا گەلی کورد ئامادەی ئاشتییە، بەڵام ڕێگری گەورە لە پێش پڕۆسەی چارەسەرییدا دەوڵەت و پێکهاتەی نەتەوەپەرستی سەردەستە."
'پێویستە ئازادی جەستەیی مسۆگەربکرێت'
یوکسەل گەنچ جەختی لەسەر بنەڕەتیترین پایەی پرۆسەکە کردەوە کە ئەویش ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و "مافی هیوا"یە، دەسنیشانی کرد پێویستە مافی هیوا بخرێتە ڕۆژەڤەوە و گوتی: "لە تورکیادا ئازادی ڕێکخستنبوون و گوزارشتکردن لە مافەکان زۆر لاوازە، بەڕاستی لە هەلومەرجێکی لەم شێوەیەدا قسەکردن لەسەر ئاشتی زەحمەتە."