کەنەکە: پێویستە کۆمەڵکووژی ١٩١٥ وەک جینۆساید بناسرێت

کەنەکە کۆمەڵکووژی ١٩١٥ی سەر گەلی مەسیحییە خۆجێیەکانی شەرمەزار کرد کە بەدەستی عوسمانییەکان ئەنجام درا و داوایکرد هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان ئەو کۆمەڵکووژییە قبوڵ بکەن.

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە ١١٠ـەمین ساڵیادی کۆمەڵکووژی ساڵی ١٩١٥ی سەر ئەرمەنییەکان و ئاشووری-سوریانی و کلدانییەکان کە بەدەستی عوسمانییەکان ئەنجامدرا، ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکە بەم شێوەیە:

"ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و هاوکارەکانی لە ساڵی ١٩١٥دا کۆمەڵکوژییان لە دژی مەسیحیە نیشتەجێکانی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵ  ئەنجامدا. ژمارەیەکی زۆری ئێزدیش بەر ئەو هەڵمەتی کۆمەڵکوژییە کەوتن. لەو کۆمەڵکووژییەدا رێکخراوی ئیتیحادو تەرەقی، تەشکیلاتی تایبەت، سوارەی حەمیدییە، سوپای عوسمانی و ئەفسەرەکانی ناو سوپا بەشداربوون. هەموو پێکەوە تاوانێکی گەورەی مرۆڤایەتیان بەڕیوەبرد. بە مەبەستی ریشەکێشکردنی مێژوویی و کلتوری گەلانی ئەرمەنی و ئاسوری - سریانی و کلدانی ناوچەکە، کۆمەڵکوژیەکی فراوانیان بەڕێوەبرد. ئەم جینۆسایدە تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە کە هەرگیز ناتوانرێ ئینکار بکرێت.

بەڵگەی ئاشکراو روون سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی زیاتر لە ملیۆن و نیوێک مرۆڤ هەیە. ئامار و سەرژمێریەکانی خودی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن. لە گەلی ئاسوری – سریانی و کلدانی زیاتر لە نیو ملیۆن کوژران. لە گەلی ئەرمەنیش زیاتر لە ملیۆنێک مرۆڤ بە شێوازێکی دڕندانەو لە و شوێنی جیاوازدا کوژران. بە سەدان هەزاریش بە پێی یاسای کۆچکردنی ئەو سەردەمە دوورخرانەوەو بێسەرو شوێن کران. بە دەیان هەزاریش لە ژن و کچ و مناڵ ئەنفالکران و بە زۆر کرانە موسوڵمان و بە شوودران. بە هەزاران خانوبەرەوە و قوتابخانە، کتێبخانە، کڵێسا و کارگە وێرانکران. بڕێکی بێ شومار ماڵ و موڵک دەستیان بەسەردا گیراو تاڵان کران. بە ئاشکرا کوشتوبڕی گەلانی ئاسوری – سریانی و کلدانی و ئەرمەنی و مال و ژیانیان حەڵاڵ کران. ئەمانە هەمووی بە فەرمان و بڕیاری جیهاد بۆ جینۆسایکردنی ئەتنیکی و ئاینی پێکهات.

ئیمپراتۆریەتی عوسمانی خاکی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵی داگیرکردو، سەدان ساڵ تاڵانی کرد. دواجار لە ١٩١٥دا ئەو گەلانەی قەڵاچۆکرد. تا ئێستاش خوێن لەو جینۆسایدە ئەچۆڕێت. ئەو کارەساتەی بەسەر ئەو خەڵکە هات، ئەوە ١١٠ ساڵە وەک تراژیدیایەکی مەزن لە یادەوەری نەوە نوێیەکانی ئەو گەلانەدا دەژی. ئێستاش کۆماری تورکیا کە میراتگری دەوڵەتی عوسمانییە دوای ١١٠ ساڵ بە سەر ئەو جینۆسایدەدا هەر ئینکاری دەکات و دان بەو راستیەدا نانێ. ئەمەش واتای ئەوەیە کە تورکیا هاوبەشی ئەو تاوانەیە و درێژە بە جینۆساید دەدات. لە یادی ١١٠ ساڵەی ئەو جینۆسایدەدا داوا لە کۆماری تورکیا دەکەین کە دان  بەو تاوانەدا بنێت و داواکاریکانی ئەو قبوڵکردنە بسەلمێنێ.

ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە، زۆر بەتوندی جینۆسایدی ١٩١٥ شەرمەزار دەکەین. داوا لە هەموو دامودەزگا نێونەتەوەیی و ناوچەییە پەیوەندیدارەکان دەکەین، کە وەک جینۆساید بیسلەمێنن و قبوڵی بکەن."