ژوورەکانی بازرگانی داوای کردنەوەی دەروازەی سنووری ڕۆژئاوایان کرد

١١ ژووری بۆرسە و بازرگانی باکووری کوردستان پێکەوە داوای کردنەوەی دەروازەی سنووری ناوچەی نسێبینی مێردین دەکەن کە لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە داخراوە.

ژوورەکانی بازرگانی لە پێش دەروازەی سنووری نسێبین بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند پێویستە دەروازەی سنووری نسێبین بۆ بازرگانی و هاتوچۆی هاوڵاتیان بکرێتەوە.

محەمەد کایا، سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانی ئامەد لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛ "بۆ بەهێزکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەرقەرار بوونی متمانەی هاوبەش، پێویستە دەستبەجێ دەروازەی سنووری بکرێتەوە."

محەمەد کایا بەبیری هێنایەوە، بازرگانەکان بۆ ئەوەی بتوانن بازرگانی لەگەڵ سووریا بکەن، ناچارن زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر ببڕن، ئەمەش بارگرانی و تێچوویەکی قورسە. بەڵام کردنەوەی سنوور نەک تەنها لە ڕوانگەی ئابوورییەوە بەڵکو لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتیشەوە ئاسانکارییە و گرنگی خۆی هەیە.

هەروەها نەجدەت ئاکتاش، سەرۆکی بۆرسەی نسێبین، ڕایگەیاند، ئەم دەروازەیە شوێنێکی ستراتیژییە بۆ پەیوەندی لەگەڵ عێراق و وتی: "دەستپێکردنی بازرگانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سووریا دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لە ناوچەکەمان و ڕێگایەکی نوێ بەڕووی بازرگانی، هەلی کار و بوژانەوەی ئابووریی ناوچەکە دەکاتەوە."

هەروەها مەحسوم ئۆزمەن، سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانی نسێبین، ئاماژەی بەوەدا کە دەروازەکە نەک تەنها لەڕووی ئابوورییەوە، بەڵکو لەڕووی کۆمەڵایەتی و کولتووریشیەوە ڕەوڵێکی کارای بۆ هەردوولا دەبێت و وتی: "بۆیە داوا لە دەسەڵاتدارانی هەردوو وڵاتی سووریا و تورکیا دەکەین بۆ کردنەوەی ئەم دەروازەیە هەنگاوی پێویست بنین."