بە دیمەن

لە کەرکوک لە یادی ١٢٧ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردیدا پانێڵێک سازکرا

لە کەرکوک بەناونیشانی "رۆژانی دامەزارندن و یادەوەرییەکان" سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان پانێڵێکی بۆ دەستەیەک لە رۆژنامەنووسانی دێرینی شارەکە سازکرد.

١٢٧ساڵ لەمەوبەر لە ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی ڕۆژنامەی کوردستان لە قاھیرەی پایتەختی میسر لە لایەن بنەماڵەی بەدرخانیەکان و لەسەر دەستی (میقداد مەدحەت بەدرخان و جەلادەت عەلی بەدرخانەوە دەرچوو، بۆیە ٢٢ی نیسان وەکو ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی دیاری کراوە.

بۆ پیرۆزکردنی ڕۆژنامەگەری کوردی لە هۆڵی "ئەفراح" لە شاری کەرکوکی باشووری کوردستان، لەژێر ناونیشانی "رۆژانی دامەزارندن و یادەوەرییەکان" لقی کەرکوکی سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستان ١٢٧هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕۆژنامەگەری کوردی و ٢٧هەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانی بەرزڕاگرت، بەبۆنەی ئەو ساڵیادە پانێڵێک بۆ هەر سێ رۆژنامەنووسی دێرینی شارەکە (شوان داودی، تاریق کارێزی و شێخ سدیق) سازکرا.

'لە کەرکوک کۆمەڵیک کێشە لەبەردەم سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستان هەیە'

لەلای خۆیەوە، مەهدی زریان سکرتێری لقی کەرکوکی سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستان، سەبارەت بە پانێڵەکەیان بەبۆنەی ١٢٧هەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) گووتی: "ئەمڕۆ ٢٢ی نیسان لە ١٢٧هەمین ساڵیادی دامەزراندنی رۆژنامەگەریی کوردستان، بەشێوەیەکی جیاواز لە ڕابردوو ئەم یادەمان کردەوە، هەروەها ٢٧هەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستانە، ئەمرۆ لە شاری کەرکوک کۆمەڵێک گرفت و کێشەی سەندیگای رۆژنامەنووسانمان هەیە بۆیە جیاواز لە چالاکییە کلاسییەکان بڕیارماندا پانێڵ و سیمینارێک ڕێکبخەین دەربارەی مێژوو و ناساندنی لقی کەرکوک و سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستان، هەروەها ئەو قۆناغانەی کە سەندیگاکە تیدا تێپەریوە لەپێناو دیاری کردنی گرفت و کێشەکان و گەڕان بەدوای چارەسەر".

'لەپێناو باشترکردنی دۆخی رۆژنامەنووسانی کورد ئەم پانێڵەمان ڕێکخست'

هەروەها مەهدی زریان دەربارەی پێشکەشکارانی پانێڵەکەو ناوەڕۆکەکەی، ڕاگەیاند: "لە پانێڵەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەنووسان ئامادەبوون و سەرنج و تێبینی خۆیاندا لەپێناو باشترکردنی دۆخی رۆژنامەنووسانی کورد و سەندیگاکەیان، لەم پانێڵەدا میوانداری سێ رۆژنامەنووسی دێرین و بەتوانای شارەکەمان کرد کە لە سەرەتای دامەزراندنی لقی کەرکوکی سەندیگاکە رۆڵی کارەیان هەبووە کە ئەوانیش، شوان داودی کە جێگری نەقیبی سەندیگا بووە، هەروەها تاریق کارێزی بەردی بناغەی لقی کەرکوکی سەندیگای رۆژنامەنووسانە بووە، وە شێخ سدیق یەکەم سکرتێری لقی کەرکوکی سەندیگاکە بوو، ئەو رۆژنامەنووسانە لەم پانێلەدا ئەزموونی یادەوەرییەکانی خۆیان لە قۆناغە جیاوازەکانی دامەزراندنی سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە کەرکوک بۆ ئامادەبووان گواستەوە".

'ڕۆژنامەنووسانی کورد لە سەنگەری داکۆکیکردن لە نەتەوەو نیشتیمانەکەیانن'

لەلای خۆیەوە، تاریق کارێزی، رۆژنامەنووس و نووسەر و یەکێک لە دامەزرێنەرانی لقی کەرکوکی سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستان، سەبارەت بە مێژوو و گرنگی ئەم یادە بەم شێوەیە دوا: "١٢٧ ساڵ لەمەوبەر میرزایەکی کورد کە هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی پاڵی پێوەنا ڕۆژنامەیەکی دەرکرد، لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داگیرکەری عوسمانی چووە قاهیرەی پایتەختی میسر کە ئەو کات لە دەرەوەی دەسەڵاتی عوسمانییەکان بوو، یەکەم ڕۆژنامەی بەناوی "کوردستان"ەوە دەرکرد، لەو کاتەوە تائێستا کاروانێکی دوور و درێژی ڕۆژنامەگەریمان هەیە کە ڕۆژنامەنووسان لە سەنگەری داکۆکیکردن لە نەتەوەو نیشتیمانەکەیانن".

'رۆژنامەگەریی کوردی هەمیشە بەشێک بووە لە شۆرش و بەرخۆدان'

 هەروەها تاریق کارێزی باسی لە رۆڵی رۆژنامەنووسانی کورد کرد لە شۆرش و بەرخۆدانەکانی کوردستاندا و ئاماژەی بەوەکرد: "ڕۆژنامەنووس هەمیشە دەنگ و ویژدان نەتەوەکەی بووە، بەشێک بووە لە شۆڕش و بەرخودانی کورد لەپێناو ئازادی و سەربەخۆییدا، ئەم مێژووە هەورازی زۆری تێدایە، رۆژنامەگەریی کوردی جۆرێک لە بەرەنگاری و نوێنەرایەتی هەستی بەرەنگاری کورد و داکۆکیکردنی لە مافی هەبوون و مافی ئازادی تێدایە، لە ساڵانی داوای ١٩٩١  بەدواوە لە باشوری کوردستان گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە لە بواری میدیای کوردیدا بەدیهات، ئەویش ئەو ئازادییەی کە دەستەبەربوو وای کرد کۆمەڵێکی زۆر ڕۆژنامە و گۆڤار دەربچن و کەناڵی میدیا (ڕادیۆ و تەلەفزیۆن) دابمەزرێن، وە سوپایەکی گەورەی ڕۆژنامەنووسان دروست بوو، بۆیە پێویستی بەوەکرد کە ڕێکخراوێک بەناوی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دابمەزرێت، ئەو سەندیکایە توانی تێکڕای ڕۆژنامەنووسانی باشوری کوردستان لە ئامێز بگرێت، دواتر ئێمە دوای ڕووخانی سەدام کارمان بۆ ئەوەکرد کە لقی کەرکووکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دابمەزرێت".

'رۆژنامەنووسانی کەرکوک لەسەنگەری پێشەوەی داکۆکیکردنن لە ناسنامەی کوردستانی بوونی شارەکە'

لە دریژەی قسەکانیدا، ناوبراو هاتەسەر دۆخی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانی باشوری کوردستان و ئاشکرای کرد: "ئەگەر بێینە سەر باسی کەرکوک، بەڕاستی ڕۆژنامەنووسانی کەرکوک لە سەنگەری پێشەوەی داکۆکیکردن لە ناسنامەی کوردستانی بوونی شاری کەرکووکن، بۆئەو ناوچانەی تائێستا لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانن، بەتایبەتی ئەو ناوچە دابڕێندراوەکان بەردەوام هەڕەشەی پرۆسەی بەعەرەب کردنیان لەسەرە، بەردەوام دەوڵەتی عێراق دژایەتی ناسنامەی کوردانەو و کوردستانی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان دەکات، هەوڵ دەدات مافی کوردەکان زەوت بکات، بۆیە ڕۆژنامەگەری کوردی و کوردستانی لە شاری کەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم ، جۆرێک لە بەرخودانێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە و لە چوارچێوەی پیشەی ڕۆژنامەنووسیدا، چونکە کورد لەو ناوچانە دەچەوسێنرێتەوە".

'واتا گەڕانەوە بۆ مێژووی ڕووداوەکانی بەرخۆدانی کورد لەپێناو ئازادی'

لە کۆتایی قسەکانیدا تاریق کارێزی، رۆژنامەنووس و نووسەر گووتی: "لەم ڕۆژەدا چەپکە گوڵی پیرۆزبایی پێشکەش بە ڕۆژنامەنووسانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەم، بەڕاستی ڕۆژنامەنووس لە هەر شوێنێک بێت نوێنەرایەتی دەنگ و ڕەنگ و ویژدانی نەتەوەکەی دەکات و داکۆکی لە مافەکانی دەکات، ئێمە وەکو نەتەوەی کورد چەنێک بەرخودانی سیاسی و چەکداری بۆ ئێمە گرنگ بووە، لەم قۆناغەدا پێم وایە بەرخودانی میدیا و ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری ڕۆلێ کاریگەرتر دەبینێت لە داکۆکی کردن لە مافی کورد و هەوڵ بدات داد و یەکسانی لەنێوان کورد و نەتەوەکانی تر بەرقەرار بکات، گەڕانەوە بۆ تۆماری ڕۆژنامەگەری کوردی واتا گەڕانەوە بۆ ورد و درشتی ڕووداوەکانی بەرخودانی نەتەوەی کورد لە پێناوی ئازادیدا".