پەیامی کەجەکە سەبارەت بە سری سورەیا ئۆندەر: تێکۆشانی هەر دوو گەلی گەیاندە یەکتر

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند؛ سری سورەیا ئۆندەر توانی تێکۆشانی هەردوو گەل بگەیەنێتە یەکتر و ڕایگەیاند ڕاستترین ڕێگا بۆ بەرزڕاگرتنی یادی، بەهێزکردنی تێکۆشانی ئاشتی و دیموکراسیە.

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە سەبارەت بە کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمرالی پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە.

کەجەکە لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند کە ڕاستترین ڕێگایە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ئۆندەر، بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی تێکۆشانە بۆ دیموکراسی و ئاشتی و وتی: "لەسەر بنەمای ڕێزگرتنمان بۆ بەڕێزی و بەرزڕاگرتنی ئامانجەکانی، درێژە بە هەوڵەکانی دەدەین. داوا لە هەموو لایەک دەکەین لەو شوێنەی کە وازی لێهێنابوو، بە وەفاداری بە یادی بەنرخی سری سورەیا ئۆندەر تێکۆشانی دیموکراسی و ئاشتی لە ئەستۆ بگرن و هەوڵ وتێکۆشانی زیاتر بدەن بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم تێکۆشانە."

دەقی پەیامەکەی کەجەکە بەم شێوەیەیە: "بەداخێکی زۆرەوە بیستمان کە بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر، پاش ئەوەی ماوەی ١٨ڕۆژ لە ژێر چاودێری چڕی نەخۆشخانەدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە چارەسەری بۆ دەکرا، گیانی لەدەستداوە. هەرچەندە پزیشکەکان بارودۆخیان زۆر ئاڵۆز و ناجێگیر ڕاگەیاند، بەڵام وەک هەموو کەسێک، ئێمەش لەو باوەڕەدا بووین و چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد کە سری سورەیا ئۆندەری هێژا بەسەرکەوتووی ئەم دۆخە تێپەڕێنێت. بەداخەوە، وا پێش نەهات. ڕۆلەی بەنرخی گەلەکەمان کە تورکیە چاوەڕوانییەکی زۆری لێ هەبوو و بە هەوڵەکانی بەشدارییەکی گرنگی لە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی و ئاشتیدا کردبوو، بەداخەوە کۆچی دوایی کرد. ڕایدەگەیەنین کە لەدەستدانی تێکۆشەرێکی وەها بەنرخ ئێمەی بەڕاستی خەمگین کرد. بەو بۆنەوە سەرەتا پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هێژای، دۆستانی، هاوکارانی و کۆمەڵگەی هونەری، سینەما و دەم پارتی و گەلەکەمان دەکەین و بەڕێزدارییەوە یادی بەرزی دەکەینەوە.

شەهیدی ئاشتی و دیموکراسییە

سری سورەیا ئۆندەر لە کاتی تێکۆشانی بۆ ئاشتی و دیموکراسی نەخۆش کەوت و بەداخەوە ژیانی لەدەستدا. بۆیە شەهیدی ئاشتی و دیموکراسیە. هەروەها سری سورەیا ئۆندەر کەسایەتیەکی گەورەی تێکۆشەر بوو. سۆسیالیست، شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێز بوو. ژیانی خۆی بە تێکۆشان بۆ سۆسیالیزم، دیموکراسی و ئازادی تەرخان کرد. بەو بۆنەوەش رەنجێکی زۆریدا. گرنگترین تایبەتمەندی ئەو ئەوە بوو کە؛ لە کاتێک کە پێشەنگێکی گرنگی تێکۆشانی سۆسیالیزم و بزووتنەوەی سۆسیالیستی بوو لە تورکیا، لە لایەکی دیکەشەوە لە ڕێگەی پشتیوانیەکانی لەگەڵ گەلی کورد لە تێکۆشاندا بوو. لە ژیانیدا بۆ دوو گەل تێکۆشانی کرد. لە ڕێگەی کەسایەتی و کارە هونەریەکانییەوە بەشدارییەکی گەورەی لە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیدا کردووە. هەروەها بە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بوێرانە، کاریگەرانە و بەجوانی ڕاستی کۆمەڵایەتی نیشان دەدا و ئەو دۆخەی هەبوو دەیخستە ژێر پرسیار و سەرەنجی قووڵترەوە.

ڕێبازی ما‌هێرەکان و یڵماز گونایەکانی بە شێوەیەکی شایستە نوێنەرایەتی دەکرد

سری سورەیا ئۆندەری ‌هێژا کە تایبەتمەندییە ئەرێنییەکانی ناتوانرێت بە زمان باسی لەسەر بکرێت، لە ڕێگەی ژیان، هونەر و تێکۆشانی خۆی بۆ سۆسیالیزم و دیموکراسی بە شێوەیەکی شایستە نوێنەرایەتی لە ڕێبازی ماهێرەکان، دەنیز، ئیبراهیم و یڵماز گونایەکانی دەکرد و یەکێک بوو لەو تێکۆشەرە گرنگانەی کە ئەم سیاسەتەی گەیاندە ڕۆژی ئەمڕۆ. ئێمە بە ڕێزدارییەوە یادی بەرز ڕادەگرین و جارێکی تر سەری ڕێزی لەبەر دادەنوێنین. لە مانگی ئایار مانگی شەهیدان شەهید بوو. بەم بۆنەیەوە، لە کەسایەتی ئەودا بە ڕێزداری و پێزانینەوە یادی هەموو شەهیدانی مانگی ئایار و سەرجەم شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی بەبیر دێنینەوە.

بۆ ڕێزگرتن لە یادی بەڕێزی، درێژە بە تێکۆشانی بۆ ئاشتی و دیموکراسی بدەین

بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر گرنگی لە پێناو ئاشتی بەڕێوە برد و پێشەنگایەتی دەکرد. هەمووان چاوەڕوانییەکی زۆریان لێی هەبوو، بەڵام ئەو هەوڵانەی تا ئێستا بە ئەنجامی گەیاندبوو، زۆر گەورە بوون و ئەو لەگەڵ هاوکارەکانی دیکەیدا لە گەیاندنی هەوڵەکانی ئاشتی بۆ ئاستێکی بەرزتر سەرکەوتوو بوون. ئەگەرچی بە خەمگینیەکی زۆرەوە لەدەستدانی ئەزموون دەکەین، بەڵام باشترین ڕێگا بۆ ڕێزگرتن لە یادی بەرزی، پەرەپێدان و بەدیهێنانی تێکۆشانی بۆ ئاشتی و دیموکراسییە کە ئەو پێشەنگایەتی دەکرد. ئێمە جارێکی تر ڕایدەگەیەنین بە ڕێزگرتن لە ئەو و گرێدراو بوون بە ئامانجەکانیەوە، درێژە بە هەوڵ و تێکۆشانەکانی دەدەین. بەو بۆنەوە داوا لە هەمووان دەکەین لەو شوێنەی کە ڕێزدار سری سورەیا نەیتوانی کارەکانی بە ئەنجام بگەیەنێت، وەک ڕێزێک بۆ یادی بەنرخی تێکۆشانی بۆ ئاشتی و دیموکراسی لە ئەستۆ بگرن و هەوڵەکانیان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی فەراوانتر بکەن."