زیندانیانی سیاسی ناڕەزایەتییان دژی لەسێدارەدانی حەیدەرانلوو نیشاندا

زیندانیانی سیاسی کە 'هەڵمەتی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان' ئەنجام دەدەن، ئاماژەیان بەوەداوە لە سێدارەدانی حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلوو پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤە.

هەڵمەتی 'سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان' دژی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی “حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلوو” ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "لە سێدارەدانی زیندانی سیاسیی کورد حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلوو  کردەوەیەكی نامرۆڤانەی ڕژێمی دەوڵەتی ئێرانە، چونكە ئەو زیندانییە سیاسییە ناچار بە دانپێنانی زۆرەملێ کراوە، کە واژۆ لەسەر کاغەزێک بکات، كە پێشتر لە لایەن لێکۆڵەرەوەکانەوە ئامادە کراوە."

ئاماژە بەوەشکراوە: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٨٨ هاوڵاتیی کورد و ئێران لە سێدارە دراون، کە لەو ژمارەیە پێنج ژن و حەوت زیندانی سیاسیی و دوو منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵیان تێدا بووە. ژمارەی زیاد بوونی سزای لەسێدارەدان و کوشتنی خەڵک لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە بۆ ترسی حکوومەت لە ڕاپەرین و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان دەگەڕێتەوە."

بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ

لە کۆتاییدا گوتراوە: "هۆشداری دەدەینە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کە نابێت بەرامبەر رژێمی ئێران بێدەنگ بن و دەبێت ڕێوشوێنی کرداری و کاریگەر بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئێران بگرنەبەڕ."

جێگای ئاماژەیە، سەرلەبەیانی دوێنێ حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلوو زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمی بە شێوەی نهێنی لەسێدارە درا و کەسوکار و بنەماڵەکەی لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران و دادگای شۆڕشی ورمێ ئاگادار کراونەتەوە  نابێت پرسەی بۆ دابنرێت.