لە کەرکوک بەدروشمی "بەهار و هونەر ئاوێتەی یەک دەکەین" فێستیڤاڵێکی هونەری بەڕێوەچوو
لە شاری کەرکوک، بەدروشمی "بەهار و هونەر ئاوێتەی یەک دەکەین" زنجیرەیەک چالاکیی هونەری کوردەواری بەڕێوەچوو.
لە شاری کەرکوک، بەدروشمی "بەهار و هونەر ئاوێتەی یەک دەکەین" زنجیرەیەک چالاکیی هونەری کوردەواری بەڕێوەچوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێ-شەممە، لە سەنتەری ڕۆشنبیری شاری کەرکوک، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیران، و هونەرمەندان و کەسایەتی شارەکە، لە فێستیڤاڵێکدا لەژێر ناونیشانی "بەهار و هونەری ئاوێتەی یەک دەکەین" زنجیرەیەک چالاکیی هونەری کوردەواری لەلایەن ستافی چالاکییەکانی سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک ڕێکخرا.
جێگای باسە، لە فێستیڤاڵەکەدا پێشەنگای تابلۆی تایبەت بە سروشت و بەهار نمایش کران، هەروەها هەڵپەرکێی تایبەت بە خوشک_برایەتی پێشکەش بە ئامادەبووان کرا، وە شانۆگەریی کوردایەتی و بەرخۆدان، گۆرانی فۆلکلۆری کەرکوکیانە بەشێکی دیکەی فێستیڤاڵەکە بوو، کاری دەستی و خواردنی کوردەواری و هەمە ڕەنگ بوونی چالاکییەکە وەکو جیاوازی و هەمە ڕەنگی کەرکوکیانە بوو.
'لەم ڤستیڤاڵەدا تابلۆیەکی کوردانەو پێکەوەژیانمان پێشکەش کرد'
سەبارەت بە ڤستیڤاڵەکە، نەژاد نەجم ڕێکخەری فێستیڤاڵ و ئەندامی ستافی سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکوک بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) دوا و گووتی: "ئەمڕۆ وەکو ستافێکی نوێی سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکوک، پێمان باش بوو فێستیڤاڵێکی یەک ڕۆژە ئەنجام بدەین کە فێستیڤاڵەکە بە ناوی "بەهارو هونەر ئاوێتە یەک ئەکەین"، توانیمان لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا وەکوو دەستپێکپێک سێ گۆرانی هونەرمەندی گەورەی گەلی کورد مامۆستا عەلی مەردان، لەلای پەیکەری عەلی مەردان لەناو سەنتەری رۆشنبیری پێشکەش بە ئامادەبووان بکەین، دواتر تابلۆیەکی پێکەوە ژیان کە پێکهاتبوو لە هەڵپەرکەێی میلی پێکهاتەکانی شارەکە، لە لایەن گرووپی میلی کەرکوک پێشکەش کرا، دواتر نمایشێکی کورتە فیلمی سینەمایی پێشکەش کرا، هەروەها لە چوارچێوەی چالاکییەکە کاری دەستی و خواردنی کوردەواریمان هەبوو، دوای ئەوەش پێشانگایەکی شێوەکاری نمایش کرا کە باسی لە سروشت دەکرد، لە کۆتا چالاکیشمان شانۆیەک دەربارەی کوردایەتی و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەر پێشکەش بە ئامادەبووان کرا".
'لە کەرکوک زۆر گرنگی بە هونەر دەدرێت'
لەلای خۆیەوە، ژینۆس کەرکوکی، کچە هونەرمەندێکی شێوەکاری شاری کەرکوکە و بە ١٩ تابلۆ بەشداری لە فێستیڤاڵەکە کردبوو، ناوبراو سەبارەت بە کارە هونەرییەکانی، ووتی: "ماوەی ساڵێکە دەستم بەکاری وێنەکێشان کردووە، لەم فێستیڤاڵەشدا بە ١٩ تابلۆ بەشداربوومە، دروست کردنی تابلۆکانی ناو ئەم ڤستیڤاڵە ماوەی چوارمانگ و نیوی خایاندووە و بە ڕەنگی زەیتی کێشاومە، لە تابلۆکانم زیاتر تیشکم خستۆتەسەر بابەتی سروشت و بەهار، پەیامیشم بۆ کچان ئەوەیە کە بەهرەکانیان بە شارەوەیی مەهێلن و تواناو بەهرە هونەرەییەکانتان نمایش بکەن بەتایبەتی لە شاری کەرکوک کە ئەم شارە گرنگی زۆر بە هونەر دەدات".
'شانۆگەرییەکەمان دەربارەی بەرخۆدانی کورد بوو لەدژی داگیرکەران'
هەروەها، حەمەی شانۆ کە گەنجێکی شانۆکاری ناوداری شاری کەرکوکە، وە لە فێستیڤاڵەکەدا شانۆیەکی تایبەت بە کوردایەتی و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەر پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، ناوبراو بەم شێوەیە باسی لە فێستیڤاڵەکە و شانۆکەی کرد: "ئەمڕۆ لە سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکوک فیستیڤاڵێک بەدروشمی "بەهار و هونەری ئاوێتەی یەک دەکەین" ڕەنگی جوانتری بەخشی بە شارەکەمان، هیوای بەردەوامی ئەم کارو چالاکییانەیان لێ دەخوازین، بەرەو کەرکوکێکی ڕۆشنبیرتر و جوانتر و ڕەنگدارتر و ڕەنگاڵەتر، ئێمەش وەک گرووپی شانۆی "دیالۆگ"، ئەمڕۆ بەرهەمی شانۆی "خاکی سوور"مان پێشکەش کرد، کە پێکهاتبوو لە پێفۆرمانسێک بەگشتی دەربارەی ئەو بەرخودان و ئازایەتی و کۆڵنەدانەی میللەتی کورد، لە بەرامبەر داگیرکەر و هەژموونە زۆردار و دەسەڵاتە چەوسێنەرەکان بووە کە میللەتی کورد بەرگری لە شوناس و کەلتوور و زمان و فەرهەنگی خۆی کردووە".
'کورد لەڕێگەی کارو و بەرهەمەکانەوە بەرپەرچی داگیرکاریی دەدەنەوە'
لە کۆتایی قسەکانیدا حەمەی شانۆ، زیاتر چووە ناوەڕۆکی شانۆکەی و باسی لەو پەیامە بەرخۆدانەی هەموو چینەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی کرد دژ بە داگیرکەرانی کوردستان و ڕایگەیاند: "هەروەها لە شانۆگەرییەکەمان باسمان لەوەش کرد کە میللەتی کورد میللەتێکە هەمیشە لەژێر داگیرکاری و سڕانەوە و توانەوەیە، بەڵام گەنجەکانی، نووسەرەکانی، ئەدیبەکانی لەڕێگای کار و بەرهەمەکانیانەوە هەمیشە بەرپەرچی ئەم داگیرکارییە دەدەنەوە".