بە دیمەن

لە کەرکوک پێشانگایەک بۆ کچانی شێوەکاری شارەکە کرایەوە

لە شاری کەرکوکی باشووری کوردستان بە بەشداری کچانی هەموو پێکهاتەکانی شارەکە پێشەنگایەکی شێوەکاری وێنەکێشان بۆ کچانی بەهرەداری شارەکە کرایەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە سەنتەری ڕۆشنبیری شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی هونەرمەند و هونەردۆستانی شارەکە، بە مەبەستی نمایش کردنی توانا و بەهرەی هوونەری کچانی نیگارکێشی پێکهاتە جیاوازەکانی شارەکە، پێشانگایەکی شێوەکاری وێنەکێشان بۆ ژمارەیەک لە کچانی هونەرمەندی شێوەکاری شارەکە کرایەوە.

 

لە پێشانگاکەدا نزیکەی ٤٠ تابلۆی هوونەری نمایشکرا کە لەلایەن ١٥ کچە هونەرمەندی شارەکە کێشرابوون، تابۆلۆکان دەربڕی ژیانی کۆمەڵایەتییانەی ژنان و سرووشتی دڵڕفێنی کوردستان بوون.

'هێز و ئیرادە لە ژنی کورد هەیە'

جینان حەسەن، کچە هونەرمەندێکی شێوەکاری شاری کەرکوکەو قوتابی قۆناغی سێیەمی پەیمانگای هونەرە جوانەکانە، جینان بە دوو تابلۆ بەشداری لە پێشەنگاکە کردووبوو. جینان سەڕەڕای ئەوەی لە نەتەوەیی عەرەبە بەڵام لە پێشەنگاکە بە وێنەی ژنێکی کورد بەشداری کردبوو، سەبارەت بە هەڵبژاردنی کێشانی وێنەی ژنێکی کورد، ناوبراو قسەی بۆ ئاژانسمان کرد و ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو وێنەم لە وێنەی شێوازی ژیانی کۆنی ژنی کورد وەرگرتووە، حەزم بەوێنە کێشانی ژنی کوردە، چونکە هێز و ئیرادەی ژنی کورد ڕەنگی داوەتەوە لە نێو کۆمەڵگەکەماندا".

'لەڕێگەی هونەرەوە هەستەکانمان نمایش دەکەین'

 جینان حەسەن کچە شێوەکار ئاماژەی بە گرنگی کردنەوەی پێشانگای هوونەری کرد و  ووتی: "هیوادارم بواری هونەری شێوەکاری لە شاری کەرکوک فراونتر بکرێت تاوەکو بتوانین زیاتر بەشداربین لە نمایش کردنی هونەرو بەهرەکانمان، تاوەکو خەڵکی ببینن کە وێنەکێشان هونەرێکی جوانە کە ئەتوانین لە ڕێگەیەوە دەنگ و هەستی خۆمان بگەینین، کردنەوەی پێشانگا بۆ ئێمە زۆر گرنگە تاوەکو زیاتر هانمان بدات کە پەرە بە بەهرەکانمان بدەین، داواکارم لە کچانی ناو کۆمەڵگا کە بێن و بەشداربن لەم پێشەنگانە".

'لەڕێگەی وێنەکانم بەهرەکەم نیشان دەدەم'

هەروەها، ئوسەیبان محەمەد جابر کچێکی دیکەی شێوەکارە، تەمەنی ١٣ ساڵە و لە نەتەوەی تورکمانە و ناوبراو لە تەمەنی منداڵییەوە سەرقاڵی وێنەکێشان بووە و ئەمە یەکەم پێشەنگایە کە تیدا بەشدارە، ئەو کچە شێوەکارە بە سێ وێنەی جیهانی تایبەت بە ژن بەشداری لە پێشەنگاکە کردبوو، ئوسەیبان بەم شێوەیە لە ڕێگەی ئاژانسمانەوە باسی لە هونەری شێوەکاری و بەشداری کردنی لە پێشانگاکە کرد و گووتی: "ئەم وێنانەی کە کردوومە پێشتر بینیبووم زۆر بەدڵم بوو بۆیە بڕیارم دابوو لە ڕێگای کێشانی ئەم وێنانە بتوانم بەهرەی هونەریم نیشان بدەم، هەروەها ئەم وێنانە ڕووناکییەکی جوانی تێدایە بۆیە حەزمکرد بیکێشم".

'لە منداڵییەوە فێری هونەری شێوەکاری بوومە'

ئوسەیبان محەمەد کچە هونەرمەندی شێوەکار بانگەوازی بۆ بەشداربوونی کچانی بەهرەدار لە چالاکییە هونەرییەکاندا کرد و گوتی: "پورەکانم وێنەکێش بوونە و لە منداڵییەوە فێری ئەم هونەرەبوومە و ماوەی چوار ساڵە کاری وێنەکێشان دەکەم، داواکارم لە تەواوی کچانی خاوەن بەهرە کە بەشداربن لەم پێشانگایانە تاوەکو بتوانن پەرە بە بەهرە هونەرییەکانیان بدەن، من ئیستا زۆر دڵخۆشم کە یەکەمجارمە بەشداری پێشانگای شێوەکاریم کردووە".