هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان ڕۆژەڤەکانی هەڵسەنگاند.
باقرخان دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی شەرمەزارکرد و گوتی: "چاوەڕێین ئاشتییەک بێتەدی، لەلایەکی ترەوە قەیوم دادەنێن. ئەم زیهنیەتی دەستبەسەرداگرتنە تا کەی بەردەوام دەبێت".
باقرخان داوای کرد دەست لە سیاسەتی قەیوم هەڵبگیرێت و شارەوانییەکان بە ئیرادەی گەلان بەڕێوەببرێن.
لە قۆناغێکی چارەنووسسازداین
باقرخان دەربارەی گفتوگۆکانی پەیوەست بە "پرۆسەی نوێ" و پرسی کورد، گوتی: " لە قۆناغێکی چارەنووسسازداین. بەرەو دەسپێکێکی نوێ هەنگاودەنێین کە چارەنووسی گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت. لە قۆناغێکی چارەنووسسازداین کە کاریگەری لەسەر دەیان ساڵی ئایندە دەکات".
هەمووان چاوەڕێی بانگەوازەکە دەکەن
باقرخان گوتی: "هەمووان چاوەڕێی ئەو بانگەوازەن کە لەلایەن بەڕێز ئۆجالانەوە دەکرێت".
باقرخان ڕایگەیاند لە هەموو جیهانەوە پەیام و چاوەڕوانی هەن بۆ بەدیهاتنی چارەسەر، هەموو گەلان خوازیاری دادپەروەری و ئازادی و نەمانی شەڕن، داوای کرد لە هەموو لایەکەوە پشتگیری بۆ سەرخستنی پرۆسەکە هەبێت.
باقرخان تیشکی خستەسەر سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ باشووری کوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەت و پارتەکانی باشووری کوردستان، گوتی : "بۆ یەکێتی نەتەوەیی هەنگاوی مێژوویی هاوێژران. یەک لە شتە گرنگەکان ئەوە بوو، بەڕێز مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا گوتی پشتگیرییەکی مەزن لە دیدگای چارەسەری بەڕێز ئۆجالان دەکات. ئەمە هەڵوێستێکی مێژووییە. کوردەکان پێکەوەن. سەرەڕای جیاوازی سیاسی، بەڕێز مەسعود بارزانی و سیاسەتمەدارانی هەرێمی کوردستان پشتگیری خۆیان بۆ دیدگای چارەسەری بەڕێز ئۆجالان دووپاتکردەوە. ئەم هەڵوێستە مێژووییە بەنرخ دەبینین.
لە هەولێرەوە تا ئامەد، لە مێردینەوە تا کۆبانێ و کرماشان، گەلی کورد دەڵێت "بۆ ئاشتی ئامادەم". ئەمە دیمەنێکی جوانە. هەموو گەلانی تورکیا دەڵێن "با ئاشتی بێتەدی". هەمووان چاوەڕێی ئاشتیین. لە تەواوی جیهانەوە پشتگیری لە چارەسەر دەکرێت. ئایا دەسەڵات بۆ ئاشتی ئامادەیە؟ ئەگەر ئامادە بن، دەتوانین پێکەوە ئایندەی دیموکراتیکی گەلان بنیات بنێین. دەتوانین کۆمارێکی دیموکراتیک بنیات بنێین".
"بەهیواین پەیامەکە بەشێوەی ڤیدیۆ بێت"
پاش قسەکانی لە فراکسیۆنی دەم پارتی، باقرخان وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
ڕۆژنامەنووسان لەبارەی وتەکەی هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەسێ هۆزات کە گوتی "پێویستە پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەشێوەی ڤیدیۆ بێت" پرسیاریان لە باقرخان کرد.
باقرخان گوتی: "قەندیل ڕاگەیاندراوی بڵاوکردەوە. ئێمە دەڵێین، بۆ ئەوەی تەندرووستر و متمانەپێکراوتر بێت، پێویستە بەو جۆرە بێت، بەهیواین پەیامەکە بەشێوەی ڤیدیۆ بێت. دەسەڵات و بەڕێز ئۆجالان پێکەوە ئەم بڕیارە دەدەن. ئەمانە مەسەلەی تەکنیکیین و دەکرێت چارەسەر بکرێن. باوەڕم وایە، دەسەڵات بۆ متمانەی زیاتر لەم ڕووەوە هەنگاو دەگرێتەبەر".
دەربارەی وتەکەی وەزیری داد یەڵماز تونچ کە گوتبووی "پەیامی ڤیدیۆیی، نایاساییە"، باقرخان لە وەڵامدا گوتی: "لە چەندین ڕووەوە، یاسا پێشێل دەکرێت، نزیکایەتی جیاواز هەن. ئێمە دەڵێین بانگەوازێکی مێژووییە و دەبێت فۆرمێک بەگوێرەی جدییەتی بانگەوازەکە بدۆزرێتەوە. پێم وایە، دەدۆزرێتەوە".
دەربارەی کاتی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، باقرخان گوتی: "بەم نزیکانە دەبێت و دەربارەی کاتەکەی ئێستە ناتوانم هیچ بڵێم". سەبارەت بە پرسیاری ئایا داواکاری بۆ دیدار پێشکەش کراوە یان نا؟ باقرخان گوتی: "ئەمانە مەسەلەی تەکنیکین. ئێستە داواکاری پێشکەش کراوە. ناتوانم بەناوی ئەوانەوە هیچ بڵێم".
پاش وتەکانی باقرخان چەندین هەواڵ بڵاوکرانەوە و باس لەوە کراوە داواکاری پێشکەش کراوە بۆ دیداری سێیەم.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی دەم پارتی دەربارەی ئەمە زانیاری بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند داواکاری پێشکەش نەکراوە و باقرخان ئەمەی وەک "ئەگەرێک" باس کردووە. بەڵام ئامادەکارییەکان بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بەردەوامە.