زوبەیر ئایدار ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ڕوونیکردەوە کە نابێت کەس گرنگی بە گومان دروست کردن و لێدوانەکانی شەڕی دەروونی دەوڵەت بدات و وتی: "بزووتنەوە، بزووتنەوەیەکی بەئەزموونە کە ٥٢ ساڵە تێکۆشان دەکات، ٣٢ ساڵە بە شێوازی جیاواز لە گەڵ دەوڵەت دیالۆگ دەکات. دەبێت گەلەکەمان لەو بارەیەوە متمانەی هەبێت. لە لایەن ئێمەوە ئەمە بەدواداچوون بۆ چارەسەری و ئاشتیە، بۆیە دەبێت لایەنی بەرامبەر بە شێوەیەکی جدیی مامەڵە بکات."
ئایدار ئاماژەی بەوەکرد کە بزوتنەوەی ئازادیی کورد بە هەموو لایەنە سەربازی، ڕێکخستنی و دیپلۆماسی، سیاسی و جەماوەرییەکانیەوە لەسەر پێی ماوەتەوە و وتی: "لە پڕۆسەکانی ڕابردوودا هەوڵی فریودانیان داوە و ئەمە وەک دەرفەتێک بەکار بهێنن، بەڵام ئێمە هەمیشە لە ڕابردوودا بە جدییەوە هەنگاومان ناوە و ویستوومانە ئەنجام بەدەست بهێنین، لەم پڕۆسەیەشدا بەهەمان شێوە بەدوای چارەسەریدا دەگەڕێین، بەڵام بەبێ تەدبیر هیچ هەنگاوێک نانین."
ئایدار سەرەنجی بەوەشدا کە ڕێبەر ئاپۆ تاکە دانوستانکار نییە لە پروسەکەدا، دەبێت بتوانێت لەگەڵ بزووتنەوەکەدا لە پەیوەندیدا بێت، هەتا بتوانێت ئازادانە شاندی خۆی پێکبهێنێت و لەگەڵ هەمووان بکەوێتە پەیوەندییەوە. ئایدار ئەمەشی گوت: "ناکرێت لە ناو چوار دیواردا لە هەموو دەرفەتەکان بێبەش بکرێت، پێش هەموو شتێک دەبێت مەرج و دەرفەتەکان هەموار بکرێن هەتا ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت ئازادانە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت."
زوبەیر ئایدار ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە میانەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، دۆخی ئێستای سوریا هیچ نیشانەیەکی دیموکراتیک بوونی پێوە دیار نییە و وتی: "دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١١ بەدواوە لە ناوەندی کێشەکانی سوریادا بەشدارە. دەوڵەتی تورک پێشووتر لە گەڵ ڕژێمی بەعس بوو، پاشان بە بیرۆکەی ڕووخاندنی ڕژێم پشتگیری لە ئیخوانیە ئیسلامییەکان کرد. کاتێک ئەم سیاسەتەی شکستی هێنا، سوپای نیشتمانی سوریا (NSA) واتە چەتەکانی خۆی دامەزراند."
تورکیا بەهۆی دژایەتیکردنی لەگەڵ کورد ئێستا لە سوریادایە
ئایدار ئاماژەی بەوەشکرد، مەبەست لە بوونی تورکیا لە سوریا تەنها بۆ دژایەتیکردنی گەلی کوردە و بەرفراوانکردنی دەسەڵاتی خۆیە و وتی، هەر لەسەرەتاوە دۆخەکە بەم شێوەیە بووە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێم لەسەر ئەم بنەمایە داڕشتووە. هەر لە ڕێکەوتنی ئەدەنەوە تا دیداری بنەماڵەیی لەگەڵ ڕژێم، هەموو شتێکی لەسەر بنەمای دژایەتی گەلی کورد ئەنجام داوە. پاشان لەگەڵ ئوپۆزسیونی وەک گروپە سەلەفیەکان و چەتەکانی سوپای نیشتمانی، هاوپەیمانییەکی دژە کوردیان پێکهێنا."
دەوڵەتی تورک 'پاککردنەوەی نەتەوەیی' ئەنجام دەدات
ئایدار بەبیری هێنایەوە کە دەوڵەتی تورک عەفرین، گرێ سپی، سەرێکانی، باب، عەزاز و جەرابلوسی داگیر کردووە و هەروەها لەم دواییانەدا لە ڕێگەی چەتەکانەوە منبج و شەهبای داگیر کردووە. ئامانج لەم هێرشانە لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کوردە و هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی تورک لە دژی ڕۆژئاوا تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات و هەروەها بەو شێوەیە لە هەرێمدا 'پاکتاوی نەتەوەیی' ئەنجام دەدات. ئەوان کوردیان لەو ناوچانە کۆچبەر کردووە و ئێستاش بەردەوامی هەیە.
هێرشەکان لە ئاستی کۆمەڵکوژییدان
ئایدار ئاماژه ی بەوەشکرد که ناوچه داگیرکراوەکان به شێوەیەکی نایاسایی دابڕێنراون و ڕایگەیاند، قایمقام و پارێزگار بۆ ناوچەکان دانراون، له قوتابخانەکاندا خوێندن بە تورکییە، زمانی فەرمی ناوچەکان گۆڕدراوه بۆ تورکی، ناوی شوێن و تابلۆکانیش بەهەمان شێوە گۆڕدراون، هێرشەکان گەیشتوونەتە ئاستی کۆمەڵکوژی. ئایدار ڕایگەیاند، ژنان و گەلی ئێزیدی و گرووپه ئاینیەکان دەکرێنە ئامانج. دەوڵەتی تورک لە ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ دامەزراوەکانی ئاو و کارەبا، کۆگاکانی دانەوێڵە، نانەواخانە، کارگە و ڕێگا سەرەکییەکانی بە ئامانج گرت و لەناویانی برد، ئەو تاوانانە لە ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN)یشدا تۆمارکراون.
لە برۆکسل دادگای مەدەنی بەڕێوەدەچێت
زوبەیر ئایدار بەبیری هێنایەوە کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژئاوا و ئەوروپاوە لە دژی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دەستیان بە هەوڵدان کردووە و ڕایگەیاند: "دوای ئامادەکارییە درێژخایەنەکان، ئەم دامەزراوانە لیژنەیەکی هاوبەشیان پێکهێناوە. دادگای مەدەنی لە برۆکسل لە ٥-٦ی شوبات بەڕێوەدەچێت. لە هۆڵی کۆنفڕانسەکانی ULB (زانکۆی ئازادی برۆکسل)، دادگایەک بەپێی سیستەمی دادوەری، لەگەڵ دادوەر و داواکاری گشتی لە فەرەنسا و بەلژیکا و هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت. ئەوانەی بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، تاک بە تاک دادگایی دەکرێن. هەروەها سکاڵانەمەش دەنێردرێت بۆ تورکیا و دەرفەتیان پێدەدرێت بەرگری لە خۆیان بکەن، بەڵام نازانین دێن یان نە. لەم دادگایەدا ئەو تاوانانەی کە دەوڵەتی تورک ئەنجامی داوە لە ویژدانی بیروڕای گشتیدا دادگایی دەکرێن. کورد و دۆستانی دەبێ بەدواداچون بۆ ئەم دادگایە بکەن. پێمان وایە لە میدیاکانیش ڕەنگدانەوە بە خۆیەوە دەبینێت. ئەم دادگاییکردنە ڕاستەوخۆ بۆ هەموو جیهان پەخش دەکرێت."
شەڕ بەردەوامە
زوبەیر ئایدار بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکان سەبارەت بە سوریا، ڕۆژئاوا و هەروەها گفتوگۆکانی پەیوەست بە "پرۆسە و دیالۆگ" لە تورکیا، ئاماژەی بە بەردەوامی هێرشەکانی سەر باکۆر، باشور و ڕۆژئاوا کرد و وتی: "لە ئێستادا هیچ ئاگربەستێک لە ئارادا نییە. بێگومان پرۆسەیەک هەیە کە لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکردووە. ئەگەری ئەوە هەیە جارێکی دیکە شاندەکە لەگەڵ رێبەر ئاپۆدا کۆببێتەوە. ئێمە نائاشنا نین بەم جۆرە پرۆسانە. لە ساڵی ١٩٩٣ەوە واتە ٣٢ ساڵ پێش بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ ناوبەناو ئەم جۆرە دیدار و وتووێژانە لەگەڵ حکومەتی تورکیا ئەنجام دراون. پرۆسەی ئۆسلۆ و ئیمرالیش لەلایەن ڕای گشتییەوە دەناسرێت."
ئایدار ڕایگەیاند، "ئەمە پروسەیەکە. بێگومان لە لایەن ئێمەیشەوە ئەمە پرۆسەیەکە، ئەگەرچی هێشتا پرۆسەیەک نییە کە دیاری کرابێت و هەموو شتێک لە شوێنی خۆیدا بێت. نازانین لایەنی بەرامبەر چ ناوێکی لێدەنێت، بەڵام ئێمە ئەم پرۆسەیە بە ناوی ئەوانەوە نانێین، بەڵکو بە ناوی خۆمانەوە ناو دەنێین. ڕێبەر ئاپۆ لە پەیامەکانی دواتردا بە ڕوونی ناوی ئەم پرۆسەیە دەخاتە ڕوو. ئەمە لە ڕوانگەی ئێمەوە بەدواداچوونە بۆ ئاشتی و دیالۆگ. پرسەکە لە توندوتیژیەوە بەرەو گۆڕەپانی سیاسی و یاسایی دەڕوات. ڕێبەر ئاپۆ بە ڕوونی ئەمەی ڕاگەیاند. ئێمە وەک بزووتنەوەکەمان ئەم پرۆسەیە بە جددی وەردەگرین. ڕێبەر ئاپۆ ڕێبەر و دامەزرێنەری ئەم بزووتنەوەیەیە. هەروەها دانوستانکاری سەرەکی ئەم پرۆسەیە."
٥٢ ساڵ ئەزموون، ٣٢ ساڵ دیالۆگ
ئایدار جەختی لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە کردەوە و ڕایگەیاند کە نابێت گرنگی بە گومان و چەواشەکارییەکان بدرێت: "پێویستە گرنگی بەو لێدوانەکانی شەڕی دەروونی نەدەن کە لەلایەن حکومەتەوە دەدرێن. ئەم بزووتنەوەیە بزووتنەوەیەک کە ٥٢ ساڵە تێکۆشان و ئەزموونی هەیە و ماوەی ٣٢ ساڵە لە ڕێگەی کەناڵە جیاوازەکانەوە لە گفتوگۆ و دیالۆگدایە. ڕێبەر ئاپۆ لایەنی سەرەکی هەموو ئەم پرۆسانەیە. ڕای گشتی دەبێت متمانەی هەبێت. هیچ هەنگاوێکی هەڵە ناگیرێتەبەر. بە پێی ڕوانگەی ئێمە ئەمە گەڕانە بەدوای چارەسەری و ئاشتی. ڕەنگە لایەنی بەرامبەر ڕەهەندی جیاوازی هەبێت، ئەوە پەیوەستە بە خۆیانەوە، بەڵام ئێمە گرنگی بەم پرۆسەیە دەدەین و زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەین."
ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتەوە دەستیپێکردووە
ئایدەر بە ئاماژە بەوەی کە ئەم پرۆسەیە لە لایەن حکومەتەوە دەستیپێکردووە، وتی: "بزووتنەوەی ئازادیی کورد وەک ئەوەی کە بووە لە پێگەی خۆی راوەستاوە. ئەوان لە چوارچێوەی شەڕی دەروونیدا لێدوانی وەک "کۆتایمان پێ هێنان، شکستمان پێ هێنان" دەدەن. ئەمە ڕاست نییە. بزووتنەوەکەمان بە هەموو لایەنە سەربازی، ڕێکخستنی و دیپلۆماسی، سیاسی و جەماوەرەکەیەوە بەهێزەوە لە پێگەی خۆیدا وەستاوە. بزووتنەوەکەمان نەک هەر لە نێو کورد و کوردستان، بەڵکو لە هەموو جیهاندا ڕێکخستنێكی بەهێزە. دۆست و دوژمنانیشمان ئەمە باش دەزانن."
"ئێمە بەردەوام لە پێناو ئاشتیدا هەنگاومان ناوە"
ئەو شەڕەی لە فەلەستین دەستی پێکرد، لوبنان و سوریا و یەمەنیشی گرتەوە. لەوێشەوە بۆ عێراقیش پەل دەکێشێ و ئەگەری بەفراوانبوونی زیاتریش هەیە. شەڕی ئۆکرانیاش کۆتایی نەهاتووە. لەوانەیە نەخشەکان بگۆڕدرێن. بۆیە حکومەتی تورکیا بەدوای دیالۆگ و ڕێبازێکی جیاوازدا دەگەڕێت لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادی، بە هۆی ئەوەی تا ئێستا نەیتوانیوە شکست بە بزووتنەوەی ئازادی بێنێت. لەم گەڕانەدا ناتوانین بڵێین، ئەوان ڕاستگۆن و ئەم پرسە چارەسەر دەکەن. بە سەیرکردنی لێدوانە هاوبەشەکانی هاوپەیمانی باخچەلی و ئەردۆغان، دەبینین کە یەکێکیان دوورترە و ئەوی دیکەیان زیاتر وا پیشان دەدات پرۆسەکە چارەسەر بێت. ئێمە هەموو ئەمانە لەبەر چاو دەگرین. لە ڕابردوودا هەوڵی کڕینی کات و بەدەستهێنانی دەرفەتیان دەدا، بەڵام ئێمە لە پرۆسەکانی ڕابردووشدا هەمیشە هەنگاوی ڕاستگۆیانەمان بۆ ئاشتی ناوە و ویستمان ئەنجام بەدەست بهێنین. ئێمە هەوڵدانێکی زۆرمان داوە بۆ ئەوەی چارەسەرێک بەدەست بێت. لەم پڕۆسەیەدا بەدوای چارەسەریدا دەگەڕێین، بەڵام بەوریاییەوە نزیک دەبینەوە. ئەگەر ئەوان ئامادەبن ئێمەش هەنگاوی پێویست دەنێین. پاشان زۆر شتی دیکە هەیە کە دەبێت باسیان لەسەر بکەین.
"پێویستە ڕێبەر ئاپۆ بتوانێ لە گەڵ بزووتنەوەی ئازادیدا لە هاوکاریدا بێت"
ڕێبەر ئاپۆ ڕێبەری دامەزرێنەری بزووتنەوەی ئازادیی کورد و دانوستانکاری سەرەکییە. ڕێبەر ئاپۆ نابێ بە تەنیا بهێڵرێتەوە، هەروەها بتوانێت لەگەڵ بزووتنەوەکەدا لە پەیوەندیدا بێت، بتوانێت بە ئازادی شاندەکەی پێکبهێنێت و لەگەڵ هەمووان بکەوێتە پەیوەندییەوە. هەروەها پێویستی بە ناوەندێکی بەرفراوان و کۆکردنەوەی زانیاری هەیە بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە. ناکرێ لە نێوان چوار دیواردا و بێ هیچ بژاردەیەکدا ڕابگیردرێت. سەرەتا دەبێت مەرجی یەکسان بخوڵقێندرێت هەتا رێبەر ئاپۆ بتوانێت بە ئازادی رەوڵ بگێڕێت. ڕێبەر ئاپۆ لە پڕۆسەی پێشوودا ئەو قسانەی ڕاگەیاندووە. دەبێت تەندروستی، ئاسایش و ئازادی هاتوچۆی مسۆگەر بکرێت. کاتێک ئەم مەرجانە جێبەجێ بکرێن دەتوانین بڵێین حکومەت لەم بوارەدا هەنگاو دەنێت.
هیچ هەڕەشەیەک نامانترسێنێ
هەروەها پێشنیار بەلایەنی بەرامبەر دەدەین لەمەودوا گرنگی بە لێدوانەکانیان بدەن. بزووتنەوەی ئازادیی کوردیش کاردانەوە، هەست و سۆزی هەیە. ئەمەش بەو مانایەیە کە لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا پاشەکشە ناکات. واز لە هەڕەشەکردنەکانتان بێنن. لە دانوستانەکاندا هیچ زمانێکی هەڕەشەئامێز بەکار مەهێنن. ئێمە یەکتر باش دەناسین، ٤٠ ساڵە لەشەڕداین، ناتوانین لە ڕێگەی هەڕەشەوە ئەنجام بەدەست بهێنین. بۆیە زمانی هەڕەشە دەبێ بەلاوە بنرێت. نە ئێمە بەکاری دەهێنین، نە ئەوانیش بەکاری بێنن. ئەگەر ئەوان بەدوای دیالۆگدا دەگەڕێن، پێویستە زمانی ئاشتی و دیالۆگ بەکاربهێنن."
جەهەپەش دەتوانێت بۆ دیدار لە ئیمرالی داواکاری پێشکەش بکات
زوبەیر ئایدار ئاماژەی بەوەدا کە کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ هەموو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان گرنگە، و ئاماژەی بەوەدا کە نابێت هەموو کۆبوونەوە و لێدوانەکان تەنها لە شاندی دەم پارتی دا سنووردار بکرێن، بەڵکو پێویستە لایەنەکانی دیکەش بچنە ئیمرالی و لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆببنەوە. ئایدار وتی: "شاندی جەهەپەش دەتوانن بچنە ئیمرالی چونکە لەم وڵاتەدا لە پۆستی بەرپرسیاری دان. لایەنەکانی دیکەش داوای کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بکەن. هەروەها پێویستە هەموو شتێک لەم ڕووەوە ئاسایی بکرێنەوە. پرسەکە پرسی تیرۆر و توندوتیژی نییە. بەڵکوو پرسی هەبوونی نەتەوەیەک و ژیانی ئازادی ئەوانە بە ناسنامە و کولتووری خۆیانەوە."
داوای ئازادکردنی ڕێبەر ئاپۆ لەئێستادا لە هەموو کاتێک گرنگترە
زوبەیر ئایدار ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ئاماژەی بە درێژەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری پرسی کورد بە ڕێبازی دیموکراسی" کرد و وتی: "ئەم هەڵمەتە گرنگە و بەرەو پێشەوە دەچێت. پێویستە هەموو کەسێک لەم هەڵمەتەدا جێگەی خۆی بگرێتەوە. لەم کاتەوە بەدواوە داواکاری ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو کاتێک گرنگترە. ناکرێت ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ لە ئازادی نەتەوەی کورد جیابکرێتەوە. بەشداریکردن لەم هەڵمەتەدا بەرگریکردنە لە دۆزی ڕەوای کوردستان لە بەرزترین ئاستیدا لە هەموو جیهان."