ئەنگین: کاپیتالیزم تووشی دەستەوەستانی بووەتەوە

قاسم ئەنگین ئەندامی کۆمیتەى ناوەندیی پەکەکە رایگەیاند، پاکێجەکانى کاپیتالیزم بۆ چارەسەرکردنی کۆرۆنا شکستیانهێناوە. راشیگەیاند، سیستمە دەوڵەتپەرستەکان لە ژێر باری تەنگاوی و گێژاودا رووبەرووی لێپرسینەوە کراونەتەوە.

قاسم ئەنگین ئەندامی کۆمیتەى ناوەندیی پەکەکە لەبارەى سیستمی کاپیتالیزم و سەرهەڵدانى پەتای کۆرۆنا بەهۆی ئەو سیستمەوە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا.

ئەنگین رایگەیاند، سیستمی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست بە شێوەیەکى جدی گەیشتووەتە بنبەست و وتی "کاپیتالیزم بەپێی ئایدۆلۆژیای لێبراڵ، یان بە لیبراڵیزمەکەی ناتوانێت ببێە وەڵامدەر بۆ رووبەرڕووبوونەوەى کێشە گەورەکان. هیچ نابێتە وەڵامدەر، بەڵکو بە شاردنەوە و پەردەپۆشکردنی کێشەکان، کێشەکان قورستریش دەکات".

ئەنگین رایگەیاند، ژیان بەو شێوازە و رێگایانە، کە بۆ هەموان روونن، بەشێوەیەکى هەڵە هۆنراوەتەوە. بۆیە تووشی قەیران و تەنگاوی دەبێتەوە. یەکەمجارە، کە کاتی ئەوە هاتووە بە جدی لێپرسینەوە لە سیستمی دەوڵەتپەرست بکرێت، کە هۆکاری تەنگاوی و گێژاوەکانە.

قاسم ئەنگین باسی ئەوەشیکرد، سیستمی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست هەوڵ دەدات بە هێزە دەسەڵاتدارە راستڕەو – موحافیزکارەکان سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ خۆی بکاتەوە و لەو رێگەیەوە درێژە بە بوونی خۆی بدات. ئەردۆغان بە نمونە، کاری تیرۆر و تیرۆریستی لە تورکیا، کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات، بەوەش رۆژ لە دواى رۆژ توڕەیی گەلان لە دژی فاشیزم و قڕکردن زیاتر دەکات و هەر بەو کارانەشیان دەبنە هۆی ئەوە رژێمە فاشیستییەکان زیاتر خۆیان لە دەوری یەکتر کۆبکەنەوە و خۆڕاگری لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکاندا بکەن.  

ئەنگین وتی "سەرنجڕاکێشە، کە لەم کاتی بڵاوبوونەوەى پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایەدا هەموو تیرۆریستەکان، راستڕەوەکان و تەکپەرەستەکان وەک یەک دەجوڵێنەوە. هەوڵ دەدەن ئەو پەتایە وەک دەرفەتێک بۆ خۆیان بەکار بهێنن، بۆ ئەوەش سیاسەتى هێرشکارانە زیاتر ئەنجام دەدەن و دواى ئەوە کەوتون، کە زیاتر دەوڵەمەند ببن و هەژارەکانیش زیاتر رووبەڕووی مردن بکەنەوە".

"کاپیتالیزم لە دژی بە کۆمەڵگە بوونە"

بۆ کاپیتالیزم پێناسەی "بە سادەترین وتە، کاپیتالیزم پارچەکەر و لەبەریەک هەڵوەشێنەری بە کۆمەڵگە بوونە، سیستمی ئەتۆمیزەکردنی کەسایەتییەکانە. بۆیە قورسترین و گەورەترین هیرش و مەترسی لەسەر بە کۆمەڵگەبوونە، کە مرۆڤەکان لە بەها بنەڕەتییەکانی خۆیان دوور دەخاتەوە.

مرۆڤایەتی بە بە کۆمەڵگە بوون دەبێت. بە کۆمەڵگەبوونیش هاوکارییە. بە فەرەنسی بەوە دەڵێن، ژیانی کۆمۆن. چەمکی کۆمۆنیزمیش لە هاوکاری، بە کۆمەڵ بوون و ژیانی پێکەوە سەرچاوە دەگرێت. وەک دەزانرێت، ئاری، یان ئێرانی یانی هاوکاریی بە کۆمەڵ و کۆمەڵگە. دەکرێت وشەى کۆمۆنیزم لەو سەرچاوە فەرەنسییەوە هاتبێت. هەمووان لەسەر ئەوە هاوڕان، کە بەبێ بە کۆمەڵبوون مرۆڤایەتی نەیدەتوانى خۆی بەم سەردەمە بگەیەنێت. مرۆڤایەتى بە بە کۆمەڵبوون گەیشتە ئەم سەردەمە. کاپیتالیزمیش دژە کۆمەڵە. کۆمەڵ هەبێت، کاپتیالیزم نابێت، کاپیتالیزم هەبێت کۆمەڵ نابێت.

کاپیتالیزم بۆ ئەوەى دەستوەردان لە بە کۆمەڵبوونی کۆمەڵگە وەربدات، دەبێت بە کۆمەڵبوونی کۆمەڵگە لەبەر یەک هەڵوەشێنێت. چەند بتوانێت کۆمەڵ لە یەکتر دووربخاتەوە ئەوەندە دەتوانێت کۆمەڵبوون بگۆڕێت بۆ کەسبوون، ئەوەش نیشانەى سەرکەوتنى کاپیتالیزمە. ئەوەش هێرشێکە لە دژی هەناو و جەوهەری کۆمەڵگەبوون".

ئەنگین، دەستوەردان لە سروشت و گۆڕینی جیناتەکانی بە یاد هێنایەوە و رایگەیاند، ئەوەش روونە، کە یاریکردن بە دۆخی سروشتی چیی بەسەر مرۆڤدا هێناوە.

"کاپیتالیزم تاوەکو ئێستا بووەتە سەرچاوەى چەندین نەخۆشی و هێشتاش هەر نەخۆشی دروست دەکات"

ئەنگین رایگەیاند، کاپیتالیزم ئەو جیناتەی، کە لە سروشتدا نییە دروستی دەکات و بەو شێوەیە دەیکاتە بەڵا بەسەر مرۆڤایەتییەوە و وتی "بە کورتی باجی یاریکردن و دەستوەردان لە سروشت هەموو کات قورس بووە. کاپیتالیزم بۆ خۆی یاریکردنە بە سروشت و بە بە کۆمەڵگەبوون، بۆیە تاوەکو ئێستا زۆر نەخۆشیی مەترسیداری ئافراندووە و هێشتاش بەردەوام لە ئافراندنیان".

ئەنگین باسی ئەوەیکرد، سەرچاوەى هەموو نەخۆشییەکان لە ئایدزەوە تاوەکو کۆرۆنا بەهۆی هەوڵەکانى کاپیتالیزمەوە بوون.

"ڤایرۆسی کۆرۆناش بە دەستی سیستمی کاپیتالیست وەرگەڕا بۆ بەڵایەک بەسەر مرۆڤایەتیەوە"

قاسم ئەنگین ئەندامی کۆمیتەى ناوەندیی پەکەکە ئاماژەى بەوەکرد، کاتێک پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بەو شێوەیە لێکدانەوەى بۆ بکرێت ئەوا بە باشی ئەوە روون دەبێتەوە، کە نەخۆشی و پەتاییەکە، کە لەلایەن سیستمی کاپیتالیزمەوە وەرگەڕاوە بۆ بەڵایەک بەسەر مرۆڤایەتییەوە.

ئەنگین ئەوەشی وت "کاتێک ئێمە ئەوە دەڵێین، بەو مانایە نییە، کە کاپتیالیزم بۆ سوودوەرگرتن لەو نەخۆشییە، ئەو نەخۆشییەوە بە ئەنقەست دروستکردووە و بڵاویکردووەتەوە، بەڵکو دەبێت ئەوە بزانرێت، کە یاریکردن بە بناغەى سروشت، گۆڕینی جیناتەکان، پیشەسازی، کە دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە و شارە زۆر گەورەکان، کە لە ئەنجامدا دەبنە هۆی دەرکەوتنى پەتا و کارەسات لە کارەکانى ئەو سیستمەن".

ئەنگین باسی ئەەوەشیکرد، نەخۆشیی ئایدز، ئەنفلۆنزای باڵندە، ئەنفلۆنزای بەراز، ئیبۆلا و پەتا و نەخۆشیی تری هاوشێوەی ئەوانە، بوونەتە هۆکاری گیان لەدەستدانی ملیۆنەها مرۆڤ، هەموویان لە شارەکانەوە سەریانهەڵداوە و بە ناو مرۆڤایەتیدا بڵاوبوونەتەوە.

"پاکێجەکانى چارەسەریی کاپیتالیزم بۆ کۆرۆنا شکستیانهێناوە"

ئەنگین ئەوەشی وت "بۆیە یەکێک لەو کارە سەرەتاییانەى کە دەبێت ئەنجام بدرێت، ئەوەیە لە بەرامبەر ئەو شارانەدا کە دانیشتوانەکانیان ملیۆنەها کەسە، سەدان هەزار گوند دروست بکرێن و لەو رێگەیەوە مرۆڤایەتی جیهان وەرچەرخێت بۆ گۆڕەپانی ژیانی. بۆ سەرلەنوێ دانانەوەى هاوسەنگیی نێوان گوند و شارەکان، ناوچەى ئەڵتەرناتیڤی شارەکان دروست بکرێت. شارەکانیش بۆ ئەوەى ببنە شوێنى ژیان، پێویستە بچووک بکرێنەوە.

هەموو پاکێجەکانى چارەسەریی کاپیتالیزم بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا شکستیانهێناوە. نیشانەکانى ئەو شکستەش شارە گەورەکانن، کە دانیشتوانیان ملیۆنەها کەسە. لە تورکیا نەخۆشییەکە لە ئیستانبول بڵاوبووەتەوە و سەدا ٦٠ی هەموو نەخۆشییەکە لەسەرتاسەری تورکیا لە ئیستانبولە. دۆخی نیویۆرک زۆر خراپترە. دۆخی لەندەن و پاریسیش لەو دۆخە جیاوازتر نین. شاری وهان، کە بە ناوەندی پەتاکە دەناسرێت، دانیشتوانەکەى ١١ ملیۆن کەسە. ئەەش بە مانای ئەوەیە، کە دانیشتوانێکى زۆر یانی شارێکى گەورە".

"ژیانی بە کۆمەڵ و کۆمۆن بووەتە تاکە ئومێدی ژیانی مرۆڤایەتی"

ئەنگین لە کۆتایی وتەکانیدا وتی "لەو دۆخێکدا کە کاپیتالیزم مایەپوچ بووە، ژیانی کۆمۆن و بە کۆمەڵ، یانی ژیانى کۆمۆنیستی بووەتە تاکە ئومێدی ژیانی مرۆڤایەتى و وەک شێوازێکى نوێی ژیان هاتووەتە ناو رۆژەڤی مرۆڤایەتى. ئەوەى لە ئێستا بە دواوە دەبێت بکرێت، ژیانی بە کۆمەڵ و کۆمۆن و ژیانی هاوبەشە".

ژ.ت