ئەو گروپەی لە زینی وەرتێ ڕێگرییان لێکرا لێدوانێکیان بڵاو کردەوە
ئەو گروپەی لە ڕانیەوە بەرەو زینی وەرتێ دەچوون، لە شارەدێی سەرکەپکان ڕێگرییان لێکرا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند: چالاکیەکەمان تا چارەسەریی کێشەکە بەردەوامە.
ئەو گروپەی لە ڕانیەوە بەرەو زینی وەرتێ دەچوون، لە شارەدێی سەرکەپکان ڕێگرییان لێکرا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند: چالاکیەکەمان تا چارەسەریی کێشەکە بەردەوامە.
ئەمڕۆ گروپێک لە پەرلەمانتارانی پێشوو، پێشمەرگە دێرینەکان، سیاسەتمەداران، کەسایەتییە سەربەخۆکان و خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕین، بەنیازبوون بچنە زینی وەرتێ و داوا لەو هێزە سەربازییانەی لەوێ جێگربوون لە ناوچەکە بکشێنەوە، بەڵام ڕێگرییان لێکرا.
گروپێک لە هاوڵاتیان توانیبوون خۆیان لە ڕانیەوە بگەیننە شارەدێی سەرکەپکان، کاتژمێر ٠١:٣٠ خولەکی دوانیوەڕۆ، ویستیان بچنە زینی وەرتێ، بەڵام لە ناو شارەدێیەکە لەلایەن ئاسایشەوە ڕێگرییان لێکرا.
لەسەر ئەو ڕێگرییە، گروپەکە لێدوانێکیاندا کە لەلایەن هاوڕی کاسترۆ لەسەر ناوی دەستپێشخەری چالاکییەکەوە خوێندرایەوە و ڕاگەیەندرا کە زینی وەرتێ بۆ هەموو کورد گرنگە، بۆیە ئەوان وەک گروپێکی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، لەگەڵ هاوڵاتیانی ناوچەکە ویستوویانە کێشەکە چارەسەر بکەن.
کاسترۆ ئاماژەی بەوەدا کە پەیامەکەیان ئاشتیانەیە و وتی: پێشتر لەگەڵ هاوڵاتیانی ناوچەکە داواکاریمان پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگە کرد، بەڵام وەڵاممان نەدرایەوە، هەنگاوی دووەممان ئەمە بوو کە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان چالاکییەکی بەرفراوان و سەربەخۆ ئەنجامبدەین و پەیاممان بگەینین، داواکاریمان ئەوەیە کە ئەو ئاڵۆزییە بە شێوەیەکی مەدەنیانە چارەسەر ببێت.
کاسترۆ ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ویستمان بچینە زینی وەرتێ و پەیاممان بگەینین، بەڵام لە هەموو ئەو ناوچانەی هاوڵاتیان بەڕێکەوتبوون، ئاسایش ئاستتەنگییان بۆ دروستکردبوو، بیانوەکەشیان ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، بەڵام ئەمە ڕاستیی نییە، ئێستا وایلێهاتووە کە ئێمە لێڕە ناتوانین چالاکیی مەدەنیش بکەین، نامانەوێت ناوچەکەمان لەوە زیاتر ئاڵۆز بێت، دۆخی ناوچەکە لە خۆیەوە باش نییە.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا، هاوڕێ کاسترۆ، داوای لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرد کە دۆخەکە ئاسایی بکاتەوە.
دواتر لەتیف حارس، ئەندامی دەستپێشخەری چالاکییەکە، وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە لەسەر ڕێگرییەکان و وتی: ئەم ڕێگرییە لە چالاکییەکە نیشانیدا کە ناردنی هێز بۆ زینی وەرتێ، دەستی یەکێتی و پارتی تێدایە.
ز.ش