'با ژنانی ئێزیدی لە هەموو روویەکەوە خۆیان پەروەردە بکەن'

تا ئێستا ٧٤ فەرمان لە دژی گەلی کوردی ئێزیدی دراون، بەڵام ژنانی ئێزیدی هیچ کات وازیان لە خاکەکەیان نەهێناوە، ئێستاش خۆیان پەروەردە دەکەن و رێکخستنبوونی خۆیان بەرفراوانتر دەکەن.

ژنانی ئێزیدی کە کولتوری کۆن و دێرینی کوردەواریان لای خۆیان پاراستووە، لە رووی خاوەنداری و پاراستنی کۆمەڵگای ئەخلاقیشەوە بوونەتە پێشەنگ. ژنانی ئێزیدی کە ٧٤ جار رووبەرووی فەرمانی دوژمنان بوونەتەوە، هیچ کاتێک تەسلیم نەبوون. لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا ٧٤هەمین فەرمان لە دژی کۆمەڵگای ئێزیدی درا، بەڵام تا ئەمڕۆش ژنانی ئێزیدی لە خۆڕاگریدان و دەستیان لە خاکەکەیان هەڵنەگرتووە، بەڵکو بە پێچەوانەشەوە خۆیان پەروەردە دەکەن و بەرێکخستنبوونی خۆیان بەرفراوانتر دەکەن.

ژنانی ئێزیدی بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان بپارێزن و چەک بەکار بهێنن، لە لایەن ئەنجومەنی بزوتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزیدی – TAJÊوە بەشداری خوولی پەروەردەیی دەبن.

فەهیما سلێمانی ئەندامی ئەنجومەنی TAJÊ کە بەشداری لە خوولی پەروەردەی کلاشینکۆفدا بووە، وتی:"ئێمەش لێرە ئامادە بووین، ئەم خوولە جێگای دڵخۆشیمانە. بۆ ماوەی ١٢ رۆژ پەروەردەی تیۆریمان بینی. ئەمڕۆ ناسینی چەک بۆ ئێمە بوو بە دەرفەتێکی باش. لە ساڵی ٢٠١٤ فەرمانێکمان بەسەرهات، بەڵام ئێستا ئێمە بەشداری لە خوولەکانی پەروەردە و فێربوون دەبین و خۆمان پەروەردە دەکەین. ئێمە هیچ کات ناهێڵین دوژمن لێمان نزیک ببێتەوە. بانگەوازی ئێمە بۆ ژنان ئەوەیە کە خۆیان فێری بەکارهێنانی چەک بکەن. ژنانی ئێزیدی با بێن و خۆیان بە رێکخستن بکەن و بەشدار بن لە خەباتەکانی TAJÊ."

جەلیلا مەتۆش شێرە ژنێکی دیکەی ئێزیدیە کە بەشدار لە خوولی پەروەردەی چەکدا کردووە و وتی:"ئێمە وەکو ژنانی ئێزیدی بەشداریمان کردووە لە پەروەردەی تیۆریدا. دایکانیش بەشداریان کردووە. ئەم خوولە زۆر بەسوودە. بەر لە فەرمانەکە ئێمە هیچ پەروەردەیەکی بەم چەشنەمان نەبینیبوو. ناتوانین بڵێین ئەم پەروەردەیە بەسە، دەبێت خۆمان بەهێزتر بکەین. خۆمان فێری بەکارهێنانی چەکیش کردووە."

جەلیلا بانگەوازیەکی ئاڕاستەی ژنانی ئێزیدیش کرد و داوایان لێکردن کە خۆیان بەڕێوە ببەن و خۆیان نەخەنە ژێر دەستی پیاوانەوە.

ز.ش