وەک هەموو جیهان لە تورکیا و باکووری کوردستانیش ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە و دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی هاوڵاتیان. بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی تورک ڕێوشوێنی پێویستی بەرانبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە نەگرتووەتەبەر، گەل خۆی ڕێوشوێن دەگرێتەبەر. لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەکی زۆر خێزان بۆ گوندەکان کۆچیان کردووە.
ژمارەیەک خانەوادە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گەڕاونەتەوە بۆ گوندەکانیان کە ساڵەکانی ١٩٩٠ دا لە لایەن دەوڵەتەوە بە زۆر کۆچیان کردبوو. زیاترین خانەوادە بۆ پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان گەڕاونەتەوە. ئەو خانەوادانە لە گوندەکانیان دەستیان بە دروست کردنی خانوو کردووە و سەرقاڵی کشتوکاڵ و باخ و ڕەزن. ژمارەیەکی زۆر خانەوادە بۆ گوندەکانی چەمی ئالەکانان، خەلیلا، بەکۆپی، خەنانس، سومانس، کۆتانیسی سەر بە ناوەندی جۆلەمێرگ گەڕاونەتەوە.
هەروەها زۆر خێزانیش لە ناوچەکانی ئیپەکیۆلۆ، توشبا، ئەدرەمیت و ئەرجیشی وان گەڕاونەتەوە بۆ گوندەکانیان. ئەو کەسانەی بۆ گوندەکانیان گەڕاونەتەوە ڕایانگەیاند، قەڵەباڵغیەکی زۆر لە ناوەندی شار و ناوچەکان هەیە و مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆرە و گوندەکانیان هەم ئارام و سروشتیە و هەم دەتوانن خۆیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر بپارێزن.
ف.ق