تەڤگەری ئازادی: بە رۆحیەتى شەهیدانى ٢٤ی ٤ مەترسیی کۆمەڵکوژی و داگیرکەریی سەر کوردستان تێکدەشکێنین

ئەنجومەنی هەرێمی راپەرینی تەڤگەری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان بە بۆنەى ساڵیادی کۆمەڵکوژیی قەڵادزێ راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى تەڤگەری ئازادیدا هاتووە، هێشتا مەترسیی کۆمەڵکوژی و داگیرکەری لەسەر کوردستان هەیە. راشیگەیاند، "بە روحیەتی شەهیدانی ٢٤ی٤ و راپەڕینەوە مسۆگەر شکست بەپیلانی داگیرکاری سەرهەرێمەکەمان دێنین".

دەقی راگەیاندراوەکەى تەڤگەر ئازادی

بەیاننامەی تەڤگەری ئازادی ئەنجومەنی هەرێمی راپەرین

بۆ رۆژی ٤/۲٤ کۆمەڵکوژی شاری قەڵادزێ

٢٤ی٤ رۆژی بۆمبارانکردن و کۆمەڵکوژی خەڵکی شاری قەڵادزێیە کەلەلایەن فڕۆکەجەنگیەکانی رژێمی بەعسی عێراقی لەناوچوو لەساڵی ۱۹۷٤ ئەنجامدرا. لەوتاوانە گەورەیەدا کە ناوەندی شارەکە و قوتابخانە و نەخۆشخانە و شارەوانی و شوێنی مانەوەی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی کە بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە لەو شارەدا درێژەیان بەخوێندن ئەدا بەچەکی قەدەغەکراوی ناپاڵم ئەو شارەیان خەڵتانی خوێن کرد، کە لەئەنجامدا ۱۳۸هاوڵاتی شەهید و دووئەوەندش بریندارو کەم ئەندام بوون، کومەڵکوژی سەر خەڵکی کورد پەروەری پشدەر بۆ شکاندنی ئەو ئیرادە بەهێزەی خەڵکی ئەوشارە بوو لە بەرامبەر داگیرکاریدا راوەستابوون.

 هەرکاتێک داگیرکەران نەیان توانیبێت گەل دەستەمۆ بکەن و بیانخەنە ژێر ركێف و تەسلیمیان بکەن بەکۆمەڵکوژی و رووبەرووی گەلی کورد بوونەوە لەهەڵەبجە بەچەکی کیمیای و لە گەرمیان بەئەنفال جینۆسایدێکی کەم وێنەی مەزنتریان ئەنجامدا بەبەرچاوی جیهانه‌وه‌.

 لە رۆژگاری ئەمڕۆشدا داگیرکەرانی سەر کوردستان بەتایبەت دەوڵەتی فاشستی تورکیا لەهەرکاتێک زیاتر بۆ شکاندنی هێڵی تێکۆشانی گەلی کورد و بزوتنەوە ئازادیخوازیەکەی بەهەموو توانای خۆی و هاوپەیمان و نۆکەرانی ناوخۆییەوە بەردەوامە لەئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و تاوانی دژبەمرۆڤایەتی لە باکوری کوردستان تادەگاتە رۆژئاوا و باشوری کوردستان تاوان لەسەرتاوان ئەنجام ئەدات جینۆسایدی ئێزیدیەکان لەشەنگال وکومەڵکوژی سەرکۆبانێ و عەفرین و سەرێکانی و چەندین تاوانی دیکە بەبەرچاوی دنیاوە دەکرێن.

 لەکاتێکدا دەبوایە لەو رۆژەدا بە شکۆیەکی مەزنەوە یادی شەهیدانی٢٤ی٤ شاری قەڵادزێمان بکردایەتەوە و یەکگرتوویی خۆمان نیشانی داگیرکەرانی سەر کوردستان بدایە، بەداخەوە بەهۆی ناکۆکی و خۆگرێدان بەداگیرکەران و بەرژه‌وەندپەرستییەوە داگیرکاری بەپشتیوانی هێڵی خیانەت بەردەوامە لەسەر پارچەکردنی هێز و تواناکانی گەل هەرئەوەش وای کردوە مەترسی و کۆمەڵکوژی لەسەر گەلی کورد درێژەبکێشێت.

 بۆیە لەو یادە تاڵەی ٢٤ی٤ دا بانگەوازی لەگەلی وڵات پارێزی کوردستان و سەرجەم لایەن و رێکخراوە مەدەنییەکان و ژنان و گەنجانی دڵسۆز و تێكۆشه‌ر دەکەین بەتایبەت لەهەرێمی راپەرین بە ئیرادەیکی یەکگرتوی بەهێز هەروەک چۆن پێشەنگایەتی راپەرینتان کرد و گەورەترین و دڕندەترین رژێمی دیکتاتۆری بەعس تان بەچۆکداهێنا هەروەک چۆن بێباکانە رووبەروی شەری خیانەتکاری بوونەوە، هەروەک چۆن دەیان ساڵە پشدەر و بیتوێن پشت و بازوی قەندیلی قەڵای خۆڕاگرییە و سەردانانەوێنێ بۆ داگیرکەران، هەربەو هێز و ئیرادەیەوە بەروحیەتی شەهیدانی ٢٤ی٤ و راپەرینەوە مسۆگەر شکست بەپیلانی داگیرکاری سەرهەرێمەکەمان دێنین، کە لە ئێستادا ئەو پیلانگێریە بەهێنانی هێز بۆ زینی وەرتێ دەستیپێکردووە. لەسەر ئەو بنەمایە پشتگیری لە خەڵکی وڵاتپارێزی ناوچەی وەرتێ و شاورێ و دۆڵی ئاکۆیەتی دەکەین بۆ چوونەدەری ئەو هێزانە بۆ شۆێنەکانی خۆیان و گێڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە، کە ئەوەش کاری هەرەراستە، جگە لەوە گەلی کورستان بەهیچ جۆرێک شەڕ و ئاڵۆزی قبوڵناکات.

ژ.ت