حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک داوای کۆتایی پێهێنانی ئاڵۆزیەکانی زینی وەرتێ و هێوركردنەوەی دۆخەكە دەکەن

سەرجەم حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە حزبە دەسەڵاتدارەکانی باشور کرد ئەو گرژییەی نێوانیان هێورکەنەوە.

سەرجەم حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک کۆبوونەوەیەکی (ئۆنڵاین)یان ئەنجامدا سەبارەت بە چەند پرسێکی هەستیار کە تەواوی ناوچەکانی باشوری کوردستانی گرتۆتەوە، ئەو پرسانەش بریتبوون لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەی زینی وەرتێ و راگرتنی شەری ڕاگەیاندنی نێوان حزبە سەرەکیەکان و هێرشەکانی داعش بۆ سەر کەرکوک و ناوچە دابرێندراوەکان.

سەبارەت بەو کۆبوونەوە هاوبەشەی حزبە کوردستانیەکان، مامۆستا ئەسکەندەر سەلیم بەرپرسی پەیوەندیەکانی ئەنجومەنی کەرکوکی تەفگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "لە ئیستادا لە باشوری کوردستان بارودۆخێک هاتووتە ئاراوە کە گرژی کەوتۆتە نێوان هێزە باڵا دەستەکانی کوردستان، ئێمە وەکو ئەنجومەنی کەرکوکی تەفگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان بۆ پارێزگاری لە یەکریزی گەلی کورد و بەرقەرار بوونی ئاشتی لە باشوری کوردستان بە گرنگمان زانی کە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش ئەنجام بدەین لەگەل حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک."

سەبارەت بە هەڵوێستی حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک لەسەر ئەو گرژییەی ناوچەی زینی وەرتێ، مامۆستا ئەسکەندەر سەلیم ڕایگەیاند: ''خۆشبەختانە توانیمان (حەرام)کردنی خوێنی کورد بەدەستی کورد بکەینە خاڵی سەرەکی، هەروەها بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ناوچەکە و کشانەوەی ئەو هیزانەی کە جولێندراون بۆ ناوچەیەی زینی وەرتێ، چونکە پاراستنی ناوچەی زینی وەرتێ دەتوانرێت بدرێت بە پۆلیس یان خەلکی ئەو ناوچەیە، بۆیە پێویست بە جولاندنی هێز ناکات."

سەبارەت بە هەڵوێستی حزبە کوردستانیەکان لەسەر چربوونەوەی هێرشەکانی داعش لە کەرکوک و ناوچە دابرێندراوەکان، مامۆستا ئەسکەندەر سەلیم ڕایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر هێرشەکانی داعش لە شاری کەرکوک و ناوچە دابرێنراوەکان و داواکرین هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوبەشی لەگەل هێزە عێراقییەکان بەرپەرچی ئەو هێرشانەی داعش بدەنەوە کە کراوەتە سەر ئەم ناوچەیە."

سەبارەت بەو حزبانەی کە بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد، ئەسکەندەر سەلیم بەرپرسی پەیوەندیەکانی تەڤگەری ئازادی لە کەرکوک وتی:" سەرجەم حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک بەشداری کۆبوونەوەکە بوون کە بە (ئۆنڵاین) ئەنجامدرا چەند حزبێک کێشەی تەکنیکیان هەبوو بەڵام بەردەوام بووین لە پەیوەندی بەستین لەگەڵیان و ئەوانیش هاوڕابوون لەسەر بەیاننامەکە."

لە بەیاننامەکەی سەرجەم حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوکدا هاتووە:

بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

وەك لای هەمووان ئاشكرایە كە لە ماوەی ڕابردوودا لە زینی وەرتێ كێشە و ئاڵۆزی كەوتۆتە نێوان بەشێک لە لایەنەكان ئەمەش بووە هۆی ئەوەی گەلەكەمان دووچاری ترس و دڵەڕاوكێ ببێتەوە لە كاتێكدا كە پێویستە لە قۆناغێكی وەها دژواردا گەلەكەمان لە هەر كاتێكی تر یەكگرتووتر بێت و تەواوی لایەنەكان بەر پرسیارانە تر مامەڵە لەگەڵ قۆناغەكە بكەن و هەوڵی ئاشتەوایی و یەكیتی نەتەوەی لە پێناوی بەرەو پێشبردنی دۆزی گەلەكەمان بدەن.

ئەمانە لە كاتێكدایە كە جێهان و كوردستان دووچاری پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆەتەوە قەیرانێكی وەهای خوڵقاندووە كە تەواوی جومگەكانی ژیانی ڕاگرتووە، لە لایەكی دیکەوە گروپی تیرۆرستی داعش ڕۆژانە هەڕەشە لە كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان دەکەن و ڕۆژانە هێرش دەكەن و خەڵكی بێتاوان دەبنە قوربانی.

هەموو ئەمانە بونەتە قەیرانێكی گەورە بۆ سەر گەلەكەمان، ئەوە ئەركی تەواوی لایەنەكانە كە هاوكاری یەكتر بن تاوەكو گەلەكەمان لەم  قۆناغە دژوارەدا دەربهێنین.

بۆ ڕێگە گرتن لە ئاڵۆزێکانی زینی وەرتێ و هێور كردنەوەی دۆخەكە

تەواوی لایەنە سیاسیەكانی كەركوك چەند داواكارییەك دەخەینە بەردەم حكومەتی هەریمی كوردستان و ئەو هێزانەی كە بونەتە هۆكاری ئالۆزیەكانی زینی وەرتێ.

یەکەم/ داوا لە تەواوی ئەو هێزانە دەكەین لە زینی وەرتێ بكشێنەوە و ناوچەكە بۆ خەڵكی زینی وەرتی بە جێ بهێڵن.

دووەم/ لە بری هێزی سەربازی پۆلیس ڕەوانەی شوێنەكە بكرێت.

سێیەم/ شەڕی ڕاگەیاندن ڕابگرن.

چوارەم/ حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆڵی كاریگەر بگێرێت لە دروستکردنی حکومەتی عێراقی و  ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركوكیش مەرجی یەكەمی بەژداریكردن بێت لە حكومەتدا.

پێنجەم/ هەوڵەكانی بخاتە گەر تاوەكو هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هێزی سەربازی عێراقیدا ڕۆڵی كارا ببینێت لە پاراستنی كەركوك و ناوچەكانی تردا.

جارێكی تر داواكارین لە حكومەتی هەرێم و تەواوی لایەنەكان بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن و هەموو هەوڵی خۆیان لە پیناوی سەقامگیری گەلەكەمان بدەن.

ز.ش