دانیشتوانی بناری قەندیل: دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت شەڕی براکوژی هەڵگیرسێنێت

دانیشتوانی بناری قەندیل لە دژی کۆکردنەوەی هێز لە زینی وەرتێ گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، ئەو هەنگاوە بە واتای شەڕ دێت و ئێمەش دژی شەڕی براکوژین، دەشڵێن: دروستکردنی شەڕی براکوژی پلانی دەوڵەتی تورکە بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە داگیر بکات.

دوای نیوەرۆ ئەمرۆ لە گوندی بەستێی هەرێمی مارادۆی بناری قەندیل گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دژ بە ئاڵۆزیییەکانی زینی وەرتێ ئەنجامدرا.

لە گردبوونەوەکەدا کە بەشێک لە هاوڵاتیانی بناری قەندیل تێیدا ئامادەبوون، شێخ محەمەدی بەستێ، بەناوی ئەنجامدەرانی گردبوونەوەکەوە ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو: مێژوو شاهیدە کە دوژمنانی کوردستان هەمو کات سودیان لە ناکۆکی و دووبەرەکی نێوان هێزە کوردییەکان بینیوە، نەیانهێشتووە کورد بە ئازادیی و سەربەخۆیی بژی، لە خاک و وڵاتی خۆی دەربەدەر و ماڵ وێران کراوە، ئەویش بەدەستی گروپێکی نۆکەر و خیانەتکار و خۆفرۆش، کە خۆیان بە کورد دەزانن و دەستی دوژمنان دەگرن و خاک و وڵاتیان پێشکەش دەکەن، بە داخەوە لە کاتێکی وا هەستیار کە جیهان بە دەستی نەخۆشی کۆرۆناوە دەناڵێنێت، پارتی دیموکراتی کوردستانی-عێراق بە بیانووی بوونی ڕێگای قاچاخ و نەخۆشی کۆرۆنا هەوڵدەدات شەڕی براکوژی دەستپێبکات و بووەتە داردەستی تورکیا و نمونەی ئەو ڕاستیەش ئەوەیە، هێرش و ئابلوقەدانی سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور، هێرشەکانی سەر شەنگال و شەهید و بریندارکردنی چەندین هاوڵاتی مەدەنی و ناردنی سیخور و ئاشکراکردنی بنکەو بارەگاکانی گەریلای دەستپێکردووە.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هێنانی هێزێکی زۆری پێشمەرگە بە چەکی قوورس بۆ سەر زینی وەرتێ کە دوای شەڕی ناوخۆ ئارامترین شوێنی هەرێمی کوردستانە، بەمانای شەڕە و ئەمەش بەشێکە لە پیلانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، ئەوەی لەزینی وەرتێ ڕوودەدات لەساڵانی ۲۰۱٨ و ۲۰۱۹ لە بادینان و بڕادۆست ڕوویدا و کەوتە دەست دەوڵەتی تورکیا و لە ئەنجامدا بە سەدان گوند وێران کران و خەڵکێکی زۆر شەهید و بریندار و دەربەدەر کران.

لە کۆتایدا هاتبووە: ئێمەی گەلی بناری قەندیل دژی شەڕی براکوژی و هێنانی هێزین بۆ زینی وەرتێ، کە ناوچەیەکی ئارامە و هیچ پێویستی بەو هێزە نییە، داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ و کەسانی ئازادیخواز و گەلی کوردستان دەکەین کە ڕێگا نەدەن بە هەڵگیرساندنی شەڕی بڕاکوژی و نەکەونە ناو پلانی چەپەڵی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کە ئامانجێتی قەندیل داگیر بکات، ئێمەش بە هیچ شێوەیەک داگیرکاری قبوڵ ناکەین و وڵاتی خۆمان دەپارێزین.

ز.ش