فەهیم: مانگی گوڵان مانگی تێکۆشان و بەرخۆدانە

ئەندامێکی کۆردیناسیۆنی کژار ئاماژە بەوە دەکات، کە مانگی گوڵان مانگی تێکۆشان و بەرخۆدانە و ڕایدەگەینێت: لەم مانگەدا پێشەنگانی ئازادی بۆ ژیانێکی ئازاد تا کۆتایی ڕەنجیان دا.

ئەندامێکی کۆردیناسیۆنی کژار ئاماژە بەوە دەکات، کە مانگی گوڵان مانگی تێکۆشان و بەرخۆدانە و ڕایدەگەینێت: لەم مانگەدا پێشەنگانی ئازادی بۆ ژیانێکی ئازاد تا کۆتایی ڕەنجیان دا و وەک کژار لە هەر هەلومەرجێکدا، بۆ شایستە دەرکەوتن لە ئاست شەهیداندا، کار دەکەین و خاوەنداری لە ڕەنجی شەهیدان دەکەین.

ئەمڕۆ ١٠ـەمین ساڵوەگەڕی لەسێدارەدانی، شەهیدان؛ "شیرین عەلەمهولی، فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و مەهدی ئیسلامیان"ـە، لەسەر ئەو بابەتە، گوڵان فەهیم ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژار، بۆ ڕۆژنیوز دوا.

لە دەستپێکی قسەکانیدا گوڵان فەهیم، تێکۆشەرانی مانگی گولانی بەبیر هێنایەوە و وتی: مانگی گوڵان مانگی تێکۆشان و بەرخۆدانە، لەم مانگەدا پێشەنگانی ئازادی بۆ ژیانێکی ئازاد تا کۆتایی ڕەنجیان دا و هیوایەکی گەورەیان لەناو گەلاندا دروستکرد، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەمیشە تێکۆشانی بەرەی بەرخۆدان بەرامبەر بەرەی دەسەڵاتداری بەردەوام بووە.

گوڵان فەهیم لە بەردەوامیدا وتی: مێژووی گەلی کورد پڕاوپڕە لە سەرهەڵدان، ئەو سەرهەڵدانانەش بە خوێنی هەزاران تێکۆشەر گەورە کراوە و گەیشتووەتە لوتکە، شوێنکەوتووانی بزوتنەوەی ئاپۆیی ئەم تێکۆشینەیان هەنگاو بە هەنگاو گەورە کردووەتەوە، نە تەنها گەلی کورد هەموو مرۆڤایەتی هەبوونی خۆی لە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دەبینێتەوە.

لەسەر گرنگیی مانگی گوڵانیش، فەهیم وتی: مانگی گوڵان، مانگی تێکۆشانی زیندووکردنەوەی ویژدانی هەرەوەزیی کۆمەڵایەتییە، مانگی شەهیدان و بنەماکانی بەهای هاوبەشی گەلانە، کە هەمیشە دەمینێتەوە.

گوڵان فەهیم لە بەردەوامیی قسەکانیدا باسی واتای شەهید دەکات و دەڵیت: هیچ وڵات و خاکێک بێ ئەوەی بەهاکەی بدات، نەپارێزراوە ئەو قارەمانانەی بەم ئەرکە مێژوویی و مرۆییە هەڵدەستن و بێ حەساب و بێ ئەوەی تەکلیفیان لێبکرێت دەجوڵێنەوە، شەهیدن، شەهید نامرێت پێناسەی ڕاستەقینەی ئەو وشەیەیە، شەهید پردی نێوان مردن و ژیانە، خۆشەویستی ژیان دەڵێنەوە، خۆشەویستی پێویستی بە ڕەنجە، ڕەنجی گەورەش بە بەخشینی گیان دەدرێت، مانگی گوڵانیش لەو مانگانەیە کە لە مێژووی گەلان و کوردستاندا ڕەنجی زۆری بۆدراوە.

گوڵان فەهیم لە بەردەوامیدا بە ئاماژەدان بەو شەهیدبوونانەی لەم مانگەدا لە چواربەشی کوردستان، تورکیا و سوریا ڕوویانداوە، دەڵێت: وەک چوون لە مێژیش هەبووە، ئەمڕۆش دوژمن لە هەموو شوێنێک، لەدژی ئیرادەی گەلی کورد بێوەستان شەڕێکی سەخت بەڕێوەدەبات، لەبەرامبەر ئەم هەموو زۆڵم و زۆرەی دەسەڵاتداراندا، پێشەنگانی ئێمە هێڵێکیان خوڵقاند، کاتێک هەڤاڵ شیرینیان بردە بەر پەتی سێدارە، وتی 'ناتوانن بە نکۆڵی لە کورد بوونم، نکۆڵی لە هەبوونم بکە'، لەیلا قاسم دەڵێت 'بە لە سێدارەدانی من، گەلێک هۆشیار دەکەنەوە و سەدان لەیلا لەدایک دەبێت'، مردن بۆ دوژمن ئەگەر وەک ئەژدەهایەک بێت، بۆ فەرهاد وەکیلی وەک مێروویەک بوو، ئەم وتانە وشە بە وشە، مانیفستۆ (نەخشەڕێگا)ی ژیانە، کۆمەڵگا لە شوێنکەوتوویی ڕێگەی شەهیدان بەرپرسیارە، ئەمەش بە هێزی جەوهەری دەبێت، وەڵامدانەوەش بەمە مسۆگەر دەبێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا، گوڵان فەهیم ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژار، جارێکی دیکە بە ڕێزدارییەوە شەهیدانی مانگی گوڵانی بەبیرهێنایەوە و ڕایگەیاند: وەک کژار لە هەر هەلومەرجێکدا، بۆ شایستە دەرکەوتن لە ئاست شەهیداندا، کار دەکەین و خاوەنداری لە ڕەنجی شەهیدان دەکەین.

ف.ق