لقی سلێمانی سەندیکای تەندروستی بەهۆی پێنەدانی مووچەوە بایکۆتی دەوامی ڕاگەیاند

سەندیکای کارمەندانی تەندروستی سلێمانی بەهۆی پێنەدانی مووچە بایکۆتی دەوامی سەرجەم کارمەندانی تەندروستی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، تا جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان لە بایکۆت بەردەوام دەبن.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا هاوژین عوسمان نەقیبی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، کە سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لقی سلێمانی بڕیاری بایکۆتی دەوامی لەسەرجەم ناوەندەکانی تەندروستی داوە، جگە لە شوێنە هەستیارەکان و ئەو شوێنانەی ڕووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبنەوە.

داواکارییەکانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بەمشێوەیەیە:

یەکەم، سەرجەم کارمەندانی تەندروستی گرێبەست بکرێنە هەمیشەیی، هەروها دامەزراندنی خۆبەخشەکان کە زیاتر لە دوو هەزار خۆبەخشی کارمەندی تەندروستی هەیە.

دووەم، دابینکردنی مووچەی کارمەندانی تەندروستی.

سێیەم، بە دوو هێندە ئەژمارکردنی خزمەتەکەیان لە ماوەی ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

چوارەم، پێدانی پارچە زەوی بە کارمەندانی تەندروستی.

پێنجەم، پێدانی ئەو پاداشتەی کە حکومەتی عێراقی تەرخانی کردووە بۆ سەرجەم ناوەندەکانی تەندروستی لە سەرتاسەری عێراق، کە بۆ هەر کارمەندێک بڕەکەی ٥٠٠ هەزارە دینارە.

ف.ق