لە باشوری کوردستان قەدەغەی هاتووچۆ ١ی ئایار درێژ کرایەوە

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی باشوری کوردستان، قەدەغەی هاتووچۆی تا ١ی ئایار درێژ کردەوە.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی باشوری کوردستان لە ڕاگەییەندراوێکدا ، قەدەغەی هاتووچۆی لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، هەتا ١ی ئایار درێژ کردەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە قەدەغەی هاتووچۆ، لە کاتژمێر ٦ی ئێوارە هەتاوەکو ١٢ی شەو بە هەموو شیوەیەک قەدەغەیە و لە کاتژمێر ١٢ی شەو هەتا ٤ی بەیانی هاتووچۆ بۆ کەرتی کشتوکاڵ و ئەوانەی پێویستیانە ئاسایی دەبێت، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بەپێی ئەو ڕێنماییانەی کە پێشتر بڕیاریان لەسەر دراوە بەردەوام دەبێت.

هەر بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە دەسەڵات دراوەتە پارێزگاکان بۆ کارئاسانی و ڕێگەپێدانی هاتووچۆ، بەڵام دەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی بەڕووی گەشتیاراندا بە داخراوی دەمێننەوە.

ئەو بڕیارانەی وەزارەتی ناوخۆ لە کاتێکدایە لە سنوری پارێزگای سلێمانی ماوەی چەند ڕۆژێکە جگە فەرمانگە و ناوەندەکانی خوێندن ژیان ئاسایی بووەتەوە و زۆربەی دوکان و بازاڕەکان کراوەتەوە.

ز.ش