لە نێوان سوپای پاسداران و هێزێکی کوردیدا شەڕ و پێکدادان روویدا

بە پێی هەواڵێکی تۆڕی کوردستانی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە سنووری پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەڕ لەنێوان هێزێکی کوردی و فەرماندەیی حەمزە سەید شەهیدی سوپای پاسدارانی ئێران ڕوویداوە و سوپای پاسداران هاتووچۆی لە ناوچەکە داخستووە.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە دەوروبەری شاری دیواندەرەی سەر بە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەڕ لەنێوان هێزێکی کوردی و سوپای پاسدارانی ئێراندا ڕوویداوە.

بەپێی هەواڵەکەی تۆڕی کوردستانی مافەکانی مرۆڤ، یەکێک لە دانیشتوانی ناوچەکە ڕایگەیاندووە، کە دوای پێکدادانەکە سوپای پاسداران کوێستانی چلچەمەی گەمارۆ داوە و تۆپبارانی ناوچەکە دەکات، هەروەها ڕێگای هاتووچۆی ئەو گوندانەشی گرتووە کە دەکەونە ئەو ناوچەیەوە.

ڕاگەیاندنی سوپای پاسداران پێکدادانەکەی پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام ناوی هیچ هێزێکی کوردی نەهێناوە.

٥ی ئەم مانگەش لەهەمان ناوچە پێکدادان لەنێوان سوپای پاسداران و هێزێکی کوردیی ڕوویدابوو، لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، سێ فەرماندی سوپای پاسداران کوژرابوون.

ز.ش