نوران ئیمیر پەرلەمانتاری شڕنەخ: پێویستە گەلەکەمان پەتاکە بەجددی وەربگرێت

نوران ئیمیر پەرلەمانتاری هەدەپەی شڕنەخ ڕایگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە دەیەوێت سوود لە پەتای کۆرۆنا وەربگرێت و وتی، "ئێمە داوا لە گەلەکەمان دەکەین، پەتاکە بەجددی وەربگرن، هەموو پێشنیازەکان بۆ پاراستنیان جێبەجێ بکەن."

نوران ئیمیر پەرلەمانتاری هەدەپەی شڕنەخ لەبارەی پەتای کۆرۆنا و رێوشوێنەکان لە کوردستان و تورکیا بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

ئیمیر ئاماژەی بەوەکرد، نزیکەی مانگ و نیوێکە لە تورکیا پەتای کۆرۆنا بڵاوبووتەوە و بە پێی ئامارە فەرمیەکان ڕۆژانە ٤ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە دەبن و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستدەدەن و وتی، "سەرچاوە ئۆپۆزسیۆنەکان رایدەگەیەنن، ئامارەکانی دەوڵەت ڕاست نین و بە پێی ئامارەکان ژمارەی قوربانیان زیاترە و زۆر کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە دەبن. لە ماوەی مانگ و نیوێکدا نزیکەی ٢ هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئیمیر ڕایگەیاند، دۆخەکە مەترسیدارە و وتی، لە هەموو شوێنێک خەڵک تووشی ڤایرۆسەکە دەبن و تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

'لە شڕنەخ هیچ نەخۆشخانەیەک بۆ پشکنین نەکراوەتەوە'

ئیمیر لەبارەی پەتای کۆرۆنا لە باکووری کوردستان بە تایبەتی شاری شڕنەخ ئەوەی خستەڕوو، لە ئێستادا هیچ پشکنینێک ناکرێت. بۆ نمونە لە شڕنەخ لە نەخۆشخانەکان پشکنینی کۆرۆنا ئەنجام نادرێت. نزیکترین شوێن بۆ پشکنین ئامەدە. بە پێی ئامارە فەرمیەکان دەوترێت ٥٦ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و هەزار و ٢٠٠ کەسیش لە کەرەنتینەدان، بەڵام لەبارەی دۆخەکە هیچ لێدوانێکی فەرمی ڕانەگەیەنراوە. گەلەکەمان لە شڕنەخ وەک ئەوەی پەتاکە نەبێت، قسە دەکەن. ئەوەش هۆکارە کە ڤایرۆسەکە زیاتر بڵاوببێتەوە.

'ئاکەپە بەدوای دەستکەوتی سیاسیەوەیە'

ئیمیر دەڵێت، دەسەڵاتی ئاکەپە وەک پرسەکانی تر، ڕایدەگەیەنێت کە دۆخەکەی کۆنتڕۆڵ کردووە و وتی، "چۆن سوودیان پێبگەیەنێت بەو شێوەیە دەجوولێنەوە. ئێمە لە دۆخێکدان کە ژیانی مرۆڤەکان لە مەترسیدایە، بەڵام تا ئێستاش دەسەڵات بەدوای دەستکەوتی سیاسیەوەیە، ڕێگری لە هەموو هێز، پارتە سیاسیەکان، شارەوانی و دەزگاکان دەکەن کە هاوکاری پێشکەش بکەن. نازانرێت چۆن و لەسەر چ ئاستێک هاوکاری دەکرێت.

'هەموو ڕوداوێک وەک هەل بەکاردەهێنن'

نوران ئیمیر پەرلەمانتاری هەدەپەی شڕنەخ ئاماژەی بەوەدا کە ئاکەپە هەموو ڕوداوەکان بۆ دەسەڵاتی خۆی بەکاردەهێنێت و وتی، "کارەساتە سروشتیەکان، کودەتا، تەقینەوەکانی داعش، شەڕی سوریا و ڕووداوەکانی تر بۆ ئەوە بەکاردەهێنێت کە بەردەوامی بە دەسەڵاتەکەی بدات. هەموو ڕوداوەکان وەک هەلێک بەکاردەهێنێت. دوای هەموو ڕوداوێک دەڵێت دەنگمان زیادیکردووە. ئەو ڕوحی ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە و دەسەڵاتی ئاکەپەیە. بۆ نمونە ئێستا هەموومان ڕووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووینەتەوە، بەڵام بەدوای ئامانجی سیاسیەوەیە، هەموو کەسێک بۆ ژیانی مرۆڤەکان کار دەکەن، بەڵام ئاکەپە بەدوای هەلی سیاسیەوەیە.

'ئاکەپە مرۆڤەکان ڕووبەڕووی مەرگ دەکاتەوە'

ئیمیر باسی ئەوەشی کرد، جیهان هەوڵی پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان دەدات. بەڵام ئاکەپە بە یاسای ئینفاز، مرۆڤ ڕووبەڕووی مەرگ دەکاتەوە وتی، "ڕژێمی کۆشک لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بە قەدەغەی هاتوچۆ، هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران، دامەزراندنی قەیوم، دۆخی نائاسایی و بڕیارنامە لە حوکمی یاسادا و یاسای ئینفاز ، نادادپەروەری کردە شتێکی فەرمی. ئەو عەقلیەتە فاشیستە کە ژیانی مرۆڤەکان تووشی مەترسی کردووەتەوە، لە دەردی ئەوەیەدا هەلێک بەدەست بێنێت. چۆن لە سەردەمی شەڕدا بە هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و لە خەمی ئەواندا نەبوو، بۆ دەسەڵاتی خۆی هەمان شت دەکات لەم دۆخەدا.

لە کۆتایی قسەکانیدا نوران ئیمیر پەرلەمانتاری هەدەپەی شڕنەخ، وتی، " بەداخەوە ئاکەپە پەتاکەی وەک هەلێک بەکارهێناوە. ئێمەش لێرەوە داوا لە گەلەکەمان دەکەین. پەتاکە بەجددی وەربگرن و بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان پێشنیازەکان جێبەجێ بکەن. پێویستە دەسەڵاتی ئاکەپە دەست لە جیاوازی سیاسی هەڵگرێت و گوێ لە کێشەکانی گەل بگرێت و بە شێوەیەکی جددی لە پەتاکە نزیک ببێتەوە."

ف.ق