نوێنەرانی ئایین و باوەڕە جیاوازەکانی کوردستان: با هێزەکەی زینی وەرتێ ببرێت بۆ کەرکووک

سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ شاندێکی ئایین و باوەڕەکانی باشووری کوردستان چونە زینی وەرتێ و داوایان کرد پەدەکە هێزەکەی خۆی لەوێ بکشێنێتەوە و نەبێتە هۆکاری ئاژاوە.

شاندێکی ئایین و باوەڕە جیاوازەکانی باشوری کوردستان کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە نوێنەری ئاینی ئیسلام بە مەزهەبی شیعە و سونە، ئێزدی، یارسانی، کاکەیی و گروپێک لە نوسەر و شارەزای ئاینیەکان بە مەبەستی پشتیوانیکردنی داواکاریی خەڵکی دۆڵی شاورێ و دەڤەری زینی وەرتێ چونە بناری زینی وەرتێ (زینی ئەستێرۆکان) و لە لایەن کەسایەتی و خەڵکی ناوچەکە پێشوازییان لێکرا و  لێدوانێکیان بۆ ڕاگەیاندنەکاندا. ئەو شاندە داوایان کرد هەرچی زووە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ‌هێزەکانی خۆی لە ناوچەکە پاشەکشە پێبکات تاوەکو ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێنێتەوە.

لەسەر ناوی شاندەکە مامۆستای ئاینی مامۆستا مەلا نادر بۆ ڕاگەیاندنەکان قسەی کردو ڕایگەیاند: ناوچەی زینی وەرتێ ناوچەیەکی ئارامە و پێویستی بە هیچ هێزێک نییە، بەڵکو دەبێت ئەو هێزە بنێردرێت بۆ کەرکووک و جەلەولا و خانەقین کە مەترسیی داعشی لەسەرە.

هەروەها مامۆستا مەلا نادر ئاماژەی پێکرد، داوا دەکەن هیچ هێزێک نەبێتە سورەی بەر لەشکر بۆ داگیرکەران و زینی وەرتێ نەکەنە ناوەندی سیخوڕی بۆ دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر.

هەروەها ئەو مامۆستا ئایینییە لەسەر ناوی شاندەکە جەختی لەسەر داخوازی هاووڵاتییانی دۆڵی شاورێ و دەڤەری زینی وەرتێ کرد و ڕایگەیاند، هەرچی زووە دەبێت ئەو ‌‌‌‌هێزەی پەدەکە  لە زینی وەرتێ پاشەکشە بکات تاوەکو ناوچەکە ئارامیی بۆ بگەڕێتەوە.

ژ.ت