هونەرمەندانی باشوور: گوێ لە دەنگی گەل بگرن و کۆتایی بە ئاڵۆزیەکان بهێنن

گروپێکی هونەردۆستانی باشوری کوردستان بە مەبەستی چارەسەریی ئاڵۆزییەکانی زینی ئەستێرۆکان "زینی وەرتێ"، بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتی ڕوویان لە سنوورەکە کرد، بەڵام لەلایەن ئاسایشی سەرکەپکانەوە ڕێگرییان لێکرا.

ئەمڕۆ ئاسایشی شارەدێی سەرکەپکان'ی لە ئیدارەی ڕاپەڕین کە سەربە یەکێتی'ین، ڕێگرییان لە کۆمەڵێک هونەردۆستکرد، کە سەردانی زینی وەرتێ بکەن.

دوای ڕیگرییەکە، ڕووبار ئەحمەد چالاکوانی هونەری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بەناوی هونەرمەندانەوە قسەیکرد و وتی: هاتنی ئێمە بۆ سنوورەکە وەک کەمپەینی هونەرمەندان دژی شەڕی براکوژی ویستمان سەردانی زینی وەرتێ بکەین بۆ چالاکیەکی هونەریی، بەڵام بەداخەوە لە بازگەکانی دووکان و سەرکەپکان ڕێگریمان لێکرا و نەیانهێشت هەموو هونەرمەندانی بەشدار بگەنە ڕانیە و هەموومان بە یەکەوە بچینە زینی وەرتێ و ڕێگریان لێکردین، ئامانجی هەموو هونەرمەندان دیارە ئامانج ئاشتی و پێکەوە ژیانە و ئێمەش بە ڕەنگی هونەر دەمانەهەوێت گەلی کورد جارێکیتر تووشی شەڕی براکوژی نەبێتەوە.

هەروەها کارا محەمەد چالاکوانی هونەری وتی: ماوەیەک لەمەوبەر کەمپەینێکمان ڕاگەیاند لە بەرامبەر بەو بارودۆخەی لە زینی وەرتێ دروست بووە، ئێمە ئەمڕۆ کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیر و چالاکوانی هونەری ویستمان بە چالاکی هونەری ئەو هێزانەی لە زینی وەرتێ جێگیر بوون پێیان بڵێین ئەوە پیلانی داگیرکەرانە و جارێکیتر شەڕی کورد بە کوردە، بەڵام ئێمە وەک هونەرمەندان جارێکیتر ڕێگەی ئەوە نادەین شەڕی پێشمەرگە و گەریلا دروست بێتەوە، بۆیە هیوادارین هەموو هێز و لایەنەکان گوێ لە داواکاری خەڵک بگرن و ئاڵۆزییەکانی زینی وەرتێ چارەسەر بکەن.

ئەوە لەکاتێکدایە، هەرئەمڕۆ گروپێکی دیکەی هونەرمەندان کە لە سلێمانییەوە بەنیازبوون بگەنە لای ئەو گروپە لە ناوچەکە، لە دوکان ڕێگرییان لێکرا و گەڕانەوە بۆ سلێمانی.

ف.ق