هۆزات: کۆمەڵکوژیی پرسوس کۆنسێپتی هێرشە قڕکەرەکان بوو

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، ئاکەپە دواى شۆڕشی رۆژئاوا هێرشە قڕکەرەکانی بۆ سەر کوردستان دەستپێکرد و کۆمەڵکوژیی پرسوس-یش بەشێک لەو کۆنسێپتەیە.

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەشداریی بەرنامەى تایبەتی مەدیا تیڤی کرد و پێشهاتەکانی ئەمدواییەى کوردستان و تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی شیکردەوە.

هۆزات رایگەیاند، دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە لە جەنگی جیهانیی سێیەم لە ناوچەکەدا سوود وەردەگرن و دەیانەوەێت قڕکردن و سڕینەوەى کورد بە ئەنجام بگەیەنن. مەهەپە و ئەرگەنەکۆن بەو مەرجە بوونەتە هاوپەیمانی ئاکەپە و پشتیوانیی لێدەکەن.

هۆزات راشیگەیاند، وەک دەرەنجامێکى سیاسەتی سڕینەوە و کوشتار، دەسەڵاتی تورک هێرشەکانى بۆ سەر ژنان زیاتر کردووە و وتی "دەوڵەت لە کوردستان دەستدرێژکارە، داگیرکەرە، قڕکەرە. دەستدرێژیکردنە سەر ژنی کورد دەستدرێژیکردنە سەر گەلی کوردە. دەستدرێژیکردنە سەر هەموو بەها و نرخەکانى کوردە. لە دژی ئەوەش دەبێت کوردستانیان لە ٧ ساڵییەوە تاوەکو ٧٠ ساڵی راپەڕن. هەموو گەنجانی کوردستان دەبێت لە هەموو شوێنێکدا وەڵامی پێویستی ئەو دەوڵەتە دەستدرێژکار و قڕکەرە بدەنەوە. لە کوردستان ئەو دەوڵەتە پەیوەندیی بە هەر چییەکەوە بێت دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە و بسوتێنرێت.

هۆزات لەبارەى هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر حەفتانین وتی، لە سایەی بەرخودانی گەریلاکانەوە دەوڵەتی تورک ناتوانێت بەرەو پێش بڕوات. ئاکەپە لاوازترین دەسەڵاتی کۆماری تورکیایە و تاوەکو زیاتر گەشە بە فاشیزم بدات زیاتر لە هەڵوەشاندنەوەى خۆی نزیک دەبێتەوە.

'بە شۆڕشی رۆژئاوا کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک لە رۆژئاوا شکڵی گرت'

هۆزات بە بۆنەى ساڵیادی شۆڕشی رۆژئاواوە رایگەیاند، بەو ئەندازەیە کە شۆڕشێکى نەتەوەیی و دیموکراتیکە هەڵگری تایبەتمەندیی گەردونیی 'شۆڕشی مرۆڤایەتی'یە و وتی "لە بنەڕەتەوە بوو بە شۆڕشێکی لەجۆرە، کە بەپێی پارادیگمانی رێبەر ئاپۆ بۆ ئیکۆلۆژی (ژینگە)، زایەندپارێزی و ئازادیخوازیی، پارادیگمای نەتەوەی دیموکراتیک، پارادیگمای کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک لە رۆژئاوا شکڵی گرت و بەدیهات".

هۆزات سەرنجی خستەسەر رۆڵی ژنان لەو شۆڕشەدا و وتی "شۆڕشی رۆژئاوا شۆڕشێکى لەو جۆرەیە کە بە پێشەنگایەتیی ژنان بەدیهاتووە. ژنان لە هەموو گۆڕەپان و ئاست و جومگەکانى ئەو شۆڕشەدا رەنجێکى زۆریان داوە، عارەقەى ناوچاوان و گیانی خۆیان بەخشیوە. لە گۆڕەپانی بەرەنگاربونەوە لە دژی داعش دا شەڕیان کرد، لەگەڵ دەوڵەتى تورکی فاشیست دا شەڕیان کرد، لە دژی هەموو جۆرە هێرشێک بوونە هێزی پێشەنگی سەرەکی".

'کۆمەڵکوژیی پرسوس لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە ئەنجامدرا'

هۆزات رایگەیاند، دواى ئەوەى لە شۆڕشی رۆژئاوادا داعش تێکشکێنرا دەوڵەتی تورک ئەوەى پێ قبوڵ نەکرا و ئەوەشی وت "دواى ئەوەى داعش تێکشکێنرا بە دوایدا ئاکەپەش تێکشکێنرا، چونکە داعش دەست و چنگی ئاکەپە بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. ئەوان لە دژی کورد، لە دژی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێزە دیموکراسییەکان شەڕیان کرد. بە رێگەى داعشەوە دەیانخواست دینامیک و توانای و هێزی دیموکراتیک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو ببەن بە تایبەتی بزووتنەوەى ئازادیی کورد. چونکە پێشەنگایەتیی شەڕی هێزە شۆڕشگێڕ و دیموکراتیکەکان لەلایەن پەکەکەوە بەڕێوەدەچوو. دەیانخواست بە داعش بزووتنەوەى ئازادی پاکتاو بکەن. دواى ئەوەى داعش تێکشکێنرا دەوڵەتى تورک خۆی راستەوخۆ دەستبەکار بوو، چونکە بینیی بەرەی نوسرە و داعش ناتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن، بۆیە خۆی دەستبەکار بوو".

هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە لەبارەى کۆمەڵکوژیی پرسوسەوە وتی "دەوترا کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراوە، بەڵام دەوڵەتى تورک ئەو کۆمەڵکوژییەی ئەنجامدا. ئێمە زۆر بە باشی دەزانین، کە دەوڵەتی تورک و داعش یەکن. ئەوانەى ئەو گەنجانەیان کوشت ئاکەپە و میت بوون. ئامانجیان چی بوو؟ ئەوە لایەنێکی هێرشکردنە سەر رۆژئاوا بوو. کێ پشتیوانیی دەدایە رۆژئاوا، کێ پشتیوانیی لە شۆڕشی رۆژئاوا دەکرد، هەموویان کردنە ئامانج و خواستیان لەناویان ببەن، خواستیان بیانترسێنن و چاوترسێنیان بکەن. ئەوە لایەنێکى ئەو کۆمەڵکوژییە بوو، کە پەیوەندیی بە رۆژئاواوە بوو.

'کۆمەڵکوژیی پرسوس لە بنەڕەتەوە هێرش بوو لە دژی یەکێتیی گەلان'

لایەنێکى تری ئەو هێرشە پەیوەندیی بە تورکیا و باکووری کوردستانەوە هەبوو. پەیوەندیی بە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسیی ئەویەوە هەبوو. ئەوەش لە بنەڕەتدا پەیوەندیی بە رۆژئاواوە بوو. ئەوە کۆنسێپتێکی گشتی بوو. ئامانج لەو کۆمەڵکوژییە ئەوە بوو، کە پەیوەندیی گەلانی تورکیا و کورد بپچڕێنن، یەکێتیی نێوان گەلی کورد و تورکیا بپچڕێنن. لە بنەڕەتەوە هێرشێک بوو لە دژی یەکێتیی گەلان. بەو شێوەیە خواستیان گەلانی تورکیا و کوردان لە یەکتر دووربخەنەوە، کوردان تیرۆریزە بکەن، تاک و تەرەیان بخەن و رادەستی خۆیانی بکەن. لە کەسایەتیی ئەو گەنجانەدا پەیام بە هەموو کۆمەڵگەى تورکیا درا. پەیام بە هێزە دیموکراسییەکان، گەلان و گەنجان درا، پەیامەکە ئەوە بوو، ئەگەر ئێوە لە کورد نزیک ببنەوە، ئێوە دەسوتێن، دەکوژرێن، دەمرن. یان ئەوەتا دەمرن، یان ئەوەتا بگەڕێنەوە بۆ قەپێلکەکانی خۆتان".

هۆزات هەروەها وتی، هێرشەکە دەستپێکردنی پلانی چۆکپێدادان بوو. ئەو پلانە لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا لەلایەن ئاسایشی نەتەوەیی تورک (مەگەکە)ەوە بڕیاری لەسەر درا و ٥ی نیسانی ٢٠١٥ بۆ دوایینجار شاندی هەدەپە چووە ئیمراڵی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەنجامدا، دوای ئەوە هەموو چاوپێکەوتنەکان پچڕێنران، کۆتاییان بە پرۆسەى گفتوگۆ و دانوستان هێنا و پرۆسەی شەڕی گشتی و هەمەلایەنەیان دەستپێکرد، لە ٢٠ی تەممووزی ٢٠١٥دا ٣٣ شۆڕشگێڕی سۆسیالیستیان لە پرسوس کۆمەڵکوژکرد".

هۆزات لەبارەى هێرشەکانى دەوڵەتى تورکەوە وتی "دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە دەیەوێت لە شەڕی جیهانیی سێیەم سوود وەربگرێت و پلانی سڕینەوە و قڕکردن و کوشتاری ١٠٠ ساڵەی دەوڵەتى تورک سەربخات و بە تەواوی سڕینەوە و کوشتاری کورد بە ئەنجام بگەیەنێت، مەهەپە و ئەرگەنەکۆن و هەموو لایەنە فاشیست و دواکەوتووەکان بەو مەرجە پشتیوانی لە ئاکەپە دەکەن.

'دەستدرێژی وەک سیاسەتی قڕکردن و سڕینەوە بەجێدەهێنن'

لەبارەى هێرشەکان بۆ سەر ژنان هۆزات وتی "ئەو هێزەى کە کۆمەڵگەبوونی کوردستانی بونیاتناوە و بونیاتیشی دەنێت ژنە. ئەوەى کولتور و رۆشنبیریی کورد، کۆمەڵگەبوونی تاوەکو ئەمڕۆ هێناوە، پاراستویەتی و بە تێکۆشانی خۆی ئەیژیەنێتەوە، ژنە. ئێستا دەڵێن، ئەگەر ئەو ژنانە رادەستی خۆیان بکەن ئەوا بەرخودانی کوردانیش رادەستی خۆیان دەکەن. لەبەر ئەوەش هێرشی ناجوامێرانە و نامەردانە دەکەنە سەر ژنان. دەستدرێژی وەک سیاسەتی قڕکردن و سڕینەوە بەجێدەهێنن. تاوەکو ورە و ئیرادەى ژنی کورد رادەستی خۆیان بکەن، دەیانەوێت لە کەسایەتیی ژنی کوردیشدا ورە و ئیرادەی کورد رادەستی خۆیان بکەن، بۆیە ئەو هێرشە دەستدرێژیکارانەیانەیە ئەنجام دەدەن. ئەوە لایەنێکی شەڕی تایبەتە.

هۆزات لە بەردەوامیی وتەکانیدا رایگەیاند "لە تورکیا بەشێوەیەکى بنەڕەتی سیاسەتی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان هەیە، کاتێک ئەوە لەگەڵ سیاسەتی قڕکردن و سڕینەوەى کوردستاندا یەکدەگرێت، بەشێوەیەکى قورستر ئەنجام دەدرێت. لە جوگرافیای کوردستاندا و ئەو شوێنانەدا کە بەرخودان تیاندا گەشە دەکرێنە ئامانج. بۆ ئەوەش بۆتان، دێرسیم، سەرحەد، ئامەد و ئێلح-یان کردە ئامانج".

هۆزات کاردانەوەکان لە دژی ئەو ھێرشانە بۆ سەر ژنان بە بیرهینایەوە وتی "ئەو کارادانەوانە بەش ناکەن. بەراستی ئەو دستدرێژییانە هۆکارن بۆ راپەڕین. دەبێت هەموو کەس لە ٧ ساڵییەوە تاوەکو ٧٠ ساڵی راپەڕێت".

'دەوڵەتى تورک لە کوردستان دەستدرێژیکارە'

هۆزات لەبارەى سیاسەتی دەستدرێژیی دەوڵەتى تورکەوە وتی "دەوڵەت لە کوردستان دەستدرێژیکارە، داگیرکەرە، قڕکەرە. ئەو دەستدرێژییانە بۆ سەر ژنانی کورد دەستدرێژییە بۆ سەر گەلی کورد. دەستدرێژییە بۆ سەر هەموو بەها و نرخەکانى کورد. لەبەر ئەوەش دەبێت هەموو کەس لە کوردستاندا لە ٧ ساڵییەوە بۆ ٧٠ ساڵی راپەڕێت. هەموو گەنجانی کوردستان لە هەموو شوێنێکدا دەبێت وەڵامی پێویست بەو دەستدرێژییانەی ئەو دەوڵەتە دەستدرێژیکار و قەڕکەرە بدەنەوە. لە کوردستان هەر چییەک پەیوەندیی بەو دەوڵەتەوە هەبێت دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە و بسوتێنرێت".

'دەبێت هەڵوێست گەشاوە بکرێت'

هۆزات وتیشی "هێرش دەکەنە سەر پیرۆزییەکانی کۆمەڵگە. هێرشێکی گشتیی قڕکەری پاکتاکەر هەیە. لە دژی ئەوەش دەبێت هەڵوێست گەشاوە بکرێت. ئەگەر ئێمە ئێستا لە دژی ئەو هێرشانە بەرەنگاری نەکەین، ئەی کەی دەبێت بەرەنگاری بکەین. بە دوای ئەو ھێرشانەدا قڕکردن و سڕینەوە دێت. ئەگەر ئێستا قوربانیدان نەدەینە بەرچاو، بەرەنگاری نەکەین، قوربانییەکان نەپارێزین، ئەوە بە تەواوی لە هەموو شتێک دەبین. لەوەش گرنگتر قوربانیدان هەیە؟ بۆیە ئەگەر تۆ قوربانیدان بدەیتە بەرچاوی خۆت دەتوانیت هەموو شتێکی خۆت بپارێزیت. ئەو تێکۆشانە بە تەنها بە بەرخودانی گەریلا نابێت. شەڕی قڕکردن و سڕینەوە تەنها بە بەرخودانی گەریلا، تەنها بە تێکۆشانی گەریلا پوچەڵ ناکرێتەوە. دەبێت گەلەکەشمان لە ٧ ساڵییەوە بۆ ٧٠ ساڵی شانبەشانی گەریلا و لە پاڵ گەریلادا بن، بەشداری تیکۆشان و بەرخودان بن".

'لە حەفتانین بەرخودانێکی بێ هاوتا هەیە'

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە لەبارەى داگیرکەریی تورک بۆ سەر حەفتانین و بەرخودانە گەورەکەى گەریلاوە باسی ئەوەیکرد "لە حەفتانین بەرخودانێکی بێ هاوتا و قارەمانانە هەیە. دەوڵەتى تورک هێرشێکى دڕندانە دەکات، بەڵام بەرخودانێکى بێ وێنە هەیە. من بەرخودانی گەریلا پیرۆز دەکەم. یادی هەموو ئەو هاوڕێیانە، کە شەهید بوون بە خۆشەویستی و رێز و بە منەتدارییەوە بەرز رادەگرم. بەرخودانێکى زۆر قارەمانانە هەیە. بەرخودان درێژەی هەیە و لە قۆناغی ئێستادا گەریلا رێگا بە هێرشە فاشیستی و قڕکەرەکان نادات و بە بەرخودان و بەرەنگارییان پێشیان لە هێرشەکان گرت و هێرشەکانیان تێکشکاند. دەوڵەتی تورک زۆر ناتوانێت بەرەوپێش بچێت. ئێستا بە تەکنەلۆژیای زۆر قورس، لەو گردانەدایە کە بۆردومانیکردوون. لە دژی ئەوانەش گەریلا هەموو رۆژێک چالاکی قورس و سەرکەوتوانە ئەنجام دەدات و لە هەموو شوێنێکەوە لێیان دەدەن".

'دەیانەوێت باشوور و رۆژئاوا بخەنە سەر خاکی خۆیان'

هۆزات لەسەر ئامانجی دەوڵەتی تورک وتی "دەیانەوێت رۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان بخەنە سەر تورکیا و بۆ ئەوەش دەیانەوێت داگیریان بکەن. دەیانەوێت بە داگیرکردنی ئەو ناوچانە لە حەفتانین تاوەکو خواکورک، قەندیل، شەنگال، مەخمور، هەموو رۆژئاوا و هەموو باشووری کوردستان داگیر بکەن. هەر خۆی ئیدلیبیشی داگیرکردووە و بەو شێوەیە دەیەوێت خۆی زیاتر بگەیەنێتە دەریای سپی ناوەڕاست. دەیەویت هەموو ئەو سنوور و ناوچانە بخاتە سەر تورکیا".

هۆزات ئەوەشی وت، دەوڵەتى تورک لەبەر ئەوەى دوژمنی کوردانە دوژمنایەتیی پەکەکە دەکات، بەڵام دەبێت ئەوە باش لە مێشکیان تێبگەیەنرێت، کە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە لێی تێبگەن.

هۆزات ئاماژەى بەوەشکرد "ئامانجی داگیرکەریی دەوڵەتى تورک بۆ سەرباشوور چییە؟ دەیانەوێت پێگە و قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ناو ببەن. بە مسۆگەری ئەوە ئامانجەکەیانە، دەیانەوێت سەرتاسەری باشووری کوردستان بە موسڵ و کەرکوکەوە داگیر بکەن و بیانخەنە سەر خاکی خۆیان. پڕوپاگەندە و پاساو بۆ ئەوە لە دژی پەکەکە ئامادە دەکات و دەیەوێت بەوە بوار و رەوایەتی بۆ خۆی دروست بکات، بەڵام دەبێت بەڕێوەبەرایەتیی باشوور هۆشمەند و عەقڵگەرا بن، لەسەر بنەمای هۆشیاری و ئاوەز و بەشێوەی راستەقینە لە دۆخەکە نزیک ببنەوە. دەبێت بە هەستیاریی وڵاتپارێزییەوە نزیک ببنەوە".

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە لە کۆتایی وتەکانیدا لەبارەى گەمارۆی سەر کامپی مەخمور، کە ماوەى ساڵێکە ئەو گەمارۆیە بەسەر ئەو کامپەدا سەپێنراوە وتی، لە پێناو دەوڵەتی تورک دا ماوەی ساڵێک زیاترە ئەو گەمارۆیە بەسەر کامپی مەخموردا سەپێنراوە، ئەوەش بەشێکە لە هێرشە داگیرکەری و قڕکەرانەکانی دەوڵەتی تورک. بۆ ئەوەى دەوڵەتی قڕکەر، داگیرکەر، فاشیست دەیەوێت، باشە دەبێت مرۆڤ گەمارۆ لەسەر کۆمەڵگەیەکی زیاتر لە ١٢ هەزار کەسی دابنێت؟ کام ویژدان، کام کوردایەتی، کام نرخ و بەهای وڵاتپارێزی ئەوە قبوڵ دەکات؟ دەبێت بەڕێوەبەریی باشوور لە دژی ئەوە هەڵوێستی هەبێت".  

ژ.ت