هەر جارەو ناوێک؛ تاوێک حکومەت و تاوێک ماڵی بارزان!

پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بەپێی بەرژەوەندییەکانیان و بەپێی شوێن و کات هەر جارەو بە ناوێک دام و دەزگاکانی حکومەت بەکار دەهێنێت، تاوێک بە ناوی حکومەت تاوێک بەناوی ماڵی بارزانی دەیانخاتە خزمەتى خۆیەوە.

لە دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری ئەمساڵ هێزێکی سەربازیی لەزینی وەرتێ بەجێکرد، هاووڵاتییانی ناوچەکە و لایەنە سیاسییەکان ناڕەزایەتیان دەربری و لە بەرامبەریشدا مەسرور مەسعود بارزانی سەرۆکی حکومەت وتی، ئەو هێزەی لە زینی وەرتێ جێگیربووە هێزی حکومەتە، حکومەت دەتوانێت لە هەموو شوێنێک ‌‌هێزی خۆی دابنێت.

پەدەکە بۆ شاردنەوى پیلانەکانى لە زینی وەرتێ پێویستی بەوە بوو، ناوی حکومەت و دام و دەزگای فەرمی بەکار بهێنێت، بەڵام دوێنێ شەو هەر ئەو حیزبە و هەر دام و دەزگای فەرمی لەلایەن ئەو حیزبەوە بۆ مەبەست و مەرامێکى تر بەکارهێنرا. کاتێک دوێنێ شەو ژمارەیەک پاسی پڕ لەسەرنشین لە تورکیا و لە سنوری ئیبراهیم خەلیلەوە، کە لە ژێر دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)دایە و بەبێ پشکنین و کەرەنتینەکردن پەڕینەوە بۆ سنووری باشووری کوردستان، ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی ناوچەکەی لێکەوتەوە و پێشیان لە پاسەکان گرت.

ئەمجارە رووداوێکى پێچەوانە روویدا، ئاسایشی حکومەتى هەرێمی کوردستان و سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە ناوچەیە بۆ بەرژەوندیی حیزبەکەى سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بەکارهێنرا  بە ناوی ماڵی بارزانییەوە قسەیان دەکرد و هەڕەشەیان لە خەڵکی ناڕازیی ئەو ناوچەیە دەکرد.

ئەمەش ئەو ڕاستییەمان بۆ ئاشکرا دەکات پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بەپێی بەرژەوەندییەکانی و لە کات و شوێنی جیاوازدا بۆ مەبەستی جیاواز هەر جارەو ناوێک بەکار دەهێنێت، جارێک حکومەتن کەس ناتوانێت قسە لە قسەیان بکات، جارێکیش بە ناوی ماڵی بارزانەوە هەڕەشە لە هاووڵاتییان دەکەن.

مەسرور بارزانی، کە سەرۆکی حکومەتى هەرێمی کوردستانە کوڕە گەورەی  مەسعود بارزانیی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)یە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر ڕیزەکانی پارتی کردوە و  لە ناو لایەنگرانی پارتیشدا، کە هەر بە برا گەورە ناسراوە، هەر وەک برا گەورە هەموو دام و دەزگاکانی حکومەت بۆ خۆی و بۆ بەرژەوەندییەکانى بەکار بهێنێت، بێگومان مەسرور بارزانی لە هەوڵی ئەوەدایە وەک چۆن لە ماڵی خۆیان لە ناو پارتیشدا برا گەورەیە بەهەمان شێوە براگەورەیی خۆی بە سەر هەموو باشوری کوردستاندا بسەپێنێت، بۆ ئەمەش هەر جارە ناوێک بەکار دەهێنن، جارێک ماڵی بارزان و جارێکیش حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ژ.ت