٤٧ پارت و رێکخراوی کوردی لە سەر ئاڵۆزیەکانی زینی وەرتێ بانگەوازیەکیان بڵاو کردەوە

لە بانگەوازیەکی هاوبەشی ٤٧ پارت و رێکخستن و ریکخراوی کوردیدا هاتووە:" بانگەوازیەک لە هەموو پارت، رێکخراو و دەزاگا و رێکخستنە کوردستانیەکانی ئەوروپا دەکەن کە، دەبێت بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست و یەک کاردانەوەی هاوبەش هەڵسینە سەر پێ."

٤٧ پارت و رێکخستن و رێکخراوە کوردیەکانی ئەوروپا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا بانگەوازیەکیان بڵاو کردەوە و تیشکیان خستە سەر ئاڵۆزیەکانی زینی وەرتێ و مەترسیەکانی سەر کوردستان و داوایان لە قەوارە سیاسیەکانی کورد کرد کە هەڵوێستێکی هاوبەش بنوێنن لە بەرامبەر ئەم ئاڵۆزی و مەترسیانە.

لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە:

"ئێمە وەکو پارت و رێکخستن و رێکخراوە کوردستانیەکان لە ئەوروپا کە لە خوارەوە ناومان هاتووە، پەی بەوە دەبەین کە دیسان داگیرکەران، بە تایبەتیش دەوڵەتی داگیرکەر و قرکەری تورک، دیسان لە هەوڵێکی دیکەی قێزەوەن و نەگریسدایە.

لە راستیدا وەکو هەموومان دەزانین، مێژووی ئەم دەوڵەتە لێوانلێوە لە سیاسەت و کردەوە دوژمنکارانەی دژی گەلی کوردستان. لەم رۆژانەی دواییدا، جگە لە رۆژئاوای کوردستان، لە باشوری کوردستانیش لە هەوڵی پلانێکی مەترسیداردایە. لە زینی وەرتێ بۆ ئەوەی ئەم پلانە خوێنرشتن و دوژمنکارانەیەی جێبەجێ بکات، دەستی بە دروستکردنی زەمینێک بۆ براکوژی کردووە.

ئێمە بە روونی دەیبینین و دەشیڵێین، ئەم دەوڵەتە کە دوژمنی کوردستانە، دەیەوێت و هەوڵیشی بۆ دەدات کە هێز و بزوتەوەکانی گەلی کوردستان بخاتە ناو شەڕی ناوخۆیی و بە یەکتریان بدات بە کورد و جارێکی دیکە کوردستان بخانە ناو شەڕی براکوژی. لە بەرامبەر ئەم پلان و پڕۆژەیە کە ئامانج قرکردنی گەلەکەمانە، ئایا دەبێت ئێمە وەکو هێزە پێشەنگەکانی گەلی کوردستان، بێدەنگ و بێهەڵوێست بمێنینەوە؟

نەخێر، دەبێت نەوەستین و وەکو رێکخراو و رێکخستنە کوردیەکان کە لە خوارەوە ناومان هاتووە، بانگەوازی ئاڕاستەی هەموو پارت، رێخکراو و دەزگا و رێکخستنە کوردستانیەکانی ئەوروپا دەکەین، کە بە دەنگ و هەڵوێست و کاردانەوەیەکی هاوبەش هەڵسینە سەر پێ! ئێمە بەر لە هەموو شتێک و هەموو کەسێک، داوا لە هێزە سەرەکیەکانی کوردستان و بە تایبەت لە ناوچەکە دەکەین کە دەبێت لە دژی ئەم مەترسیە، نەکەونە ناو یاریەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک و دەبێت نەبن بە هۆکار و نەهێڵن جارێکی دیکە لە سەر خاکی پیرۆزی کوردستان، خوێن بڕژێت!.  

هاوکات بەم هەڵوێست و هەوڵە هاوبەشەمان، بانگەوازیەک ئاڕاستەی رای گشتی جیهان و ئەو دەوڵەتانەی پەیوەندیان بە دەوڵەتی تورکەوە هەیە، دەکەین، نەبن بە هاوبەشی ئەم سیاسەت و پلانە ماڵوێرانکەرەی دەوڵەتی تورک.!

بە پێچەوانەوە، دەبێت مرۆڤایەتی و ویژدانی جیهان، بێنە پاڵ تێکۆشانی گەلی کوردستان بۆ ژیانێکی ئازاد و یەکسان.!

ئەو پارت و رێکخستنانەی ئەم بانگەوازیەیان واژۆ کردووە بریتین لە:

یەکێتی نشتیمانی کوردستان

بزوتنەوەی گۆڕان

کۆنگرەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک-ئەوروپا

بزوتنەوەی ژنانی کوردستان-ئەوروپا

پارتی شیوعی کوردستان – باشور

حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان – باشور

پارتی ئازادی و دیمۆکراسی ئێزیدیەکان

بزوتنەوەی ئازادی

پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک –پەیەدە

پارتی چەپی کورد لە سوریا

بزوتنەوەی نوێخوازی کوردستانی-سوری

پارتی دیمۆکراتی کورد لە سوریا- ئەلپارتی

پارتی چەپی دیمۆکراتی کورد لە سوریا

پارتی رێکەوتنی کورد لە سوریا

پارتی چاکسازی کورد لە سوریا

پارتی سەوزی کوردستانی لە سوریا

پارتی دیمۆکراتی کوردستانی لە سوریا

پارتی کۆمۆنیستی کوردستانی لە سوریا

پارتی ئیسلامی کوردستان – PIK

پارتی کۆمۆنیستی کوردستان - KKP

بزوتنەوەی کاوا

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان –پژاک

یەکێتی شۆڕشگێری کوردستان

کۆمەڵگای دیمۆکرات و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان – کۆدار

کۆمەڵگای ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان

پلاتفۆرمی هۆرام

پلاتفۆرمی زاگرۆس

پلاتفۆرمی یارسان

یاری کورد

بزوتەوەی کلتور و نونەری کورد (تەڤ-چاند)

Kurdische Gemeinde Stuttgart e.V

فیدراسیۆنی عەلەویەکانی کوردستان

فیدراسیۆنی کۆمەڵانی ئێزیدی

Kurdische Zentrum Berlin

کۆمەڵگای ئیسلامی کوردستان

ئینستیتوی کوردی – ئەلمانیا

ئینستیتوی کوردی –بروکسەل

ئەنجومەنی شەنگال لە دەرەوەی وڵات

یەکێتی مامۆستایانی کوردستان

یەکێتی ئێزیدیەکانی سوری

Kurdisch Gemeinde Brandenburg - Berlin

Dachverband der Êzidischen Frauenräte

DKF (Deutsch-Kurdisches Forum) e.V Dresden

کۆنگرەی گەلی میزۆپوتامیا

پارتی ئازادی میزوپوتامیا

Kurdistan Human Rights Association."

ز.ش