ژنانی کەرکوک داوا دەکەن ڕێگا بە داگیركاری و شەڕی براكوژی نەدرێت
ژنانی کەرکوک دوا لە هەردوو حکومەت و پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن هەڵوێستیان هەبێ بەرامبەر لەشکرکێشی سەر زینی وەرتێ.
ژنانی کەرکوک دوا لە هەردوو حکومەت و پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن هەڵوێستیان هەبێ بەرامبەر لەشکرکێشی سەر زینی وەرتێ.
ژنانی شاری کەرکوک بەدروشمی (بروخێت داگیرکاری) و(بژی یەکێتی کوردان) بەیاننامەیەکیان بۆ ڕای گشتی خوێندەوە کە تیدا داوایان لە لایەنە کوردیەکان و هەردوو پەرلەمان و حکومەتی عیراق و هەرێمیان کرد کە هەڵوێستیان بەرامبەر پێشەڵکاری و لەشکرکێشیەکانی تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق هەبێت.
ئەمرۆ لە شاری کەرکوک سەبارەت بە بارودۆخی خراپی ژنان و زیادبوونی جموجۆڵی داعش لە کەرکوک و ناوچە دابرێندراوەکان و لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ ناوچەی زینی وەرتێ، ژنانی کەرکوک گربوونەوەیەکیان ئەنجامدا و بەیاننامەیەکیان بۆ ڕایگشتی ڕاگەیاند.
مامۆستا دلۆڤان ئەکرەم بەناوی ژنانی کەرکوکەوە بەیاننامەکەی خۆێندەوە، لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: "ئەو ڕووداوانەی لەم دواییانەدا ڕوویان داوە بە گشتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە شاری كەركوك لە لایەن دوژمنان و داگیركەران هەمووی گرێدراوی یەك سیستەم و عەقلیەتن و ئەویش دەسەڵاتداری و ڕەگەزگەرایی وسەرمایەدارییە كە مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر گەل و كۆمەڵگا و بۆتە هۆی درووستبوونی چەند كێشەیەكی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و فیكری و كلتووری.
سەبارەت بە لەشکرکێشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەی زینی وەرتێ و بە چاوساغی پارتی دیموکراتی کوردستان، مامۆستا دلۆڤان ئەکرەم ڕایگەیاند: "وەك كێشەی سیاسی بابەتی لەشكركێشی دەوڵەتی توركی فاشیستی بۆسەر دەڤەری زینی وەرتێ وداگیر كردنی قەندیل و خەباتی ئازادیخواز و بەرپاكردنی شەڕی ناوخۆ، بەمەش هێنانەدی خەونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و داگیركاری بەناو(میساقی میللی) داگیركردنی تەواوی خاكی باشوری كوردستان بە چاوساغی هێزێكی كوردی خیانەتكار ئەویش پارتی دیموكراتی كوردستانە (پ.د.ك) كە ڕێگای بۆ دوژمنانی كوردستان خۆشكردووە بەشێوەیەكی ئاشتی بەبێ شەر كوردستان داگیر بكەن لەپێناو بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆیان. بەبێ هیچ گوێدان بەچارەنووسی میللەت و خەڵكی كوردستان و بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر گوند نشینەكان وسوتاندنی ڕەز و باخ و كوشتنی خەڵكی بێتاوان لە ژن و مناڵ و پیر، بەبیانووی بوونی پەكەكە لەم شوێنانە و لەهەمان كاتدا بۆردومان كردنی كەمپی پەنابەرانی مەخموور و شەهید كردنی 3 ژنی مەدەنی لەلاین فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا و بەزاندنی سنووری خاكی عێراق و نەبوونی هیچ هەڵوێستێك لەلایەن حكومەت و پەرلەمانی عێراق، بەو هێرشكردنە دەوڵەتی تورك یاسای نێو نەتەوەیی و یاسای دەوڵەتی عێراق پێشێل دەكات."
سەبارەت بە زیادبوونی جموجۆلەکانی داعش لە کەرکوک و ناوچە دابرێندراوەکان، لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: "لەهەمان كاتدا دەرکەوتنی گرووپە تیرۆرستییەكانی داعش لە دەورووبەری كركوك و شەهید كردنی پێشمەرگە و هاوڵاتیان و ڕفاندنیان و زیندووبوونەوەی شانە نووستووەكانی ناو شاری كەركوك، لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە سیستەمی سەرمایەداری ڕەگەزگەرایی هەموو ڕووداوێك لە بەرژەوەندی خۆیدا بەكار دەهێنێ و ژنان دەبنە قوربانی سەرەكی."
هەروەها سەبارەت بەخراپی دۆخی ژنان لە کەرکوک و زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لەماوەی کەرەنتینە کردن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، مامۆستا دلۆڤان ئەکرەم ڕایگەیاند: "بەهۆی ڤایرۆسی كرۆنا و كەرەنتینەكردنی خەڵك لەماڵ، تووندوتیژی زیادی كردووە لەناو خێزانەكاندا و دەستدرێژی كردنە سەر ژنان و لاواز بوونی ئەخلاق و خۆكوشتنی ژنان و بێ هیوایی ژنان پیشان دەدات لە ژیان كوشتنی ژنان بەهۆی ئەقڵیەتی پیاو سالاری."
لە كۆتاییدا سەبارەت بە هەڵوێستی حزبە کوردستانیەکان و هەڵوێستی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان سەبارەت بە لەشکرکێشی سەر ناوچەی زینی وەرتێ، مامۆستا دلۆڤان ئەکرەم وتی: "ئێمە وەك ژنانی شاری كەركوك داوا لە حزبە كوردستانییەكان دەكەین هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر لەشكركێشی سەر زینی وەرتێ و هەموو ڕووداوەكانی تر، هەروەها داوا لە حكومەت و پەرلەمانی هەرێم و حكومەتی عێراقیش دەکەین بە پەلە هەڵویست نیشان بدەن وڕێگا بە داگیركاری وشەڕی برا كوژی نەدەن بەرامبەر بەم قەیرانەی دروست بووە و بێدەنگی بشكێنن و چارەسەرێک بدۆزنەوە بۆ دابینكردنی ژیانێكی ئارام و پڕ سەروەری."
ز.ش