کەجەکە: دەبێت رەمەزانی ئەمساڵ ببێتە هۆی ئازادی گەلی کورد – نوێ کرایەوە -
کۆمیتەی گەلان و بڕواکان-ی کەجەکە بە بۆنەی مانگی رەمەزانی پیرۆز بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و هیوای خواست ئەم مانگە ببێتە هۆی بەدیهاتنی یەکێتی و ئازادی گەلی بۆ کورد.
کۆمیتەی گەلان و بڕواکان-ی کەجەکە بە بۆنەی مانگی رەمەزانی پیرۆز بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و هیوای خواست ئەم مانگە ببێتە هۆی بەدیهاتنی یەکێتی و ئازادی گەلی بۆ کورد.
کۆمیتەی گەلان و بڕواکانی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە بە بۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆز بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە، مانگی رەمەزان کە هەموو رۆژێکی خێرێکە، هەڵگری واتایەکی جیاوازی خواپەرەستیە و بەو بۆنەیەوە هیوای خواست نزا و هیواکانی موسولمانان کە روو لە راستی، یەکسانی خوشک و برایەتی و هاوکاری دەکەن، قبوڵ ببن و وتیشی:"لەم مانگی رۆژووەدا، کە بە هۆی دروستبوونی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناو کەشوهەوایەکی جیاوازداین، تیشک دەخەینە سەر گرنگی هۆشیاریە زانستیەکان. لە مانگی رەمەزاندا هیوادارین بە تایبەت خەڵکی کوردستان و بە گشتی هەموو ئەو موسولمانانەی بارودۆخیان باشە، هاوکاری ئەو دراوسێنەیان بکەن کە پێویستی بە دەستگرتن و هاوکاری هەیە. هاوکات تیشک دەخەینە سەر ئەو فەرمانە ئەخلاقیەی باس لەوە دەکات 'ئەو کەسانە لە ئێمە نین کە خۆی تێر بێت و دراوسێکانی برسی."
دوورکەوتنەوە لە ئەخلاقی کۆمەڵایەتی، دەرگا بۆ هەموو جۆرە خراپەیەک دەکاتەوە
لە بەیاننامەکەدا هاتووە:"مرۆڤایەتی بە هۆی ئەو تاڵانکاریەی کاپیتالیزم رێگای بۆ کردووەتەوە و بە هۆی ئەو قەیرانەی لە ئەنجامی قڕکردنی کۆمەڵاگا دا دروست بووە، رووبەرووی رۆژگارێکی سەخت بووەتەوە. دەقە پیرۆزەکان ئاشکرای دەکەن کە کارەساتی وەها پێشووتریش روویان داوە. لە دەقە پیرۆزەکاندا ئاماژە بەوە دەکریت کە هۆکاری ئەم بەڵا و کارەساتانە سەردەستی زاڵمانە کە دوور کەوتووەنەتەوە لە ئەخلاق. دوورکەوتنەوە لە ئەخلاقی کۆمەڵایەتی، هۆکاری کردنەوەی دەرگای هەموو جۆرە خراپە و بەڵایەکە. بە بۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانەوە، داواکارین هەموو موسولمانان، زانا و مەلاکان بیر لەو راستیە بنچێنەییانە بکەنەوە. لەو بڕوایەداین کە بە تایبەت زانا و مەلاکانی کوردستان و بە گشتی موسولمانە دیمۆکراتخوازەکان، لە هەموو خوتبە و کۆبوونەوەکاندا زیاتر گرنگی بدەن بە بابەتە زانستی و ئەخلاقیەکان و باس لەوە بکەن کە بەخشین، یەکسانی و خوشک و برایەتی تایبەتمەندیەکی وەهایە کە مرۆڤ ناتوانێت وازیان لێبهێنێت. بانگەوازیمان بۆ زاناکان ئەوەیە کە لە دژی ئەو کەسانەی فیتنە دروست دەکەن، زوڵم دەکەن، زیان بە سروشت و ژیانی کۆمەڵایەتیمان دەگەیێنن، چاونەترسانەتر قسە بکەن و بجوڵێنەوە."
دەبێت سەرفترە و زەکاتەکانمان بدەین بە رێکخرا و کەسانی وڵاتپارێز
هاوکات لە بەیاننامەکەدا هاتووە:"کوردستانیان لەگەڵ هاتنی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک، پێدەنێتە مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە. هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەبنە هۆی دروستبوونی مەترسی و کێشەی گەورەتر و رووبەرووی گەلەکەمان دەبنەوە. ئێمە لەو بڕوایەداین کە دەتوانین بە بەرفراوانکردنی تێکۆشان، رووبەرووی ئەو هەڕەشانە ببینەوە و زاڵ بین بەسەریاندا. دەمانەوێت جارێکی دیکە بەبیری بهێنینەوە کە تیکۆشانی گەلی کورد لە دژی داگیرکاری قرکەر، دەتوانێت سەرکەوێت.
بانگەوازیمان بۆ موسولمانانی کوردستان ئەوەیە کە سەرفترە و زەکاتەکانیان بدەن بە رێکخراو و کەسانی وڵاتپارێز. کوردستانیانی باکور و دەرەوەی وڵاتیش دەبێت زەکاتەکانیان نەدەن بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ریکخراو و کەسانی سەر بە دەوڵەت. چونکە هیچ خێرێک لەو دەوڵەت و رژێمە نایەت کە لێبوردن بۆ کەسانی دز و چەتە و جەردە و بەرتیلخۆر دەرکات، بەڵام ئەو کەسانەی نرخی مرۆڤایەتی دەپارێزن لە بەندیخانەکان دەهێڵێتەوە و لە چنگی مەرگدا دەیانهێڵێتەوە."
زاناکانی کورد دەبێت خزمەت بە یەکێتی نەتەوەی دیمۆکراتیک بکەن
کەجەکە لە وانگەوازیەکەیدا دەڵێت:
"گەلەکەمان وەکو چۆن ئەرک و واجبە دینیەکان جێبەجێ دەکات، هاوکات ئەرکە نەتەوەیەکانیشی جێبەجێ دەکات. ژیانێکی ئازاد لە کوردستان، بە زمان و ناسنامە و کلتوری خۆیەوە، مافێکی وەهایە کە دینی ئیسلامیش فەرمانی پێکردووە. دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە دژی ئەم مافەمان جەنگی راگەیاندووە. لەم هێرشە قڕکەرانەدا، دینی ئیسلام بەکار دەهێنێت. دەیەوێت بە قرکردن، کوردبوون لەناو بەرێت. بۆ ئەم مەبەستەش تا ئەو ئاستە رێگای بێئەخلاق و قێزەوەن دەگرێتە بەر کە تەنانەت تەرمی گەریلایەکی شەهید بە رێگای پۆستەوە بۆ دایکی ناردووەتەوە. دەیەوێت لە ناو هێزە کوردستانیەکان فیتنە دروست بکات. دەیەوێت کورد لە ناوخۆدا شەڕ بکات. دەوڵەتی داگیرکەر هەمیشە ئەو سیاسەتانە پەیرەو دەکات کە لە ناو گەلی کورددا فیتنە بنیتەوە، برا بە دەستی برا بەکوشت بدات. داگیرکاری تورک دەیەوێت ئەم یاریە دوو سەد ساڵەی خۆی، لە باشور جێبەجێ بکات.
لەم چوارچێوەیەشدا دەبینین کە لە باشوری کوردستان کار لەسەر چەند هیزێک دەکات. ئەرکیکی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی زانا و مەلاکانی کورد بۆ ئەوەی ئەم فیتنەی دەوڵەتی تورک نەهێڵن و رێگری لێبکەن. بە بۆنەی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە پەیاممان ئاڕاستەی زانایان کورد دەکەین کە ئەرکە وڵاتپارێزیەکانیان بە شێوەیەک جێبەجێ بکەن کە لە خزمەتی یەکێتی نەتەوەیی دیمۆکراتیکی کورد دابێت. ئەم بانگەوازیەمان بە تایبەت ئاڕاستەی زانا و مەلا و تەریقەتەکانی باشوری کوردستان دەکەین. بۆ رێگریکردنی لە فیتنەکانی دوژمن، لە رووی خەباتی یەکیتی نەتەوەییدا، زیاتر لە پارچەکانی تر بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان. هاوکات بانگەوازیمان ئاڕاستەی زانا و مەلاکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریاش دەکەین کە لە چوارچێوەی یەکیتی ئیسلامی دیمۆکراتیکدا ئەرکەکانیان لە چوارچێوەی خۆسەری دیمۆکراتیکدا جێبەجێ بکەن و هاوکاریان بکەن و لە دژی نەژادپەرەستی و شەڕی مەزهەبی، بە رێکخراوەییتر تێبکۆشن.
ئێمە هیوادارین کە ئەم مانگی رۆژووە ببێتە هۆکاری یەکێتی و ئازادی کورد. هیواخوازیشین نزای موسولمانانی دیمۆکمرات و پەیگیرانی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی، قبول ببن و لەم سۆنگەیەشەوە دەڵێین رەمەزانتان پیرۆز بێت. هاوکات هیواخوازین ئەم رەمەزانە ببێتە هۆکاری ژیانێکی ئاشتیانە و ئارام و خوشک و برایەتی."
ز.ش