کەجەکە: لە دژی شێواندنی گۆڕستانەکان دەبێت تێکۆشانمان بەرفراوانتر بکەین!

کەجەکە رایگەیاند، هێرشکردنە سەر گۆڕستانی شەهیدان بە واتای هێرشی سەر گەلی کورد دێت و جەختی کردەوە، ئەگەر دوژمن بەم رێگایە بیەوێت پاشەکشەمان پێبکات لە کوردبوونی خۆمان، دەبێت ئێمەش زیاتر خاوەنداری لە کوردبوونی خۆمان بکەین.

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە لە بارەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر گۆڕستانی شەهیدان راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و وتی:"رێزگرتن لە مردووان و گۆڕستانەکان، یەکێکە لە پیرۆزیە سەرەکیەکانی مرۆڤایەتی. دەوڵەتی تورک ئەم نرخە پیرۆزە بە دڕندانەترین و قێزەوەنترین شێواز بنپێی دەکات. لە جیهاندا دوو هێز هەن ئەم جۆرە کردەوە دڕندانانە ئەنجام دەدەن. ئەم دوو هێزە بریتین لە؛ دەوڵەتی تورک و داعش. لەم رووەوە یەک بیرکردنەوە و یەک زیهنیەتیان هەیە. لە راستیدا، لە سەر ئاستی جیهان تەنها دوڵەتێک کە پشتیوانی لە داعش کرد و خاوەنی هەمان ئامانجی سیاسی بوو لە گەڵ داعشدا، تورکیا بوو."

کەجەکە راشیگەیاند:"داعش ئەم کردەوە دژ بە مرۆڤانانەی بە ناوی ئایینەوە ئەنجامی دەدا. دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپەش بە ناوی تورکبوون و زەگەزپەرەستی ئەنجامی دەدات. زەگەزپەرەستیەکەیان بە ئایین رۆپووش کراوە و بەم شێوەیە فاشیستترین و دیکتاتورترین دەسەڵاتی دژی مرۆڤایەتیان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بونیاد نا. لەم سەردەمەدا دەسەڵاتێکی فاشیستی وەکو دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لە جیهاندا بوونی نیە. لە جیهاندا دەسەڵاتی جیاوازی فاشیست و دیکتاتور هەن، بەڵام هیچ کامێکیان وەکو دەسەڵاتداریی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە ناجوڵێتەوە. هێزە دیکتاتور و فاشیستەکان بۆ ئەوەی بەردەوامی بدەن بە دەسەڵاتەکەیان، سیاسەتی فشار و زۆرداری پەیرەو دەکەن. دەوڵەتی داگیرکەری تورکیش، لەناوبردنی کوردی بۆ ئەم سیاسەتە زیاد کردووە و بەم شێوەیە خۆی گەیاندووەتە ئاستی دژایەتیکردنی مرۆڤایەتی کە لە هیچ شوێنێکی جیهان بوونی نیە.  لە هیچ شوێنێکی جیهان دەوڵەتێک یان هێزێکی سیاسی و دەسەڵاتێک نیە کە هەبوونی گەلێک ئینکار بکات و بە قرکردنی فیزیکی و کلتوری هەوڵ بدات بە تەواوەتی بیسڕێتەوە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا دەوڵەتی تورک، ئەرمەن و سریانیەکانی قرکرد و ئێستاش دەیەوێت کورد قربکات."

کەجەکە هەروەها رایگەیاند:"بوردومانکردنی گۆڕستانەکان لە لایەن دەسەڵاتی داگیرکەر و قرکەرەوە، هاوکات دەرهێنانی تەرم لە گۆڕەکان، هێرشکردنە سەر گۆڕستانەکان و شێواندین گۆڕەکان و بێڕێزیکردن و پارچە پارچەکردنی تەرمی گەریلا، ئەمانە هەمووی کردەوەی ئەو زینهینەتەن کە کورد ئینکار دەکات و دەیەوێت کورد بە تەواوەتی بسڕێتەوە. بەرگەی ئەو کوردانە ناگریت کە بۆ کوردبوونی خۆیان دەژین و بۆ ناسنامەی خۆیان تێدەکۆشن. شاردنەوەی گۆڕی شێخ سەعید و هەڤاڵانی، سەید رەزا و هەڤاڵانی و هاوکات بێڕێزیکردن لە بەرامبەر تەرمی شەهیدان و هێرشکردنە سەر گۆڕستانەکان، ئەمانە هەمووی ئەنجامی هەمان زیهنیەتن.

ئەم هێرشە تەنها لە دژی ئەو کەسانە ئەنجام نادرێت کە لەو گۆڕانەدا نووستوون، بەڵکو لە دژی گشت گەلی کوردە. هێرشکردنە، بۆ سەر هەبوونی گەلی کورد، هێرشکردنە بۆ سەر داوای ئازادی و تێکۆشانی ئازادی کورد. هەتا ئەو کاتەی راستی ئەو هێرشە بەم شێوەیە تێنەگەین، لە هێرش و بێرێزیکردن لە گۆڕستانەکان و تەرمی شەهیدانیش تێناگەین. ئەم هێرشانە ئاسایی نین، بەڵکو لە پشتیانەوە ئامانجی سیاسی هەن. بەم هێرشانە دەیانەوێت کورد لە کوردبوون و مافە سەرەتایی و سروشتیەکانی، لە زمان و کلتور و ئازادی خۆی ببچڕێنێت.

دەوڵەتی قرکەری تورک لە ساڵەکانی ١٩٧٠دا وای دەزانی کە کورد و کوردستانی بە تەواوەتی لە گۆڕناوە. دەیانوت، "کوردستانی خەیاڵیمان خستووەتە گۆڕەوە". لەبەر ئەوەی رێبەری گەلی کورد هەڤاڵ عبدولا ئۆجالان، پەکەکەی بە رێکسختن کرد و تێکۆشانی گەریلای بونیادنا و پیشانیشی دان کە کورد نەخراوەتە گۆڕەوە، دوژمنایەتیەکی بە کینی لەگەلدا دەکەن. دەیانەوێت لە بەندیخانەیەکی تاکە کەسیدا بیخەنە گۆڕەوە. دەیانەوێت گەریلاش بێگۆڕ بهێڵنەوە و کوردیش لەناو لاپەڕەکانی مێژوودا ونبکەن. بۆیە بێڕێزی لە بەرامبەر تەرمی گەریلا دەکەن و هێرش دەکەنە سەر گۆڕستانەکان کە ئەمەش سیاسەتی قرکردنە. هەر کەسێک بە خۆی دەڵێن من کوردم، دەبێت ئەمە باش ببینێت و لە دژی ئەم سیاسەتە قرکەرە هەڵسێتە سەر پێ.

دەبێت هەموو گەلی تورکیا هەڵوێستی خۆی بنوێنێت

نەک تەنها گەلی کوردی وڵاتپارێز، بەڵکو هەموو ئەو کەسانەی بە خۆیان دەڵێن، من موسولمان، مەسیحیم، ئێزیدیم، عەلەوی، کورد، تورک، ئەرمەن، سریانی، عەرەب، چەرکەس، هەموو گەلانی تورکیا و هەموو مرۆڤە بڕوادارەکانی جیهان، دەبێت لە دژی ئەم هێرشانەی بەرامبەر مرۆڤایەتی دەکرێت، هەڵوێستی خۆی بنوێنێت. بێهەڵوێستی لە بەرامبەر ئەم هێرشانە، هیچ بیروبڕوایەک قبوڵی ناکات.

دەبێت تێکۆشان بەرفراوان بکەین

هێرشەکانی دەوڵەتی قرکەری تورک کە دەیکاتە سەر تەرمی گەریلاکان و گۆڕستانەکان دەشێوێنێت، ئەوە دەخاتە روو کە گەریلا لە تێکۆشانی ئازادی و دیمۆکراسیی گەلی کورد دا، رۆڵێکی مێژووی بینیوە. چونکە شەهیدەکانمان گورزی کوشندەیان لە داگیرکاری داوە، داگیرکەرانیش هێرش دەکەنە سەر تەرمی گەریلا شەهیدەکان و گۆڕستانەکان. ئەم هێرشانە شوێنی شەهیدەکانمان لە ناو مێژووی کورددا گەورەتر دەکات. دووبارە ئاشکرا دەبێت کە شەهیدەکانمان بۆ تێکۆشانی هەبوون و ئازادی کورد، چ رەنجێکی گەورەیان داوە.

ئەم هێرشانە دەبنە هۆکار کە دوژمنەکەمان باش بناسین، کینی ناو دڵمان زیاتر دەبێت و ئەرکەکانمان روونتر دەبنەوە. ئەم هێرشانە دەبێت ببنە هۆکار کە گەلەکەمان خۆی بەرێکخستن بکات و تێکۆشانی ئازادی و دیمۆکراسی بەرفراوانتر بکات. دەبێت زیاتر خاوەنداری لە کوردبوونی خۆمان بکەین و تێکۆشانی ئازادی بەرفراوانتر بکەین. بەهێزترین وڵام بۆ ئەم هێرشانە ئەوەیە کە تێکۆشانمان بۆ کوردستانی ئازاد و تورکیای دیمۆکراتیک بەرفراوانتر بکەین و داگیرکەرانیش فڕێدەینە ناو زبڵدانەوە.

بۆ ئەوەی هەستی وڵاتپارێزی و هیوای ئازادیی شەهیدەکانمان ببن بە پێشەنگ بۆ گەلەکەمان، ئەم هێرشانە دەشکێنین و ئاواتی شەهیدانی کورد و کوردستانی ئازادیش، بێگومان بەدی دەهێنین."

ز.ش