گەریلاکانی هەپەگە لە جودی چالاکیەکیان ئەنجامدا

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە ڕایگەیاند، گەریلاکانیان لە چیای جودی دژی سوپای داگیرکەری تورک چالاکییان ئەنجامداوە.

ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر چالاکیی گەریلاکانی دژی سوپای داگیرکەری تورک لە چیای جودی و هەروەها شەهیدبوونی دوو هاوڵاتیی مەدەنی لە خواکورک، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە چوارچێوەی هەنگاوی تۆڵەکردنەوەی شەهید مەدیا ماوا و شەهید ڕزگار گەڤەر، هێزەکانمان ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٣:٥٠ خولەکی دوانیوەڕۆ لە ناوچەی نێوان گردەکانی بێسپن و چەلێ خوشک و برا لە چیای جودی دژی سوپای داگیرکەری تورک چالاکییان ئەنجامدا، لە چالاکییەکەدا گورزی قورس لە مۆڵگە و حەشارگەکانی دوژمن وەشێندرا، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکان ڕوون نەبووەتەوە، دوای چالاکییەکە سوپای داگیرکەری تورک بە چەکی قورس ئەو دەوروبەرەی تۆپباران کرد، دواتریش بە هێلیکۆپتەر سەربازە کوژراو و بریندارەکانی دوور خستەوە، یەکینەکەمان بە سەلامەت و سەرکەوتووانە گەیشتەوە بارەگای خۆی.

هێرشی ئاسمانی

لە بەردەوامی هاتووە: ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٤:٣٠ خولەکی ئێوارە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک دەشتی نەحلە لە گابار، مەیدانی مەرڤانۆس لە ئاڤاشین و مەیدانی گۆشن و بەربزن لە خواکورکیان بۆردوومانکرد.

شەهیدبوونی دوو هاولاتی ڕۆژهەڵاتی

لە کۆتاییش هاتووە: لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا، زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە، بەڵام لە ناوچەی خواکورک لەسەر سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوو هاوڵاتی مەدەنی بە ناوەکانی "ڕەشید میرۆیی و فاخر تازەوارد" لەلایەن سوپای داگیرکەری تورکەوە شەهید کران، لەم هێرشەدا سوپای تورک بە زانابوون ئەو هاوڵاتیانەی کردە ئامانج، سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو هاوڵاتیانە و هەموو گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین.