یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی و ڕاپەڕینی ٢٤ی ٤ی قەڵادزێ بەرز ڕاگیرا
لە یادی بوردومانی قەڵادزێ دا هاوڵاتیان و بنەماڵەی شەهیدان داوای یەکڕیزیی گەلی کوردیان کرد و هێرشی دوژمنیان شەرمەزار کرد.
لە یادی بوردومانی قەڵادزێ دا هاوڵاتیان و بنەماڵەی شەهیدان داوای یەکڕیزیی گەلی کوردیان کرد و هێرشی دوژمنیان شەرمەزار کرد.
لە ساڵی ١٩٧٤دا ڕژێمی فاشیستی بەعس بۆردومانی هاووڵاتییانی ناوچەی قەڵادزێی کرد و لە ئەنجامدا شەهید و بەرینداری لێکەوتەوە، پاشان لە کات و ساتی یادکردنەوەی ئەو کارەساتە و ساڵڕۆژی ئەو هێرشە لە ساڵی ١٩٨٢ ڕژێمی بەعس دووبارە هاووڵاتییانی قەڵادزێی کۆمەڵکوژ کردەوە.
ئەمڕۆ ٢٤ی ٤ هاوڵاتیان و بنەماڵەی شەهیدان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پاش تێپەڕینی ٤٦ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا، یادی شەهیدانیان کردەوە و بانگەوازیان بۆ گەلی کورد ئەوە بوو، کە یەک ڕیز بن لەبرامبەر دوژمنەکانیان.
ئەبو بەکر عومەر هاوڵاتی قەڵادزێیە و برایەکی لەو کارەساتەدا شەهید بوە، دەربارەی کارەساتەکە و چۆنیەتیی شەهیدبونی براکەی بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "ئێمە سێ برا و سێ خوشک بوین پێمانیان دەوت باڵەفڕ دێت و بچنەوە ماڵەوە، براکەم لە ڕێگا بوو دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە شەهید بوو. بۆ ئەوەی ڕوحی شەهیدەکانمان ئاسودە بێت، ئێمە داوا دەکەین کورد یەکڕیز بێت، چونکە ئەگەر ئێمە یەک دەست و یەک دڵ بین دەتوانین بەرامبەر دوژمنەکانمان بوەستینەوە".
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا داوای لە وەزارەتی شەهیدان کرد، کە ئاگاداری بنەماڵەی شەهیدان بێت چونکە ئەگەر لە ئێستادا زیاتر خزمەتی بنەماڵەی بەرپرسەکان دەکەن و چاویان لە هەژاران نییە.
ئارام محەمەد سەرۆکی شارەوانیی قەڵادزێ لە مەڕاسیمەکەدا ئامدەبوو و بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "قەڵادزێ بە حوکمی ئەو پێگە جوگرافییەی کە هەیەتی و سۆزی هاوڵاتیان بۆ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان، لە ڕابردوشدا لانکەی شۆڕش بوە بۆیە وایکرد حزبی بەعس بیر لە خاپورکردنی بکاتەوە. لە ساڵی ١٩٧٤ شاری قەڵدزێ بە چەکی قەدەغەکرا بۆمبەباران کراوە و پاشان لە چەندا ساڵێک دوای ئەوە و لە کاتی یادکردنەوەی شەهیدانیان دوبارە هاوڵاتیانی ناوچەکە بۆمبەباران کرایەوە، سەرەڕای ئەو زوڵم و زۆریەش لەسەر شاری قەڵادزێ هیچ هێزێک نەیتوانی چۆک بە هاوڵاتیان دابدا".
ئەمساڵ یادەکە لە چاو ساڵانی ڕابردوو جەماوەری نەبو و کەمێک سارد و سڕی پێوە دیار بوو، ئارام محەمەد هۆکارەکەی بۆ مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەڕاندەوە و وتی:" ٢٤ی ٤ی ئەمساڵ هاوکات بوو لەگەڵ پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆیە هیچ گردبونەوە و سیمینارێک پێشکەش نەکرا لە پێناو سەلامەتی گیانی هاوڵاتیاندا".
ژ.ت