ÎHD Amed: ئێوە ناتوانن تاوانەکەی نسێبین بەڕەوا پیشانبدەن

لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ÎHD Amed) ئاماژەی بە توندوتیژی پۆلیسی تورک بەرانبەر منداڵێکی کورد لە نسێبین کرد و وتی،" بەڕیوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی تورک هەوڵ دەدات تاوانەکە وەک کارێکی ڕەوا لەقەڵەم بدات."

لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ÎHD Amed) لەبارەی توندوتیژی پۆلیسی تورک بەرانبەر منداڵێکی کورد لە نسێبین ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کە بەم شێوەیەیە:

"لە ڕاگەیەنراوی بەڕیوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی تورکدا هاتووە کە ئەو منداڵانەی ناو سیتییەکە بەردیان گرتووەتە هێزەکانی پۆلیس  و بەو شێوەیە دەیانەوێت توندوتیژی بەرانبەر منداڵان پەردەپۆش بکات . ئەگەر بانگەشەکە ڕاستیش بێت، کەس ناتوانێت منداڵان سزا بدات.

لە کوردستان بە دەستی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەت بە سەدان منداڵ کوژراون و مافەکانی منداڵان کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە مسۆگەر کراون، پێشێلکراون."

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا لقی ئامەدی کۆمەڵەکی مافی مرۆڤ داوای کرد ئەو پۆلیسەی تاوانەکەی ئەنجامداوە، سزا بدرێت.

ف.ق