ڕاپۆرتی سی پی تی ئەمریکی: بە هۆی هێرشە داگیرکارییەکانەوە زیاتر لە ١٦٢ گوند چۆڵکراون

ڕێکخراوی سی پی تی کە ڕێکخراوێکی ئەمریکیە لە کۆتا ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک ئاماژەی بەوەکردووە؛ لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەو دەوڵەتە هەزار و ٧٦ هێرشیان بۆ سەر باشووری کوردستان ئەنجامداوە، هەروەها زیاتر لە ١٦٢ گوند چۆڵکراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە لە لە ١٥ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤ـدا، سوپای داگیرکەری تورک دەستیکردووە بە هێرشێکی سەربازیی نوێ لە دەڤەری بەرواری باڵا و لە شەش گوندی ناوچەکەدا ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەنجامدا، هەروەها لە ٢٥ـی حوزەیراندا، سوپاکە بازگەی سەربازی لە نێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بلاڤێ جێگیرکرد، لە ڕۆژی دواتردا ئەو سوپا داگیرکەرە دەستیکرد بە دروستکردنی حەوت بارەگای سەربازیی نوێ و لە ڕۆژی ٢٧ـی حوزەیراندا، سەربازانی تورک چوونەتە ناو گوندی دەرگەلێ موسا بەگی و دانیشتووانەکەیان ناچار کردووە گوندەکە بەجێبهێڵن.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەم لەشکرکێشییەدا دەوڵەتی تورک ٢٣٨ جار بۆردوومان و هێرشی بۆسەر خاکی باشووری کوردستان دەستپێکردووە، بە هۆشیانەوە زیاتر لە ٢٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵ و دارستانی ئەو ناوچانە سووتاون، تەنها لە گوندی سەرگەلێ نزیکەی ٥٥٪ـی دارستان و ڕەزوباخی هاوڵاتییانی مەدەنی سووتاون.

ئاماژەبەوەشکراوە؛ بە هۆی هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکەوە ١٦٢ گوند لە باشووری کوردستان چۆڵکراون و زیاتر لە ٦٠٢ گوندی دیکەش لە ژێر مەترسیی چۆڵبووندان.

دانیشتووانی گوندی سەرگەلێ بۆ سی پی تی پشتڕاستیانکردووەتەوە، کە لە بەرەبەیانی ٤ـی تەمووزدا، هێزێکی سوپای تورکیا بە نزیکەی (٤٥) زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چوونەتە ناوگوندەکەیان و هێزەکە لە پشتی گوندی سەرگەلێ جێگیربوون، دانیشتووانی گوندەکە ترسی ئەوەیان هەیە ئەم هێرشە درێژە بکێشێت و ببێتە هۆی ئاوارەبوونی گوندنشینان و چۆڵبوونی گوندەکەیان.

لە ڕاپۆرتەکەیدا سی پی تی ئاماژەی بەوەداوە، لە سەرەتای کانوونی دووەمەوە تا کۆتایی حوزەیرانی ٢٠٢٤، دەوڵەتی تورک هەزار و ٧٦ هێرش و بۆردوومانی بۆسەر باشووری کوردستان ئەنجامداوە، کە ٥٢٦ـیان بۆ سەر پارێزگای دهۆک، ٤٠٥ بۆ سەر پارێزگای هەولێر، ١٣٥ بۆ سەر پارێزگای سلێمانی و ١٠ هێرشیان بۆ سەر پارێزگای نەینەوابوون، کە ٩٣٪ هێرش و بۆردوومانەکان بە فڕۆکەی جەنگیی کراون، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ٢٠٢٣ سوپای داگیرکەری تورک ١٥٤٨ هێرشی بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان ئەنجامدابوو.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوەشکردووە، سەرباری شەهیدبوونی هەشت هاوڵاتی مەدەنی لەم ساڵدا، هێرشەکانی سوپای تورک ژێرخانی ئابووریی و خانوو و باڵەخانەی مەدەنی بە ئامانج گیراون و زیانیان بەرکەوتووە، لە ئێوارەی ڕۆژانی ٤ و ٥ـی تەمووزدا، دوو پارچە تۆپ لەناو ماڵەکانی گوندی گوهەرزێ کەوتنەخوارەوە و سەرباری زیان گەیاندن بە خانووی سێ هاووڵاتی مەدەنی، ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکیش زیانی بەرکەوت.

لە ڕاپۆرتەکەیاندا تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی ئەوەشی خستووەتەڕوو: بە نیگەرانییەکی قوڵەوە لە دواین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا و کاریگەرییەکانی بۆ سەر هاوڵاتییانی مەدەنی و سەر و ماڵی گوندنشینان دەڕوانین، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ترسمان هەیە لە ئاوارەبوونی سەدان خانەوادەی مەدەنیی لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی.