هێرشە داگیرکارییەکانی سوپای تورکی داگیرکەر ئەمساڵ لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٢ەوە بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستیپێکردووە و ماوەی ٥ مانگە ئەو ھێرشانە بەردەوامن. سوپای تورکی داگیرکەر، کە نەیتوانی لە دژی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان پێشڕەوی بکات و لە ماوەیەکی کورت دا تووشی کێشە و تەنگەتاوی بوو، بۆ خۆڕزگارکردن لەو لاوازیی و شکستەیان دیسانەوە شێوازی شەڕی چەپەڵیان گرتەوەبەر. ئەو تونێل و سەنگەرانە، کە لە گۆڕەپان و مەیدانی بەرخۆدان دا لەلایەن گەریلاوە دەپارێزرێن بە فڕۆکەى جەنگی، هەلیکۆپتەرەکان، بە تۆپ و هاوەن بە چڕی بۆردومان دەکرێن.
دەوڵەتی تورک بە پشتیوانیی بێسنووری ناتۆ هەموو دەرفەت و توانا تەکنەلۆژییەکان بەکاردەهێنێت و ڕۆژانە دەیان جار جوگرافیای کوردستان بۆردومان دەکات و بە بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و چەکی کیمیایی چەندین جار تاوانی جەنگی دژ بە گەریلا ئەنجامداوە.
چەندین جار تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی تورک بە ڤیدیۆ تۆمارکراون و سەلمێنراون و بڵاوکراونەتەوە. ئەمجارەش بە تۆمارکردنی ڤیدیۆیەکی دیکە بۆ جارێکیتر تاوانەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە دەسەلمێنریتەوە. لە نوێترین گرتە ڤیدیۆیی دا، سەربازە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورک خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هێرشکردن بە بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و چەکی کیمیایی لە دژی تونێلەکانی شەڕی شەهید هەژار لە گۆڕەپان و مەیدانی بەرخۆدانی شاخی هەکاری. ڤیدیۆکە جارێکی دیکە لایەنی جەنگی چەپەڵ و قێزەونی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر نیشان دەداتەوە.
لەم نوێترین گرتە ڤیدیۆییەدا ئەوە دیارە، سەربازە داگیرکەرەکانی تورک بۆمبی تایبەت و بە هێز بە بانداژ و تیپ بە دەوروبەری ئەو تەقەمەنیانەدا دەبەستنەوە و بۆمبی تایبەت و کاریگەری ئەتۆمی تاکتیکی دروست دەکەن. بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی، کە ٥ سەرباز هەوڵ دەدەن بە هەستیارییەکی زۆرەوە جێگیری بکەن، سەربازەکان هەموویان بە وایەر و کێبڵ پێکەوە دەبەستنەوە و دەیانبەن بۆ ئەو شوێنانە، کە چوونەتە ناو تونێلەکان. داگیرکەران گرنگی و بایەخێکی زۆر بە بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی دەدەن و هیوای خۆیان لەسەر ئەو بۆمبە هەڵچنیوە. ئەو بۆمبانە لە باوەش دەگرن و وێنەی لەگەڵ دەگرن. ئەوەش سەلمێنەری زانیارییەکانمانن.
ئەو داگیرکەرانە، کە هەوڵ دەدەن بە تەقینەوەی گەورە بەرخۆدانی گەریلا تێکبشکێنن، ئەوەندەی لە دەستیان دێت بەبێ ڕاوەستان تونێلەکانی شەڕ بۆردومان دەکەن.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە ڕاگەیاندراوی ١٧ی ئابدا بڵاویکردەوە، سوپای تورک لە ٤ مانگی ڕابردوودا هەزار و ٥٣٢ جار بە بۆمبی قەدەغەکراوی ئەتۆمی تاکتیکی و چەکی کیمیایی لە دژی تونێل و سەنگەرەکانی شەڕ تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی ئەنجامداوە.
ژ.ت