بانە.. کۆڵبەرێک بە تەقەی ھێزەکانی ئێران کوژرا

لە ناوچەی سنووری "کيلە"ی سەر بە شاری بانە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، کۆڵبەرێک لە نزیکەوە و بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە لایەن ھێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران تەقەی لێکراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

بە گوێرەی سەرچاوەکانی ھەواڵی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، دوێنێ سێشەممە، لە ناوچەی سنووری "کيلە"ی بانە، کۆڵبەرێک بە ناوی "موحسین عەبدوڵاھی" لە کاتی چوونی بۆ کۆڵبەری لە نزیکەوە و بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە لایەن ھێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران تەقەی لێکراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

موحسین عەبدوڵاھی، تەمەنی نزیکە ٣٥ ساڵ و خێزاندارە و باوکی چوار منداڵە. بە گوێرەی زانیارییەکانیش ئەو کۆڵبەرە لە کاتێکدا تەقەی لێکراوە، کە ھیچ کۆڵێکی پێ نەبووە.

جێی باسە بە گوێرەی ئامارێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ماوەی مانگی رەزبەر (٢١ی ئەیلول تا ٢١ی تشرینی یەکەم) لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ٢ کۆڵبەر لە بانە و مەریوانی پارێزگای سنە، بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کوژراون و لانیکەم ١٤ کۆڵبەریش بەتەقەی ئەو هێزانە برینداربوون.