باقرخان: بەرێز ئۆجالان لە ئامادەکارییەکی جددییدایە
تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند، ڕێبەر ئاپۆ ئامادەکارییەکی جددی دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر پرۆسەکە سەربکەوێت، هەم کورد و هەم گەلانی تورکیا پێکەوە سەردەکەون.
تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند، ڕێبەر ئاپۆ ئامادەکارییەکی جددی دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر پرۆسەکە سەربکەوێت، هەم کورد و هەم گەلانی تورکیا پێکەوە سەردەکەون.
"کۆبوونەوەکانی ئازادی و ئاشتی کۆمەڵایەتی" پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان و دەم پارتی بەردەوامە. هاوکات لەگەڵ ئەم کۆبوونەوانەدا، کۆبوونەوەیەکی گشتی لە ناوەندی کۆنگرەی کولتووری شاری ئامەد بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی دەم پارتی وتارێکی پێشکەش کرد. باقرخان بە ئاماژەدان بەو دیدارانەی کە لە ئیمرالی ئەنجامدراون، وتی: "لە کاتی کۆبوونەوەکاندا بەرێز ئۆجالان خاڵێکی زۆر گرنگی خستەڕوو؛ وتی، 'خاوەنی سەرەکی ئەم پرۆسەیە گەلەکەمانە'. بۆیەش دەڵێت پێش بڕیاردان سەرەتا لەگەڵ گەلەکەمان کە بارگرانی ئەم کارە هەڵدەگرن، گفتوگۆ بکەن و بۆچوون و پێشنیارەکانیان وەربگرن و دواتر لەگەڵ مندا باسی بکەن. هەروەک دەزانن شاندەکەمان دیدارەکانی بەڕێوە دەبات و بۆچوون و پێشنیارەکان دەگەیەنینەوە بە بەرێز ئۆجالان."
باقرخان لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند حکومەت هەندێ جار گرنگی بە ئامەد دەدات و وتی: "هەندێکجار دەڵێن 'چارەسەری لە ئامەدەوە دەست پێدەکات. هەروەها هەندێک دەڵێن رێگەی دەربازبوون بۆ یەکێتی ئەوروپا لە ئامەدەوە تێدەپەڕێت. ئامەد نەک تەنها بۆ ئێمە، بەڵکوو بۆ بەڕێوەبەرانی حکومەتیش زۆر گرنگە. ڕێگای ئاشتی و چارەسەری لە ئامەد و ئەنقەرەوە تێدەپەڕێت.
لە ئێستادا گفتوگۆی زۆر گرنگ لە ئارادایە. هیوادارم ئەم گفتوگۆیانە بەرەو پرۆسەی ئاشتی بگۆڕدرین. بەڵام ئەمە تەنها بە داخوازی بەدی نایەت، دەبێت زەمینەکان دابین بکرێت. بۆ ئەوەی ئاشتییەکی شکۆمەند بێتە ئاراوە، گەلەکەمان ڕێگاکەمان بۆ دیاری دەکات. هیچ تێکۆشانێک بەبێ بەشداریی گەل سەرناکەوێت. ئەگەر سەرەڕای ئەوەی ٤٠ ساڵە زوڵم و ستەم هەیە، هێشتا باس لە پرسی کورد دەکرێت، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە ئێوە ئەکتەری سەرەکی ئەم پرسەن. ئەم پەیوەندیەی حیزب و گەلەکەمان شایانی ڕێزە.
پرسی ئاشتی تەنها لە قسەکردن چارەسەر نابێت. بەڵکوو پرسێکی یاسایی و دەستورییە. ئەگەر ئەم پرسە چارەسەر بوو، پێویسته کورد به زمانی دایکی خۆی پەروەردە ببینێت. پێویستە دیموکراسی هەرێمی جێگیر بکرێت. ناکرێت هەر کەسێک بە پێی خواستی خۆی لە سەر ئیرادەی گەلی کورد قەیوم دابنێت. تورکیا پێویستە خۆی لە تاکڕەوەی بەدوور بگرێت، دەبێت یەکسانی نێوان هاوڵاتیان دابمەزرێت. پێویستە خۆمان لە دیین پەرەستی بەدوور بگرین. پێویستە دەستبەجێ پرۆسەی چاکسازیی جێبەجێ بکرێت. ئامادەکارییەکانی بەرێز ئۆجالان بۆ پەیامێکی مێژوویی بەردەوامە. ئێمە ناوەڕۆکی بەیاننامەکە نازانین، بەڵام لە بەیاننامەکەدا باس لە چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیا دەکرێت. تەنها بابەتی بەنگەوازی نییە. لەوانەیە بانگەوازییەک بکرێت. دوێنێ گوتمان لەو بابەتەوە بەڕێز ئۆجالان ئامادەکارییەکی هەیە. هەروەها وتمان ئامادەکاری بۆ ڕاگەیاندراوێکی مێژوویی دەکات. بەڕێز ئۆجالان لەم پەیامە مێژووییەدا فۆرمولەی دیموکراسی تورکیا و دیموکراتیزەکردنی تورکیا، چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و ئاشتییەکی شکۆمەند ئامادە دەکات. ئیشالا بەم زووانە سەبارەت بە چارەسەری پرسەکە ڕێباز و چاوەڕوانییەکانی خۆی بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکاتەوە.
هەروەها پێویستە تورکیا دەستی ئاشتی بۆ گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا درێژ بکاتەوە و کۆتایی بە سیاسەتەکانی دژە دیموکراسی وەک سەپاندنی قەیوم بهێنێت.
ئێمە چەندە بەهێز بین، ئەوەندە دەستی بەڕێز ئۆجالان وەک بەڕێوەبەری دانوستانکار بەهێزتر دەبێت. هەتا دەنگمان بەهێزتر بەرز بکەینەوە، ئەم پرۆسەیە زیاتر بە ئاشتی و چارەسەری نزیک دەبێتەوە. بەڕێز ئۆجالان کار بۆ چارەسەرییەکی هەمیشەیی دەکات. ئەوانەی نایانەوێت حەز ناکەن بە چاوی خۆیان دەبینن کە چۆن لە ژوورێکی ١٢مەتر چوارگۆشەدا کار بۆ ئاشتییەکی شکۆمەند دەکات، چۆن فۆرمول و نەخشە ئامادە دەکات. بەڕێز ئۆجالان ڕۆڵێکی قورس و گرنگ دەگێڕێت. بۆیە نابێت هەموو بارگرانییەکە بخرێتە سەر شانی بەڕێزیان. ئەگەر تێکۆشانێکی بەهێز بەڕێوە بچێت، ئێمە بارگرانییەکەی کەم دەکەینەوە و چارەسەری پرسەکە ئاسانتر دەبێت.
لێرەوە بانگەوازی لە بەرێز باخچەلی و حکومەت دەکەم؛ ئایا پێشەنگی دانوستانکار لە ژوورێکدا ڕادەگیردرێت؟ کەواتە دانوستان چۆن دەست پێدەکرێت؟ ئایا هیچ مەرجێک هەیە بۆ دانوستان لە ژوورێکی ١٢مەتر چوارگۆشەدا؟ ئایا ڕێبەری دانوستانکار دەتوانێت وەک خۆی ڕوڵ بگێڕێت؟ بە کۆبوونەوەیەک ساڵێک جارێک یان ٢کاتژمێر دەکریت؟ ئەگەر ئاگادار نەبێت کە کۆمەڵگا بیر لە چی دەکاتەوە، چۆن دانوستان بەڕێوە ببات؟ ئەگەر وەک ڕێبەری دانوستانکار قبووڵتان کردووە، پێویستە گۆشەگیری کۆتایی بێت. پێویستە ڕێگایەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بەرێز ئۆجالان بیروڕای خۆی لەگەڵ کۆمەڵگادا هاوبەش بکات. ئێوە داوا لە کەسێکی گۆشەگیر دەکەن فەرموو دانوستان دەستپێ بکە. لە هیچ شوێنێکی جیهان شتێکی لەم شێوەیە نییە. بۆیە ئەگەر لەبواری ڕێکخستنیەوە بەهێز بین دەتوانین ئەم گۆشەگیرییە نەهێڵین. بەڕێز ئۆجالان دەبێ لەناو کۆمەڵگاکەی خۆیدا بێت. ئەمەش بۆ تورکیا و دیموکراسی باش دەبێت. وا دەکات پرۆسەکە خێراتر بڕوات. ئەم گۆشەگیرییە هەڵبگرن و هەنگاوی ڕوون و پراکتیکی سەبارەت بە ئۆجالان بگرنە بەر هەتا بتوانێ لەگەڵ کۆمەڵگاکەی بکەوێتە پەیوەندییەوە و بەو شێوەیە ئێمەش باوەڕ بە دڵسۆزی و ڕاستگۆیی ئێوە بکەین.
باسی ئەوانە دەکرێت کە چەک دادەنێن چی دەکەن، بۆ کوێ دەچن، دەگەڕێنەوە بۆ لای بنەماڵەکانیان؟ ئایا ئەوانەی باسی ئەمە دەکەن 'با لە سوریا و عێراق و قەندیل نەمێننەوە' هیچ زەمینەیان بۆ ئەم پرۆسە ئامادە کردووە؟ بەسەدان هەزار زیندانی سیاسی هەیە، چییان بەسەر دێت؟ پرسی زمانی دایک چی بەسەر دێت، هەروەها ئیدارە هەرێمیەکان چیان بەسەر دێت؟ دەستبەسەرداگرتنی ئیرادە لەلایەن قەیومەکانەوە چی بەسەر دێت؟
بەرێز ئۆجالان لە ئامادەکارییەکی جدی دایە. پەیامێکی مێژووی بڵاو دەکاتەوە، بەڵام نازانم چی دەڵێت. ئێمە لەگەڵ ئاشتییەکی شکۆمەند و چارەسەرێکی دیموکراتیک داین.
پرسیاری ئەوەی 'چی لە پەیامەکەدایە' زۆر دەکرێت. بەڵێ ئێمە لە ئیمرالی نین. ئێمە تەنها ئەوە دەزانین کە شاندەکە ڕایگەیاندووە. لە بانگەوازیەکەی بەڕێز ئۆجالان لە نەورۆزی ٢٠١٣دا بۆ سەدان هەزار کەس خوێندرایەوە. بەڕێز ئۆجالان چی گوت؟ 'با چەکەکان بێدەنگ بن وتو وێژ دەست پێبکات.' لەم بانگەوازەشدا داوادەکرێت پێویستە توندوتیژی و شەڕ کۆتایی پێ بهێنرێت و وتووێژ و سیاسەت دەست پێبکات هەروەها بۆ ئەمەش چوارچێوەیەکی یاسایی و حقوقی دابین بکرێت. ئێمە بەگرنگیەوە لەم بابەتە دەڕوانین.
ئێمە گەرەنتیکاری پرۆسەکە نین، ئێوەن. ئەگەر ئێوە بیپارێزن، دڵنیابە ملکەچ دەبن هەنگاو بنێن. ئیتر ئەم ئازار و خوێن ڕشتن و فرمێسک ڕژاندنە کۆتایی دێت و کێشەکان بە ڕێگەی دیموکراتیکەوە چارەسەر دەکرێن. بەڵام ئەگەر پرۆسەکە پشتگوێ بخەن ئەوە هەموو شتیک وەک خۆی بە ناتەواوی دەمێنێتەوە. وا ٤٠ ساڵە ئازاری گەورەمان چێشتووە و ئێستا دەرفەتێک هاتووتە پێش. بەڵام مەترسیش هەیە. بەڵام دەرفەتی ڕێکخستن و هێزی ئێمە هەیە. مەترسیش لە بێباکی و بێدەنگی ئێمەوە ڕوودەدات پێویستە بچینە لای هەموو مرۆڤ و بیروباوەڕەکان و لە دەرگای ماڵی هەمووان بدەین، دەبێت پێکەوە ئەم کارە بکرێت. دەڵێین ئێمە لەگەڵ ئیرادە و لێدوانەکانی بەرێز ئۆجالانداین و پشتیوانی لێدەکەین. بڕواتان بێت ئەو کات هیچ هێز و دەسەڵاتێك ناتوانێت ئەم پرسە ڕابگرێت."