باقرخان: دزەکان ناتوانن بە ئێرەدا تێپەڕن

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان بەشداربوو لە کردنەوەی نووسینگەی هەڵبژاردن لە ئەلکێ, تیشکی خستەسەر فرتوفێڵی دەسەڵاتداران پێش هەڵبژاردن و گوتی: "نە ئەسکەندەر و نە فارسەکان نەیانتوانی بەم چیایانەدا تێپەڕن، هەرگیز دزەکان ناتوانن ناتوانن تێپەڕن".

هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان بەردەوامە لە سەردانەکانی هەڵبژاردن لە شەرناخ. باقرخان و شاندێکی هاوەڵی هاتنە ناوچەی ئەلکێی شەرناخ و لە گوندی بەرماڵ لەلایەن پارتەکانەوە پێشوازیان لێ کرا. پاشان بە کاروانێک بەرەو ناوەندی ناوچەکە کەوتنە ڕێ و هاوڵاتیان بە درووشم و نیشانەی سەرکەوتن پێشوازیان کرد.

سەرەڕای کەشوهەوای سارد لە ناوەندی ئەلکێ پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا، پاش خولەکێک ڕێزگرتن، کاندیدانی هاوسرۆکی شارەوانی، بەیبون ئەسڵان و عەگید یگیت سڵاویان کرد.  

پاشان باقرخان ئاماژەی بەوە کرد، ئەلکێ دڵی بۆتانە، گوتی: "٣١ ی ئادار وەڵامێک دەدەینە ئەو سیستەمەی دان بە کورددا نانێت و ئەم ساڵ لە ٣١ ی ئادار ئەم قەیومانە دەنێرینەوە".

باقرخان ڕایگەیاند کاتێک هاتمە ئێرە وەک بڵێی ئەم ناوچە بچوکە داگیرکرابێت، دەوروبەری پڕە لە بنکە و خاڵی پشکنین، ئەم ڕەوشە شەرمەزار دەکەین، دەبێت دەسەڵات بزانێت ئەم فشارانە ڕێگری لە گەلی کورد ناکات، گوتی: "ئێمەی کوردان چیمان بە کێ کردووە؟ ئێمە ئاشتیمان دەوێت، دەمانەوێت کورد بە زمانی خۆی بدوێت، دەمانەوێت قەیوم دانەنرێت و هاوڵاتیبوونێکی یەکسانمان دەوێت. بەڵام لە یەکسانی تێناگەن. سەریان لە سوژدەیە، بەڵام مێشکیان پڕ لە فێڵ و تەڵەکەیە".

باقرخان تیشکی خستەسەر هەوڵی فێڵ و ساختەکارییەکانی ئاکەپە، ئاماژەی بەوە کرد دەیانەوێت لەڕێگەی زۆرەملێ و فشار و قەیومە و دەنگدەری ساختەوە ئیرادەی گەلەکەمان زەوت بکەن، گوتی: "پێویستە بەرامبەر هەر دەنگدەرێکی حەرام، ئێمە دوو دەنگدەری حەڵاڵ ببەینەوە. لە مزگەوتەکانەوە تا ماڵەکان قەناعەت بە گەلەکەمان بهێنن. هاوپەیمانی گورگ و دزەکان تەنها دەبێتە هاوپەیمانی گورگەکان نەوەک هاوپەیمانی ئەلکێ. هاوپەیمانی ئەلکێ بە ژن و گەنج و مەلاکانمان پێکدێت".

باقرخان ئاماژەی بەوە کرد دارستان و ڕووبار و ڤیستیڤاڵ و گۆرانی و جلوبەرگ و هەموو شتێکمان قەدەغە دەکەن و ناهێڵن بە چاندی خۆمان بژین و بە زمانی خۆمان بدوێین، ئەم گەلە لەبری ئەوەی ببێتە جەردەوان، سوێندی خواردووە دەست لە تێکۆشانی ئاشتی و دیموکراسی هەڵنەگرێت، گوتی: "دڵنیام گەلی ئەلکێ وەڵامێکی پێویست دەداتەوە. نە ئەسکەندەر و نە فارسەکان نەیانتوانی بەم چیایانەی کە دەیبینن، تێپەڕن، بێگومان هەرگیز دزەکانیش ناتوانن تێپەڕن. ئەم گەلە شکۆمەندە دوێنێ ڕێگەی نەدا و ئەمڕۆش ڕێگە نادات.

بە هەموو هێزمانەوە بۆ هەڵبژاردنی ٣١ ی ئادار خەبات دەکەین. ئێمە کوردین، ٩٩٪ ی خەڵکی ئەلکێ کوردن. ئێمە بۆ کرێ‌خۆری تێناکۆشین، بەڵکو بۆ زمانی دایکیمان و بۆ دیموکراسی تێدەکۆشین. با لە شوێنی بنکە سەربازییەکان کارگە دابمەزرێنن. کاندیدەکانمان بە ئێوە دەسپێرین".

پاشان شاندەکە قردێلەی بڕی و نووسینگەی هەڵبژاردنی کردەوە.

پاشان بەرەو قلەبان کەوتنەڕێ.