باقرخان: شکاندنی گۆشەگیری بەس نییە، دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت

هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپ تونجەر باقرخان لە کۆنفڕانسی دەبەپە بە کوردی وتاری پێشکەش کرد و رایگەیاند: "دەبێت کۆتایی بە گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان بهێنین. شکاندنی گۆشەگیری بەس نییە، دەبێت بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکەین".

هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (هەدەپ) تونجەر باقرخان و تولای هاتیمئۆگیولاری لە کۆنفڕانسی دەبەپە وتەیان پێشکەش کرد.

'تا کێشەی فەلەستین و کوردستان چارەسەر نەکرێت ئاشتی نایاتەدی'

هاوسەرۆکی گشتیی تولای هاتیمئۆگیولاری بە کوردی و عەرەبی سڵاوی لە بەشداربووان کرد و وتی، "هاوکات لەگەڵ سازکردنی ئەم کۆنفڕانسە، رۆژئاوا و غەزە بۆردومان دەکرێن. دوو بریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە خوێنیان لەبەر دەچۆڕێت". جەختیشی کردەوە تا ئەو دوو کێشەیە چارەسەر نەکرێن ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نایاتەدی و ئەوەی ئەم دوو کێشەیە چارەسەر دەکات ئێمەی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستین و لە هەموو شوێنێک تێکۆشانی ئاشتی رێکدەخەین".

تونجەر باقرخان: دەبێت گوڕ بە تێکۆشانی کوردستان بدرێت

هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپ تونجەر باقرخان سڵاوی لە گیانبەختکردووانی رێگەی ئازادی و زیندانیانی سیاسی کرد و رایگەیاند، دەبەپە چەندە گەورە بێت هاوپەیمانی ئەوان و هەدەپیش ئەوەندە گەورە دەبن. ئەمرۆ دەبێت هەمووان ئەو راستیە قەبوڵ بکەن تا سیاسەتی کوردستانی ئێمە گەورە نەبێت ئێمەش گەورە نابین. لەپێناو پێشەنگایەتی گەلدا دەبەپە ئەرکێکی مێژوویی لە ئەستۆیە. بۆیەش دەبێت ئامانجی هەموومان گەورەکردنی دەبەپە بێت.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا تونەج باقرخان ئاماژەی بە کێشە و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و رایگەیاند، "جاڕێکیتر دەرکەوتەوە و سەلمێندرا کە نەتەوە-دەوڵەتی نەژادپەرست ناتوانن ببنە چارەسەری، ئێمە دەڵێین کە چارەسەری لە رێگەی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکەوە دێتەدی".

'تا کۆتایی بە گۆشەگیری نەهێندرێت، تاریکی سەر کۆمەڵگا ناڕەوێتەوە'

لە درێژەی قسەکانیدا باقرخان ئاماژەی بە گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی، "بەهۆی ئەو گۆشەگیرییە، کۆمەڵگاش گۆشەگیر کراوە و لە ژێر گۆشەگیری گەورەدایە. تا گۆشەگیری لە سەر بەڕێز ئۆجالان تێکنەشکێندرێت، گۆشەگیری و تاریکی لەسەر کۆمەڵگاش بەردەوام دەبێت و ناڕەوێتەوە. هەموو هێزەکانی کورد و دۆستانی گەلی کورد دەبێت ئەو راستیە باش بزانن. دەبێت ئێمە هەموومان گوڕ بە تێکۆسان بدەین و گۆشەگیری لە سەر بەڕێز ئۆجالان تێکبشکێنین. تا ئێمە گوڕ بە رێکخستن نەدەین. ئەو گۆشەگیرییە بەردەوام دەبێت. هەڵگرتن و شکاندنی گۆشەگیری بەس نییە، دەبێت ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالانیش دەستەبەر بکەین".

هـ . ب