باوکی ژینا ئەمینی پەیامێک ئاراستەی پەرلەمانی ئەوروپا دەکات

باوکی ژینا ئەمینی دوای بەخشینی خەڵاتی ساخارۆڤ بە کچەکەی و سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان ئازادی' رایگەیاند، "دڵخۆشین ناوی ژینا بووەتە ھێمای ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لە جیهان" وتیشی: پێویستە جیهان ببێتە شوێنێکی پارێزراوتر بۆ منداڵان، گەنجان و ژیانی مرۆڤایەتی".

ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی دوای بەخشینی خەڵاتی ساخارۆڤ بە کچەکەی و سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان ئازادی'، لە ستۆرییەکدا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، پەیامێکی ئاراستەی ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا و لیژنەی ھەڵسەنگاندنی خەڵاتی نێونەتەوەی ساخارۆڤ تایبەت بە مافی مرۆڤ کرد.

لە بەشێکی پەیامەکەی باوکی ژینا ئەمینیدا ھاتووە، "هەواڵی ھەڵبژاردنی کچەکەمان ژینا وەک براوەی بەناوبانگترین خەڵاتی تایبەت بە مافی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا، نیشانەی گرنگی پێدانی ئێوە و کۆمەڵگەی جیهانی بە ستەملێکراویی ژینا و زۆرێک لە هاوتەمەنەکانیەتی کە تەنیا لە پێناو خواستی مانەوە لە ژیانێکی ئازاددا، بەشێوەیەکی دڵتەزێن گیانیان لەدەستداوە."

ئەمجەد ئەمینی جەختیشیکردووەتەوە، لەو بڕوایەداین یەکڕیزی خەڵک و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە سەرتاسەری جیھان دبێت دنیا بکاتە شوێنێکی پارێزراوتر بۆ منداڵان، گەنجان و ژیانی مرۆڤایەتی.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا باوکی ژینا نووسیویەتی: "کچەکەمان نەمردووە. لەگەڵیدا دەژین. دڵخۆشین کە ناوەکەی بووەتە هێمای ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لە جیھاندا و هەست دەکەین ئەویش وەک ئێمە بەمە دڵخۆشە".

دوێنێ سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا، خەڵاتی ئەمساڵی ساخارۆڤی بۆ ئازادیی ڕادەربڕین، پێشکەش بە ژینا ئەمینی و شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' کرد، کە کوژرانی ئەو کچە کوردە لە ئەنجامی ئەشکەنجەدانی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی تاران، بووە چەخماخەی ئەو سەرھەڵدانە.