بایندەر: کوردین و وەک کورد دەژین
هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، کەسکین بایندەر لە ناوچەی پانۆس بەشداربوو لە مەراسیمی ناساندنی کاندیدان و کردنەوەی نووسینگەی هەڵبژاردن و گوتی: "ئێمە کوردین و وەک کورد دەژین. ئەمە پرسی پارتێک نییە، مەسەلەی ئازادییە".
هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، کەسکین بایندەر لە ناوچەی پانۆس بەشداربوو لە مەراسیمی ناساندنی کاندیدان و کردنەوەی نووسینگەی هەڵبژاردن و گوتی: "ئێمە کوردین و وەک کورد دەژین. ئەمە پرسی پارتێک نییە، مەسەلەی ئازادییە".
لە ڕێکخستنی ناوچەی پانۆسی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کاندیدانی هاوسەرۆکی شارەوانی پانۆسی دەم پارتی بەشێوەیەکی جەماوەری پێشوازیان لێ کرا. لە پێشوازییەکەدا هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) کەسکین بایندەر و پەرلەمانتارانی دەم پارتی وان، گوڵجان کاچماز سایگیت ئامادەبوون. هاوسەرۆکانی پانۆس کەرەم کرتای و ڕۆژبین کارتاڵ قسەیان کرد، داوایان کرد هەمووان دەست بخەنە دەستی یەک تا ناوچەکە لە قەیوم و تاڵانکاری بپارێزن.
هاوسەرۆکی دەبەپە، کەسکین بایندەر ڕایگەیاند گوند بە گوند و ماڵ بە ماڵ دەگەڕێین و گەلەکەمان ڕازی دەکەین بۆ بەشداری هەڵبژاردن، ئەمە پرسی پارتێک نییە، مەسەلەی ئازادییە.
بایندەر گوتی: "پرسی ئێمە شارەوانی نییە، پرسی ئێمە ژیانکردنە لە وڵاتێکی ئازاد و دیموکراتیک. دیسانەوە لێرە بانگەواز دەکەین، ئێمە کوردین و وەک کورد دەژین. بانگەواز لە گەلی پانۆس دەکەین، وەرن پێکەوە ئەم ڕێپێوانە پیرۆزە بکەین".
بایندەر تیشکی خستەسەر پێویستی کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەری پرسی کورد، گوتی: "ئەمڕۆ لە چوار لای جیهانەوە هەزاران کورد بەرخۆدان دەکەن و داخوازی چارەسەری پرسی کورد و ئازادی جەستەیی ئۆجالان دەکەن. بانگەواز لە سەرحەد دەکەین. ڕۆژی چارەسەرە. گەلی کورد بۆ زمان و ئازادی خۆی دەخوازێت لەگەڵ موخاتەبی پرسی کورد پەیوەندی ببەسترێت. ئەگەر دەتانەوێت ئێمە بناسن، بڕواننە بەرخۆدانی سەد ساڵەمان لە سەرحەد".
پاشان لە ناوچەکە نووسینگەی هەڵبژاردن کرایەوە و ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجامدرا.