بێباكی ده‌وڵه‌تی ئێران به‌رامبه‌ر ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ دارستانه‌كان شه‌رمه‌زار كرا

تیمه‌كانی ئاگركوژێنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیا له‌ شاری مه‌ریوان بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنج رابكێشن بۆ سه‌ر كه‌مته‌رخه‌می و بێباكی كاربه‌ده‌ستانی ئێران به‌رامبه‌ر به‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌كانی دارستانه‌كان خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا.

دارستانه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ به‌رده‌وامی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌وه‌ هه‌روه‌ها به‌ هۆی مامه‌ڵه‌ی نابه‌رپرسیارانه‌ی هه‌ندێك له‌ هاوڵاتیانه‌وه‌ ده‌سوتێنرێن.

ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیای مه‌ریوان كه‌ رێكخراوێكی ژینگه‌پارێزه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له‌ سوتاندنی دارستانه‌كان و زۆر كێشه‌ی دیكه‌ كه‌ ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌ له‌ناو ده‌به‌ن، بكات به‌رده‌وام له‌ ناو هه‌وڵدایه‌. له‌و چوارچێوه‌دا پاڵپشت به‌ هێز و توانا ماددی و مه‌عنه‌وییه‌كانیان زۆر چالاكی گرنگیان له‌ پێناو پاراستنی ژینگه‌ ئه‌نجام داوه‌.

له‌دوایین نمونه‌دا له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئاگره‌ی له‌ قه‌ڵای مه‌ریوان كه‌وتبووه‌وه‌ بكوژێننه‌وه‌، له‌ كاتی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌دا ٣ ژینگه‌پارێزی سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بریندارببوون. ده‌وڵه‌تی ئێران له‌و رووه‌وه‌ تائێستا هیچ هاوكارییه‌كی پێشكه‌ش به‌و رێكخراوه‌ ژینگه‌یییه‌ نه‌كردووه‌.

به‌ ئامانجی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له‌ به‌رامبه‌ر كه‌مته‌رخه‌می و بێده‌ربه‌ستی كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی ئێران به‌رامبه‌ر ئاگركه‌وتنه‌وه‌ و سوتانی دارستانه‌كان، یه‌كه‌ی ئاگركوژینه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیا له‌ به‌رده‌م قایمقامیه‌تی شاری مه‌ریوان خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا.

هـ . ب