بێھزاد مەحمودی پێشتر پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. لەلایەن رژێمی ئێرانەوە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرکرابوو و بەو هۆیەوە ناچار بوو روو لە باشووری کوردستان بکات.
بێهزاد تەمەنی ٢٥ ساڵ بوو و لە هەلومەرجێکی سەخت و دژواردا لە هەولێر ژیانی بەسەر دەبرد. سەرباری ئەوەى لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان دۆسیەى بۆ کرابووە و کارتی پەنابەریی سیاسیی پێدرابوو، بەڵام هیچ هاوکارییەکیان نەکردبوو. لەبەر ئەوەش لە ١٨ی ئایاری ٢٠٢١دا رۆیشتبوو بۆ بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و داوای هاوکاریی کردبوو، بەڵام نەتەوە یەکگرتوەکان وەڵامی داواکەیان نەدابوییەوە.
بێھزاد هەم بۆ ئەوەى ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتوەکان دەرببڕێت و هەڵوێستی یو ئێن و حکومەتی هەولێر بەرامبەر بە پەنابەران ئیدانە بکات بە بەرچاوی کامێراکانەوە و لە پەخشی راستەوخۆدا بەنزینی بە جەستەی خۆیدا کرد و ئاگری لە خۆی بەردا.
مەحمودی، کە زۆر بە قورسی سوتابوو رەوانەى نەخۆشخانەى ئیمرجنسیی هەولێر کرا. دوای ٦ رۆژ مانەوەى لە ژێر چاودێریی ورددا لە بەرەبەیانی ٢٤ی ئایاری ٢٠٢١ دا گیانی لە دەستدا.
برسی و بێبەشیانکرد و بە هیچ شێوەیەک هاوکارییان نەکرد
مەحمودی پێش ئەوەى جەستەى خۆی ئاگر بدات لە بەردەم کامێراکاندا راگەیاندبوو، "...ئێمە لەبەر کوردایەتی لە ڕۆژهەڵات ئاوارە بووین و ئەوە وەزعەکەمانە، یانی کوردایەتی ئاوا دەبێ؟ ئەوە سیاسیبوونە؟ ئەوە ژیانە؟... ئەوە عاقیبەتی کوردایەتییە!... بچینەوە ڕۆژهەڵات لە سێدارەمان دەدەن و لێرەش هەر ئەوەمان ماوە بچین لە نێو حەدیقە و شت بخەوین. بچینە نێو مزگەوتەکان بخەوین".
بێھزاد مەحمودی خەڵکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ساڵی ٢٠١٧دا بە ناچار پەنای بۆ باشووری کوردستان هێنابوو و سەردانی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردبوو بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری. مەحمودی ئەوەى روونکردبووە، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) پەنابەرانی خستووەتە دۆخی برسیبوون و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەڵامی داوای پەنابەران ناداتەوە و هیچ هاوکارییەکی پەنابەران ناکات.
ژ.ت