بنەماڵەی شەنیاشار: تێکۆشان کلیلی دادپەروەرییە

بنەماڵەی شەنیاشار بەردەوامن لەسەر چالاکیی ئێشکگرتنی دادپەروەری، سڵاو دەنێرن بۆ ئەوانەی لەبەرامبەر ستەم بێدەنگ نابن و دەڵێن: «تێکۆشان کلیلی دادپەروەرییە».

خزمان و پاسەوانانی پەرلەمانتاری ئاکەپە لە ڕحا، ئیبراهیم خەلیل یەڵدز، لە ١٤ ـی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە شارۆچکەی پیرسوس سەر بە ڕحا هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی شەنیاشار، لە هێرشەکەدا هاوسەر و دوو لە کوڕەکانی ئامینە شەنیاشار کوژران. لە ئاکامدا، ئامینە و کوڕەکەی، فەرید شەنیاشار، لە ٩ ـی ئاداری ٢٠٢١ ـەوە چالاکیی «ئێشکگرتنی دادپەروەری» بەڕێوەدەبەن لەبەردەم دادگای ڕحا، ئێستەش چالاکییەکە پێی ناوەتە ڕۆژی ٧٩٩ ـەوە.

ئامینە شەنیاشار و کوڕە پەرلەمانتارەکەی لە پارتی چەپی سەوز لە ڕحا، فەرید شەنیاشار، لە کاتژمێرەکانی سەرلەبەیانییەوە گەیشتنە بەردەم دادگای ڕحا، پاشان ئێشکگرییەکە بە درووشمی «دادپەروەری بۆ بنەماڵەی شەنیاشار» دەستیپێکرد.

بنەماڵەی شەنیاشار لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی پەیامێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: «تێکۆشان کلیلی دادپەروەرییە. هەموو شتێک لەپێناو ژیانێکی شکۆمەندانەیە. تێکۆشانەکەمان لەبەردەم دادگای ڕحا بۆ ڕۆژی ٧٩٩ بەردەوامە، سڵاو بۆ ئەو کەسانەی بەرامبەر ستەم بێدەنگ نابن».

ف.ق