یەپەژە وۆرک شۆپی ژن و پاراستنی ڕۆژهەڵاتی ناوینی ئەنجامدا

یەپەژە بە بەشداری ٥٠٠ نوێنەر، دووەمین وۆرک شۆپی ژن و پاراستنی ڕۆژهەڵاتی ناوینی ئەنجامدا.

دوێنی، دووشەممە یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) دووەمین وۆرک شۆپی ژن و پاراستنی ڕۆژهەڵاتی ناوینی بە درووشمی "ژنانی ڕێکخراو و ژنانی بەهێز، چەکی هەرە مەزنی پاراستنن" ئەنجامدا.

وۆرک شۆپەکە لە ناوەندی کەلتوور و هونەری شاری تەبقە بە ئامادەبوونی دەیان شەڕڤانی یەپەژە و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی ژنان و مەجلیسە سەربازییەکانی هەرێمەکە ئەنجامدرا.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان فەرماندەی گشتی یەپەژە سۆزدار دێرک قسەی کرد. ڕایگەیاند هیچ ئاستەنگێک ڕێگە لە تێکۆشانمان ناگرێت و تێکۆشانمان دەگەیەنین بە سەرکەوتن. جەختی کردەوە ژنانی نێو یەپەژە بە زەحمەتی و تێکۆشان و بەرخۆدانێکی مەزن گەیشتنە ئەم قۆناغە، گوتی: "ئێستەش پێویستە هەموو ژنان ئازاد بکەین و تا بگەین بە مافەکانی خۆمان و خاوەنی هێز و پاراستن بین. ئەمە ئامانجی سەرەکیمانە".

سۆزدار ڕایگەیاند شەڕەکانی هەرێمەکە لە بەرژەوەندیی گەلان نین و خزمەت بە دەسەڵات دەکەن، جەختی کردەوە فەلسەفەی "ژن ژیان ئازادی" بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە و بووەتە ڕێگای ئازادیی ژنان، بۆیە دەوڵەتی تورک ئەم درووشمەی لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان قەدەغە کردووە.

هەروەها لە وۆرک شۆپەکەدا هەڵسەنگاندنی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر ڕەوش و ئایندەی ژنان لە ڕێنێسانسی دیموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوین خوێنرایەوە. هەروەها پەیامی ڤیدیۆیی پاژک و سینڤزیۆنێک دەربارەی تێکۆشانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نیشاندرا.

لە درێژەی وۆرک شۆپەکەدا ئەم تەوەرانە تاوتوێ کران:

* کاریگەری جەنگی جیهانیی سێیەم و ناکۆکییەکان دژی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و ڕێگەکانی وەستانەوە لە دژیان.

* ئاستەنگەکانی ژنان لە بواری پاراستن و خۆپاراستن.

* سیاسەت و ڕێکاری پێویست بۆ پاراستنی ژنان.

* گرنگی پاراستنی ژنان و بەهێزکردنی کەلتووری خۆپاراستنی ژنان.

* پێشخستنی ستراتیژی پراکتیکی بۆ بنیاتنانی میکانیزمی پاراستنی خۆجێی و هەرێمی بۆ پاراستنی ژنان و بەشداریکردنی پێشەنگ و چالاکیان لە بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک.

* بەهێزکردنی هاوکاری و ڕێکخستنی ژنان، تا ژینگەیەکی سەلامەت و گونجاو بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین پەیدا ببێت.

پاشان وۆرک شۆپەکە بە خوێندنەوەی پەیام و شانۆ و گۆرانی بەردەوام بوو.

ئەنجامنامە

ئەنجامنامەی وۆرک شۆپەکە بە هەڵسەنگاندنی جەنگی جیهانیی سێیەم کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەڕێوەدەچێت و پاراستنی ژنان لە هەر جۆرە توندوتیژییەک، ئاشکرا کرا.

پوختەی ئەنجامنامەکە بەم جۆرەیە:

* شەهیدان بەبیرهێنرانەوە و جەختکرایەوە لەسەر درێژەدان بە میراتی شەهیدان.

* لە وۆرک شۆپەکەدا بەڵێن بۆ ڕێبەر ئاپۆ دووپاتکرایەوە، جەختکرایەوە لەسەر بەشداربوون لە هەڵمەتی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، بەو باوەڕەی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادی ژنانە و کلیلی ئاشتی و شکۆی گەلانە.

* دووپاتکرایەوە، جەنگی جیهانیی سێیەم گۆڕاوە بۆ شەڕێکی دژواری نێونەتەوەیی، چوارچێوەی شەڕی سەربازیی تێپەڕاندووە و ڕەوشێکی مەترسیدار و کارەساتباری لەگەڵ خۆیدا هێناوە.

* ئاماژە بەوە کرا، کاریگەرییەکانی جەنگی جیهانیی سێیەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەت لەسەر ژنان دەردەکەوێت، گەیشتووەتە ئاستی قڕکردنی ژنان. بەتایبەت ئەم جینۆسایدە دژی یەکینەکانی ژنانی ئازاد (یەژا ستار) شکڵدەگرێت کە لە چیاکانی کوردستان ڕووبەڕووی هێڕشی دڕندانەی چەکی کیمایی و قەدەغەکراو دەبنەوە. ئامانج لەم تاوانانەی دەوڵەتی تورک شکاندنی ئیرادەی ژنان و لەناوبردنی بەرخۆدانی گەلانە. لەپاڵ هێرشی سەربازیی دڕندانە، هێرشی دەروونی و کەلتووری و کۆمەڵایەتی دژی ژنانی سوریا پێکدێت. لە شەڕی فەڵەستین و لوبنانیش قوربانی یەکەم ژنانن.

* ئاماژە کراوە بە توندوتیژی و لەسێدارەدان دژی ژنان لە زیندانەکانی ئێران و تورکیا.

* هەروەها جەختکراوەتەوە، بە شکاندنی ئیرادەی ژنان، دەخوازرێت ئیرادەی گەلان بشکێنرێت.

* هەروەها جەختکراوەتەوە سەرباری هەموو ئێش و ئازارەکان، ژنان بەرگری لە ئیرادەی خۆیان دەکەن، هێزەکانی ژنان (یەژاستار و هەپەژە و یەژەشە و یەپەژە و هەپەجە ژن) دەرخەری ئەوەن ژنان خۆیان ڕێکخستووە و بوونەتە نموونەی بەرخۆدانی ژنان لە جیهاندا. دەیسەلمێنن دەتوانن ئێش و ئازار بگۆڕن بۆ هێزی چارەسەر و خاڵی گۆڕانکاری و دەرفەت بۆ بنیاتنانی ئازادی.

* هەروەها دووپاتکرایەوە، لەم قۆناغەدا بنیاتنانی سیستەمی پاراستنی ژنان لە چوارچێوەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، نەوەک بژاردە، بەڵکو پێویستییەکی مرۆڤایەتی و ئەخلاقییە، تاوەکو ببێتە قەڵغانی پاراستنی ژنان. تاکە گەرەنتی یەکێتی و تێکۆشانی هاوبەشی ژنانە.

لە ئامانجە سەرەکییەکانی وۆرک شۆپەکەدا ئەم خاڵانە باسکراون:

* کاریگەری جەنگی جیهانیی سێیەم و ناکۆکییەکان دژی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و ڕێگەکانی وەستانەوە لە دژیان.

* ئاستەنگەکانی ژنان لە بواری پاراستن و خۆپاراستن.

* سیاسەت و ڕێکاری پێویست بۆ پاراستنی ژنان.

* گرنگی پاراستنی ژنان و بەهێزکردنی کەلتووری خۆپاراستنی ژنان.

* پێشخستنی ستراتیژی پراکتیکی بۆ بنیاتنانی میکانیزمی پاراستنی خۆجێی و هەرێمی بۆ پاراستنی ژنان و بەشداریکردنی پێشەنگ و چالاکیان لە بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک.

* بەهێزکردنی هاوکاری و ڕێکخستنی ژنان، تا ژینگەیەکی سەلامەت و گونجاو بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین پەیدا ببێت.

دیدگا ستراتیژییەکانی وۆرک شۆپەکە:

* ڕێکخستنی کۆنسەی ئاسایش و پاراستنی ژنان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

*ڕێکخستنی کۆنسەی ئاسایش و پاراستنی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین.

*بەهێزکردنی سیاسەتی یەکگرتووی نەتەوەیی و هەرێمی بۆ پاراستنی ژنان.

* پەرەپێدانی بەرنامەی پەروەردەیی بۆ بەهێزکردنی ژنان و پەروەردەکردنی تواناکانیان بۆ ئەوەی بتوانن بەهێز بن لە بواری سیاسەت و دیپلۆماسی پاراستندا.

*ڕەخساندنی بیرۆکە و ئەزموونی پراکتیکی بۆ خۆپاراستن،  تاوەکو ژنان بتوانن لە بەرامبەر توندوتیژی و ئازاردان بوەستنەوە.

*دروستکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی کە لەسەر ئاستی خۆجێی و هەرێمی کاردەکەن بۆ بەشداریکردنی ژنان لە گۆڕەپانەکانی خۆپاراستن.

* ئەنجامدانی دەستپێشخەرییە پەروەردەییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان لە بواری پاراستنی کۆمەڵگا و پەرەپێدانی هێزیان بۆ ئەوەی ڕۆڵی پێشەنگ ببینن لە پاراستنی کۆمەڵگاکانیان.

*هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە نێونەتەوەیی و هەرێمییەکانی ژنان و دروستکردنی پەیوەندی ستراتیژی بۆ دروستکردنی میکانیزمی هاوبەش بۆ پەروەردە و پاڵپشتیکردنی ژنان لە هەرێمە لێقەوماوەکانی شەڕ.

*پێشخستنی هاوکاری هەرێمی بۆ دروستکردنی پلاتفۆرمی هاوبەش لەپێناو پێشکەشکردنی تێڕوانین و چارەسەر بۆ کێشەکانی پاراستنی ژنان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوین.

* بەمەبەستی پەرەپێدانی چوارچێوەیەکی هەرێمی کە ڕاسپاردەکانی وۆرک شۆپەکە جێبەجێ بکات و سیاسەتی یەکگرتوو و هاوبەش سەبارەت بە پاراستنی ژنان و بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ئەوان لە بنیاتنانی ئاشتی و پاراستنی کۆمەڵگادا، پێویستە ئاستی کار و خەبات پێش بخرێت.

*پێویستە دەستپێشخەری هاوبەش لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە جیهانیەکانی ژنان پەرەپێبدرێت بۆ ڕەخساندنی کەشێکی سەلامەت و ئازاد بۆ ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین.