ناوەندی هەواڵ
عەباس فازڵ شەبەکی بەرپرسی نووسینگەی حزبی دەعوە لە موسڵ دەربارەی دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک و بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق بە رۆژ نیوزی راگەیاندووە، هەموو وڵاتێک خاوەنی سەروەری و سنووری خۆیەتی کە بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان بۆی دیاریکراوە و پێویستە ڕێز لەو یاسایانە بگیرێت.
باسی لەوەشکردووە، بەزاندنی سنوورەکانی وڵاتەکەمان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە پاساوی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە نایاساییە، عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییە، بۆردومان و دەستدرێژی بەردەوام لەلایەن سوپای تورکەوە بۆ ناو خاکی وڵاتەکەمان، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی هاوڵاتیان لە دەیان گوندی باکووری عێراق لە ترسی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورک.
لای خۆیشیەوە عەقیل رودەینی، سەركردە لە هاوپەیمانی نەسر لە بارەی هێرش و داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك لە هەرێمی كوردستان و بێ هەڵوێِستى حكومەتى ماوەبەسەرچووى هەریم و عێراق لەوبارەوە بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، نیگەرانییەكی بەرفراوان سەبارەت بە لەشكركێشی ئەم دواییەی توركیا هەیە، كە هەستا بوو بە دانانی خاڵی پشكنین و دامەزراندنی كامپ و بنكەی سەربازی لە هەرێمی كوردستان، بەجۆرێک قەبارەی لەشكركێشییەكەكانی توركیا لە هەرێم درێژایی ١٥٠ كیلۆمەترى تێپەڕاندووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، دەستدرێژی دەوڵەتی تورک پێشێلكردنی دەستووری عێراقە و لە ئێستاشدا حكومەتەكانی بەغدا و هەرێم سەبارەت بەو هێرشانەی ئەنقەرە بێدەنگن، بەڵام دەبێت هەڵوێستێكی جدی هەبێت بۆ ئەوەی بەرگری لە سەروەری وڵاتەکە بكەن.
راشیگەیاندووە، بێدەنگی بەغدا و هەولێر سەبارەت بە داگیركارییەكان، بیانووی مانەوە و دامەزراندنی بنكە و دەستپێكردنی داگیركاریی گەورەتر بە ئەنقەرە دەدات، كە ئەمەش بە پێشێلكردنی دەستوور دادەنرێت و سەرپێچیكردنە لە بنەمای دراوسێیەتی باش.
ماوەى چەندین ڕۆژە سوپای تورک بە هەماهەنگی لەگەڵ پەدەکە لە گوندەکانی شارۆچکەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک و چەند ناوچەیەکى سنوورى هەولێر بڵاوەى پێکراوە، بەردەوامیش سوپای تورک بۆردوومانی چەند ناوچەیەکى هەرێم دەکەن و لە بەرامبەردا حکومەتى ماوەبەسەرچووى هەرێم و عێراق لەو هەنگاوە بێدەنگن.
جێگاى ئاماژەیە، لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا سەعدى ئەحمەد پیرە وتەبێژى یەنەکە ڕایگەیاند، دەوڵەتى تورک ٣٠٠ چەتەى داعشى هێناوەتە سنوورى دهۆک و لەوێ جێگیرى کردوون.
هـ . ب