بێریڤان بەرگارەیی: دەبێت دەسەڵاتی پەدەکە دادگایی بکرێت

بێریڤان بەرگارەیی ژنە رۆژنامەنووس و چالاکوان: "بنەماڵەی بارزانی سەدان چالاکوان رۆشنبیریان تیرۆرکردووە چونکە هەمیشە لە ئازادیخوازان دەترسن".

بێریڤان بەرگارەیی کە لە ١٣ی مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە  دەستگیر و بێ سەروشوێن کرا دوای بەشداریکردنی لە چەند چالاکی و گردبوونەوەی کرد دژ بە داگیرکاری دەوڵەتی تورک و بەرتەسککردنەوەی ئازداییەکان لەلایەن دەسەڵاتی پەدەکە، هەروەها لە چالاکییەکانیدا داوای بایکۆتی کاڵای تورکی دەکرد، پاش دەستگیرکردنی  لەدوای ساڵێک و حەوت مانگ لە بەرواری ١٠ی مانگی ٥ی ساڵی ٢٠٢٢ ئازاد کرا.

جێگای باسە دەستگیرکراوانی بادینان بە بیانوی مادەی ژمارە (یەک) کە تایبەتە بە پاراستنی ئەمن و ئاسایشی نیشتیمانی حوکمدران، سەبارەت بە ڕووداوەکانی کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان و ئەو ئەشکەنجە و ئازارە و ستەمەی لەلایەن دەسەڵاتی پەدەکەوە بەرامبەریان ئەنجام درا، لەسەر هەڵوێستیان لە دژی داگیرکاری و بەرتەسک کردنەوەی ئازدییەکان لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە، بێریڤان بەرگارەیی لە چاوپیکەوتنیکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

بەهۆی دژایەتی کردنی داگیرکەر دەستگیرکراین

لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکەدا بێریڤان بەرگارەیی ژنە رۆژنامەنووس و چالاکوان خۆی ناساند و ڕایگەیاند، کە ئەو بەهۆی کارەکانی وەکو رۆژنامەوان و چالاکوان یەکێکە لە زیندانی کراوانی کەیسی گیراوانی بادینان، کە لەو کەیسەدا ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەنووسان، چالاکوانن، کەسانی ئازادیخواز و ووڵاتپارێز کە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەوڵوێستیان نواند و لەبەر هەوڵوێستی ووڵاتپارێزییان و ڕەتکردنەوەی داگیرکاری لەلایەن دەسەڵاتی پەدەکەوە دەستگیرکران و زیندانی کران.

دەسەڵات هەمیشە لە ئازادیخوازان دەترسێت

ئەو ژنە رۆژنامەنووس و چالاکوانە باسی ڕەشبگیرییەکانی پەدەکەی دژ بە چالاکوانان و رۆژنامەنووسان کرد و ڕایگەیاند: "لای هەمووان ئاشکرایە کە هەمیشە دەسەڵات ترسێکی لە کەسانی ئازادیخواز هەیە و ترسی لەو کەسانە هەیە کە دەیانەوێت ڕاستی و تاوانەکانی دەسەڵات ئاشکرا بکەن بێ گومان ئەم دەسەڵاتەی پەدەکە هەمیشە هەوڵ ئەدەن ئەو کەسە ئازدیخوازانە سەرکوت بکە و بێدەنگیان بکەن بە چاوترساندن یان بەهەر ڕێگایەکی دیکە، منیش لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستگیرکرام، وەکو دەزانرێت کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ڕەشبگیرکردنی و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانن بەردەوامی هەبوو، لەو ساڵەشدا ٨٠ کەسی ئازادیخواز لە رۆژنامەنووسان و چالاکوانن و کەسانی وڵاتپارێز لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکران.

لە ناوچەکانی پەدەکە هەناسەی ئازادی نەماوە

هەروەها بێریڤان بەرگارەیی باسی بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکانی کرد بە تایبەتی لە سەردەمی کابینەی مەسرور بارزانی و ئاشکرای کرد: " کابینەی نوێەم کابینەی مەسرور بارزانی ئازادی بەرتەسک کردەوە و هەوڵی کپکردنی ئازادی دا بە تایبەتی لە بادیناندا هەر هەناسەی ئازادی بە ڕاستی نییە، ئەو کەسانەی دژی داگیرکاری تورکیا هەڵوێستیان هەبوو هەموویان دەستگیرکران منیش لەسەر بابەتی بایکۆتی کەلوپەلەی تورکیا دەستگیرکرام کە ئێمە بە ساڵانە خەڵکی هۆشیار دەکەینەوە لەوە کەلوپەلەی تورکیا کە ژەهرێکن دەوڵەتی تورک ئەیەوێت ئەم ئەو ڕێگایە کورد لەناو بدەن".

بنەماڵەی بارزانی سەدان چالاکوان رۆشنبیریان تیرۆرکردووە

لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە ناڕەزایی خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەدەکە دژ بە داگیرکەرییەکانی تورکیا، و سەرکوت کردنیان لەلایەن پەدەکەوە، ئەو ژنە رۆژنامەنووسە ئاشکرای کرد: "بنەماڵەی بارزانی لە ساڵانی ١٩٨٠کان تا ئیستا سەدان چالاکوان و رۆشنبیریان تیرۆر کردووە، ئەو خۆپیشاندانەی لە شیلادزێ لە بادینان کران لە دژی داگیرکەرییەکانی تورکیا، بینیمان پەدەکە خەڵکی سیڤیلی شەهید کرد، و چالاکوانان تیرۆرکرد و رۆژنامەنووسانیان دەستگیرکرد، شێروان شێروانی و هاوڕێیانی هەوڵیاندا ئەو ڕاستییانە ئاشکرا بکەن، ئێمەش تەنها لەبەرئەوەی دژی داگیرکارییەکانی تورکیا هەڵوێستمان هەبوو و قەبووڵمان نەکرد دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بێتە ناو ماڵی کورد، چونکە خاکت داگیربکرێت و هیچ هەڵوێستت نەبێت ئەوە لەلای من بێ کەڕامەتییەکی گەورەیە، هەموو گیراوانی بادینان هەر لە سەر ڕەخنەکردن لەسەر داوای حەق و مافی خۆیە لەسەر ئازادی ئە ئەمانە بوو کە ئێمە دەست کەینەوە

دەسەڵاتی خیانەتکار و گەندەڵ هەمیشە لە خەڵکی دەترسێت

هەروەها ناوبراو باسی لە هۆکاری ترسی بنەماڵەی بارزانی لە دەنگی ئازادیخوازان کرد و ڕایگەیاند: "بنەماڵەی بارزانی بادینان بە موڵکی خۆی ئەبینێت و خۆی زاڵ دەکات، بنەماڵەی بارزانی پیوایە کە هەموو کەس پێویستە وەکو ئەوان بیربکاتەوە، ئەگەر بیرکردنەوەیەکی جیاوازت لەگەڵ دەسەڵات هەبێت ئەوە لە ڕێگەی تیرۆرکردن و دەستگیرکردن و هەر ڕێگەییەکی دیکە بۆ بێ دەنگکردن و لەناوبردنی دەنگی ڕای جیاواز، دەسەڵات هەمیشە کاری سەرکوتکاری دەکات کە دەسەڵاتێکی گەندەڵ و لەوپەری خیانەتەدایە کە مافەکانی میلەت پێشەڵ دەکات هەمیشە لە بیرکردنەوەی ئازادیخوازانە دەترسێت لەسەر و کۆمێنت کردنی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش خەڵک دەستگیر دەکەن".

'بەهۆی ڕاخنەگرتن لە دەسەڵات دەستگیرکرام'

بێریڤان بەرگارەیی ووتیشی: "هەموو گیروانی بادینان لەڕێگەی سینارێۆە دەستگیرکران و چەواشاکاریی لە داناپێدانەکانیاندا هەبوو، سەرەتا کە دەستگیرکرام نەمزانی هۆکارەکەی چیە دواتر زانیم کە لەسەر ڕەخنەگرتن لەدەسەڵات و ئازادی ڕادەربڕین و داواکردنی بایکۆتی کەلوپەلی تورکی، هەڵوێست وەرگرتن لەدژی ئەو داگیرکارەی کە رۆژانە خاکمان بۆردوومان دەکات و هاوڵاتیمان شەهید دەکات دەستگیرکرام، ئەوەی لە زیندانەکانی پەدەکە بۆ ئاشکرابوو کە مافی مرۆڤ هیچ بەهایەکی نیە لە دادگاکانیان و ڕێز لە هیچ یاسایەک ناگرن".

'لە زیندانەکانی پەدەکە ڕێز لە داعش دەگیرا و پێشەڵکاری بەرامبەر ئازادیخواز دەکرا'

ئەو ژنە چالاکوان و رۆژنامەنووسە باسی لە خراپی دۆخی مافی مرۆڤ کرد لە زیندانەکانی پەدەکە و ئاشکرای کرد: "زۆرجار باسی خراپی زیندانییەکانی باکوری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڵام من دەلێم خراپترین زیندان زیندانەکانی پەدەکەیە کە مرۆڤ هیچ بەهایەکی نیە تیدا و بە هەموو شێوەیەک مافەکانی مرۆڤ پێشەڵدەکرێت، لە زیندانەکانی پەدەکەدا چەتەکانی داعش کە دەستیان لە شەهید کردنی پێشمەرگەدا هەبووە ڕیزیان لێدەگیرا بەڵام پێشەڵکاری مافی ئێمەی ئازادیخوازن دەکرا، لە زیندانەکانی پەدەکە چەتەکانی داعش بە چەندین سەعات تەلەفۆنیان بەکاردەهێنا بەڵام من تا شەش مانگ ڕێگەم پێنەدرا تەلەفۆن بکەم و ماوەی یەک ساڵ و پێنج مانگ نەبردرامە دادگا".

'دەبێت دەسەڵاتی پەدەکە دادگایی بکرێت'

بێریڤان باسی لە فاشستی پەدەکەی کرد و ووتی: "دەولەتی تورکیا کە دوژمنی ناوی کورد و نەتەوەی کوردە بەڵام پەدەکە لە تورک فاشیستر و خراپترە بەرامبەر کوردانی ئازادیخواز، من لەسەر کوردبوون زیندانی کراووم بەداخەوە دەبوو لە زیندانەکانی تورکیا بموتایە لەسەر کوردبوون دەستگیرکراون نەک لەناو کوردا لەسەر نەتەوەکەم دەستگیر بکرێم، بەبیانوی تێکدانی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکرابوون بەڵام دەبوو دەسەڵاتی پەدەکە لەسەر تێکدانی ئاسایشی هەرێم دادگایی بکرێت کە بەساڵانە دوژمنێکی کورد دێنێتە خاکی باشوری کوردستان بەهۆی ڕیفراندۆمەوە ٥١٪ی خاکی باشوری کوردستانی لەدەستدا، لە ئیستاشدا ناوچەکانی پەدەکە پڕ بووە لە سوپای تورک و رۆژانە بۆردوومان گوندەکان دەکەن و هاوڵاتیان شەهید دەکەن".

ەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیمان بەرامبەر دەکرا'

ئەو ژنە چالاکوان بەم شێوەیە باسی لە ئەشکەنجەکانی زیندانی پەدەکەی کرد: "لە زیندانەکانی پەدەکە پێشێلکاریی بەرامبەرمان دەکرا لە ڕێگەی سوکایەتی پێکردن بە کەسایەتی و ڕووخاندنی وورەمان، هەروەها ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیمان بەرامبەر دەکرا، کاتێک کە دەستگیرکرام ١٥ رۆژ لە زیندانی تاکەکەسی دابووم کە ئەوەندە بچووک بووم تیدا نەمدەتوانی هەناسە بدەم بەبێ ئەوەی پێم ڕابگەینن کە لەسەر چی دەستگیرکراوم، پاشان گواسترامەوە بۆ هۆڵی تیرۆرستان و لەگەڵ داعش و بکوژان زیندانی کرام وەکو بەشێک لە شەڕی دەروونی کە بزانم هیچ کات دەرناچم لە زیندان، و لە ترسا دانپێدان بکەم".

'بەهۆی ئاسەواری ئەشکەنجەدان منیان لە شاندی مافی مرۆڤ شاردەوە'

هەروەها بێریڤان بەرگارەیی، ڕاستی چەواشاکارییەکانی پەدەکەی لە بەرامبەر شاندەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرا کرد و ووتی: "لە زیندان بۆ ماوەی ١٥ رۆژ مافم لە خواردن گرت تا کەیسەکەم بگاتە دادگا ئەوان ترسیان لە مانگرتنم هەبوو بە تایبەتی کە کەیسەکەم گەیشتە ڕاگەیاندن، جارێکیان مانگرتنم گەیشتە ٤٠ رۆژ ئەوانیش لێمیان دەدا و بە سەرما ئاوی ساردیان بە گیانمدا دەکرد و جۆرە ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییان بەرامبەر بەکارهێنا و لەناو هۆڵی زیندانییەکان سوکایەتیان پێم دەکرد، بەهۆی زۆر کەلپچەکردنم دەستەکانم ڕەنگی گۆڕابوون و ئاسەواری ئەشکەنجەدانی پێوەبوو کاتێک کە مافی مرۆڤ سەردانی زیندانەکانی کرد پەدەکە منیان شاردەوە لە شاندەکەی مافی مرۆف تا ئاسەواری ئەشکەنجەکانم نەبینن".

'سەڕەڕای ئازارەکانم شانازی بە کوردبوون و ژن بوونی خۆم دەکەم'

ناوبراو سەڕەڕای ئازار و ئەشکەنجەدانەکانی بە شانازییەوە باسی لە هەڵوێستەکەی کرد و ووتی: "زۆر ئازارم بینی لە زیندانەکانی پەدەکە بەڵام هیچ پەشیمان نیم کە باجم زۆر داوە بەهۆی هەڵویستم بەڵکو سەربەرزم و شانازی بە کوردبوون و  ژن بوونی خۆمەوە دەکەم، بەداخەوە دەسەڵاتی پەدەکە لەڕێگەی دادگاوە بۆ هەتا هەتا منداڵەکانیان لێم سەندەوە کە ئەوە ئازارێکی زۆر گەورەبوو بۆ من، بەڕاستی ستەمیکی زۆرمان لێکرا و هیچ کات قەرەبوو ناکرێتەوە، بەڵام گرنگ ئەوەی مرۆڤ هێزی هەبێت هەمیشە دەمووت هەزاران کورد لە زیندانەکانی تورکیا و ئێران لەسەر کوردبوون دەستگیرکراون وەکو من بنەماڵەیان هەیە و لەوان هێزم دەگرت و سەربەرز بووم کە ڕێگەی ڕاستم گرتووە لە ئاشکرا کردنی ڕاستی ئەم دەسەڵاتە و دژی داگیرکاری خاکەکەم بوومە، هەمیشە خۆم قەرزداری میلەتەکەم دەزانم".

'پەدەکە لە بەهێزی ئیرادەم زۆر دەترسا'

بێریڤان بەرگارەیی باس لەوەکرد کە پەدەکە چەند لە مرۆڤی خاوەن ئیرادە دەترسێت و بەم شیوەیە باسی کرد: "هەمیشە ئومیدم هەبوو و هێچ کات بێ ئومید نەبووم کە لەزیندان بووم دەسەڵاتیش زۆر لەوە دەترسا کە ژنێک خاوەنی ئیرادەیە، لای دەسەڵاتی پەدەکە جێگای سەرسورمان بوو کە ژنێک ئیردادەی ئەوەندە بەهێز بێت بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە بوەستێتەوە و مانگرتنی زیندان بکات بە چەکێک دژی دەسەڵاتی پەدەکە".

'لە زیندان روحی هەڤاڵێتیم ناسی'

بێریڤان بە گرنگیەوە باسی ناسینی روحی هەڤاڵێتی لە زیندان کرد و ووتی: "لە زیندان دوو کەسی خەڵکی کەمپی مەخمورم ناسی کە بەکەیسی سیاسی زیندانی کرابوون کە هێز و موڕاڵێکی زۆریان پێ بەخشیم بەتایبەتی لەکاتی مانگرتن و ئەشکەنجەدانم زۆر هاوکارم بوون ئاگاداری تەندروستیم بوون و بەهۆی ئەو دوو کەسە روحی هەڤاڵێتیم لە زیندان ناسی، جێگای دڵخۆشی بوو کە ئەوان پێش من لە زیندان دەرچوون، بەهۆی ناسینی هەستی هەڤاڵێتی خۆزگام خواست زیندانیکردنەکەم لە زیندانەکانی باکوری کوردستان بوایە تا زیندانی کردنم بۆم ببێتە پەروەردەیەک".

'بنەماڵەی بارزانی ڕێگە نادەن کورد بە مافە نەتەوەییەکانی بگات'

ئەو ژنە رۆژنامەنووسە تیشکی خستەسەر مێژووی خیانەتەکانی بنەماڵەی بارزانی لەپێناو ڕێگری کردن لە گەیشتنی گەلی کورد بە مافە نەتەوەییەکانیان، و ئاماژەی بەوەکرد: "بنەماڵەی بارزانی بەساڵانە خیانەت لە گەلی کورد دەکەن، تاوانەکانی بنەماڵەی بارزانی بەدرێژایی مێژوو و بەتایبەتی لە ساڵانی هەشتاکانەوە تائیستا بە سەدان کەسی ئازادیخواز، رۆشنبیریان تیرۆر کردووە، هەر کەسێک هەوڵی خزمەتکردنی بە نەتەوەی کورد دابێت و هەوڵی گۆڕانکاری داوە بەڵام بنەماڵەی بارزانی لەناوی بردووە، لەوانەش شەهید وەدات حوسێن کە بەدڕەندەترین شێوە شەهیدیان کرد، هەروەه سلێمان ئەحمەد کە رۆژنامەنووسێکە لەلایەن پەدەکەوە بێ سەروشوێن کراوە، ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە بنەماڵەی بارزانی ڕێگە نادەن کورد بە مافە نەتەوەییەکانی بگات لەهەر پارچەیەکی کوردستان".

'پەدەکە هەوڵی لەناوبردنی ناسنامە و کلتوری کورد دەدات'

دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەپی پلانێکی درێژ خایەن هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدات، دەبینین بەهۆی خواردن و کەلوپەلی تورکیاوە خەڵکی رۆژانە تووشی نەخۆشی شیرپەنجە دەبن، چونکە داگیرکەر لەڕێگەی هاوردەکردنی خۆراک وکەلوپەلی هۆکار بۆ دروستبوونی شێرپەنجە هەوڵی لەناوبردنمان دەدات، هەروەها ڕێگەی کەناڵەکانی دەسەڵات بەردەوام فیلم و زنجیرە دراما تورکییەکان پەخش دەکەن، دەسەڵاتی باشوری کوردستان پەروەردەی داگیرکەری تورکیایان گەیاندۆتە هەموو ماڵێک لەڕێگەی بەرنامە تەلەفزیۆنیەکانەوە، بەو ڕێگایە دیانەوێت ناسنامە و کلتوری کورد لەناوبەرن."

ەناڵەکانی پەدەکە لە خزمەتی ئەجێندای دەوڵەتی داگیرکەری تورکدان'

هەروەها باسی لە هەوڵەکانی پەدەکە کرد بۆ سڕینەوەی کلتور و مێژووی کورد و ڕایگەیاند: "پەدەکە لەڕێگەی ڕاگەیاندنەکانیانەوە خەڵکیان بێ ئومێد کردووە و گەنجانیان بێ ئیرادە کردووە، خۆشەویستی نشتیمان و خاکییان لەناو خەڵکیدا کاڵ کردۆتەوە بەشێوەی بە سیستەماتیک کاری کردووە کە نەتەوەی کورد و مێژووی کورد هەمووی بسرێتەوە، سەرجەم کەناڵەکانی دەسەڵاتی پەدەکە لە خزمەتی ئەجێندای دەوڵەتی داگیرکەری تورکە، هەوڵی تێکدانی کلتوری کوردایەتی دەدەن بۆیە بنەماڵەی بارزانی زیانێکی زۆری لە دۆزی کورد داوە، ئەگەر بنەماڵەی نەبوونایە ئیستا کورد لە تەواوی کوردستان گەیشتبووە مافەکانی، بنەماڵەی بارزانی دژایەتی کورد دەکەن لەپێناو پاراستنی بەرژەوندی خۆیان، کاتێک هەوڵی ئاشکراکردنی ڕاستیەکان دەدەین، دەسەڵات هەوڵی چەواشەکاریی دەدات".

'دەبێت یەک ڕێز و یەک دەنگ بین لەبەرامبەر ستەم'

ئەو ژنە چالاکوان و رۆژنامەنووسە، پەیامێکی ئاڕاستەی ئازادیخوازان کرد و ووتی: "ئێمەی میللەتی کورد هەمیشە پێویستمان بە یەکڕیزییە، بنەماڵەی بارازنی هەمیشە هەوڵدەدات پەرتەوازەیی لەنێوان ئازادیخوازن و چالاکوانن دروست بکات، ئەوەی زیان لە ئێمەی ئازادیخواز و چالاکوانن دەدات پەرتەوازەییە، گرنگە هەموو چالاکوانن واز لە بەرژەوندی تایبەت بهێنن و یەک ڕیز و یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بین بەرامبەر ئەو ستەم و نادادییەی کە رۆژانە دەکرێت".

'شانازی دەکەم لەسەر دژایەتی کردنی داگیرکەر دەستگیرکراوم'

لە کۆتایی قسەکانیدا بێریڤان بەرگارەیی باسی رۆژی دادگایی کردنەکەی کرد و ووتی: "دوای ساڵێک پێنج مانگ بۆ یەکەمجار بردرامە دادگا، لە کەیسی گیراوانی بادینان زیاتر ئاشکرا بوو کە لەم وولاتەدا دادگا و یاسا بوونی نیە بەڵکو دادگا بەدەست حزبەوەیە و حزب کاریگەری زۆر لەسەر چارەنووسی زیندانیاندا هەیە، تا رۆژی دادگا ڕێگەنەدرا پاریزەرەکانمان ببینین، لە دادگا بە دادوەرم ووتم کە خۆم بەتاوانبار نازانم و شانازی دەکەم کە لەسەر مافی میللەتەکەم و لەسەر هەڵوێستم دژی داگیرکەر دەستگیرکراوم، لە دادگایکردنی ئێمەدا نوێنەری ووڵاتان و ڕێکخراوەکان ئامادەبوون، لە دادگا ووتم نابێت لەم دەسەڵاتە بترسین".

هـ. ب